رووخاندنی دیوەخانی سەرقەڵای عوزێری و ئەو راستییەی دەربارەی رووداوەکە ناوترێ!
رووخاندنی دیوەخانی سەرقەڵای عوزێری و ئەو راستییەی دەربارەی رووداوەکە ناوترێ!
ئا: پێگەی دووربین
ئەمڕۆ گەرمترین باس و بابەت؛ تایبەتکرابوو بەکوێخا دێرین و چۆنێتیی رووخاندنی دیوەخانی سەرقەڵای عوزێری، خەڵکانێکی زۆر دەستخۆشییان لەبا-فێڵ کرد، کە گوایە کارێکی زۆر گەورەو گرنگی ئەنجامداوە، جا ئەمە بەنەزانی بێت، یان بەهۆی چەواشەکاریی راگەیاندنەکانەوە بێت، گرنگ ئەوەیە ئەو خەڵکە زۆرە ئەو دیوەی رووداوەکە دەبینن، کە بەبەردەوامی جەختی لێدەکرێتەوەو ئاماژە بەڕەهەندەکانی تری ئەم رووداوە ناکرێ!
ئێمە لێرەدا نامانەوێت ئەو چیرۆکە دووبارەبکەینەوە، کە لەکەناڵەکانی راگەیاندندا وەکو حیکایەتی شەوانی زستانی دیوەخانەکانی جارانی کوردستان دەوترێتەوەو زۆرینەی خەڵکیش بڕوایان پێکردووە، بەو شێوەیەی کە سیناریۆکەی داڕێژراوەو بۆیان دەخوێنرێتەوە! بەڵام دەکرێ پرسیارێکی زۆر سادە بکەین: ئەگەر کوێخا دێرین سەر بەماڵی جەلال تاڵەبانی بووایە، تەنانەت ئەو سەرمایەدارەیشی بکوشتایە، نەک وەک ئێستا برینداربکرایە، ئایا بەو شێوە توندە کاردانەوە لەدژی دەگیرایەبەر؟ یان بەشێوەیەکی تر هەڵسوکەوت لەگەڵ رووداوەکەدا دەکرا؟ گومانی تێدا نییە، تاوانی زۆر لەمە گەورەتر لەو ناوچەیەدا روویداوەو زۆریش بەسادەیی هەڵسوکەوتی لەگەڵدا کراوە، چونکە تاوانبارەکان سەر بەماڵی تاڵەبانی بوون! کەواتە: راستیی ئەم رووداوە چییەو چۆنە؟ ئەو کەسەی ناویدەبرێ بەکوێخا دێرین عوزێری، ماوەیەک لەمەوپێش لەکەناڵێکی سێبەری یەکێتییەوە دیدارێکی لەگەڵدا سازدرابوو، ئەویش باسی درووستکردنی قەڵاکەی کرد، کە لەسەر رووبەری (٢٠٠) دۆنم بونیادنراوەو وتی: بەبودجەی خۆم درووستمکردووە! هەروەها جەختی لەوەیش کردەوە کە خۆی سەر بەباڵی کۆسرەتەو لەماڵی ئەوان دەوامدەکات! جا کێشەکە لێرەوە دەستپێدەکات: کەسێک کە فەرماندەیەکی یەکێتییەو بەپێی ئەو پلەیەی لەناو هێزەکانی حەفتادا هەیبووە، ناکرێ و ناشێت خاوەنی ئەو هەموو دەستەڵاتە بێت و سەرمایەیەکی ئەوەندە زۆری هەبێت، هەروەها ئاسایی نییە بەو راشکاوییە جەخت لەوە بکاتەوە، کە ئەو سەر بەباڵی کۆسرەتەو ئەوەندەیش خۆی بەگەورەو دەستەڵاتدار دەربخات، جا ئەگەر ئەو کەسە کەمێک هۆشیاریی هەبووایە، پێویستبوو لەو تێبگەیشتایە: ئەو وتانەی ئەو، بۆ بارودۆخی ئێستای یەکێتی ئاسایی نین و هەروا بەئاسانی بەسەریدا تێپەڕنابن، پاشان ئاشکرایە کۆسرەت لەژێر هەژموونی بنەماڵەی بارزانیدایەو بەشێوەی لەجیاتی دانان، ئەویش دەبێت بەهاوکاری بەرەی تورکیا نەک ئێران، جا ئەگەر بەوردی سەیری ئەو پرۆژەیە بکەین، ئەوا بۆمان دەردەکەوێت: ئەوە نە قەڵایە، نە دیوەخانەو نە پرۆژەیەکی گەشتیارییە، بەڵکو زۆر بەڕوونی دیارە ئەوەی ناوینراوە: دیوەخانی سەرقەڵای عوزێری؛ سەربازگەیەکی زۆر گەورەیەو زۆریش بەوردی دیزاینی بۆ کراوەو جێبەجێکراوە، ئەمەیش گەورەترە لەبیرکردنەوەی کەسێک، کە لەوتەکانیدا دەردەکەوێت ئەوەندە هۆشیاریی نییە، کە بیری لەپرۆژەیەکی وا گەورە کردبێتەوە، کەواتە: ئەو سەربازگە گەورەیە لەسنووری هەژموونی دەستەڵاتی ئێراندا قبوڵکراو نییەو وەک مەترسی سەیرکراوە، دەکرێ و زۆریش رێی تێدەچێت: بریندارکردنی سەرمایەدارەکەیش بەپیلانی ماڵی تاڵەبانی بووبێت، پاشان ئەو دوو کەسە نزیکەی کوێخا دێرینیان دەستگیرکردبێت، بۆئەوەی تاوانەکە بدەنە پاڵ ناوبراوو سەرەنجام پیلانەکەی خۆیان جێبەجێبکەن، کە دەستگرتنە بەسەر ئەو سەربازگەیەدا، چونکە لەناوچەی هەژموونی یەكێتی-ئێراندا بووەو لەژێر دەستەڵاتی ئەوانیشدا نەبووە، لەبەرئەوە زۆر بەمەترسییان زانیوەو سەرەنجام ئەوەیان ئەنجامدا، کە مەبەستیان بوو. داهاتوویش زیاتر راستیی ئەم رووداوە رووندەکاتەوە.
|