بَرِقَ الْبَصَر لەبەر بەرق تەلەئلوئی لەئالی
خَسَفَ الْقَمَر لە ئیشراق قیامەتی جەمالی
نییە دیدەیی چ مەردوم، نییە مەردومی چ دیدە
لە فرووغی خەددی فاریغ، لە خەیاڵی خاڵی خاڵی
سەری هەردوو کوڵمی داخۆ گوڵی نەوبەهارە، یا خۆ
تەرەفی نەهارە، زوڵفی زُلَفٌ مِنَ اللَّیالی؟!
یەمی دیدە پڕ لە مەرجان، وەک یەشمی ئابدارە
شەبەیە شەبیهی زوڵفی سیاهی وەک زوخاڵی
بە مەلاحەتی تەکەللوم هەموو زەمزەم و مەلیحی
بە فەساحەت و تەبەسسوم هەموو کەوسەر و زولالی
نەزەرم پڕە لە نووری شەو و ڕۆژی تەلعەتی تۆ
کە بە ڕوو شوعاعی شەمسی، بە برۆ خەمی هیلالی
ڕوخی تۆ گوڵێکە سەد وەک هوزاری عاشق، ئەمما
لە هەموو چەمەن دیارە بە ئوسوولی ناڵە نالی