هەواڵ

بانگەوازێک بۆ سەرجەم پێکهێنەرانی کوردەواری

بانگەوازێک بۆ سەرجەم پێکهێنەرانی کوردەواری

ن: موحەمەد فاتیح

بسم الله الرحمن الرحيم، الحمد لله رب العالمين، اللهم صلي على محمد وعلى آل محمد.
لەفێرخوازان و هاوبیرانی شێخی زیندان؛ مامۆستا کرێکارەوە بۆ سەرجەم پێکهێنەرانی کوردەواری؛
السلام علیکم ورحمة الله وبرکاتە..
کوردستانییانی بەڕێز، مامۆستایانی: قوتابخانە، خوێندنگە، پەیمانگەو کۆلێژەکان، قوتابیان و خوێندکاران، تەندرووستکاران، یاساناسان، فەرمانبەران، کاسبکاران، وەک ئاشکرایە کە دۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵکی لەو پەڕی خراپیدایە، نادادی تەواوی کایەکانی کۆمەڵگەی گرتۆتەوە، گەندەڵیی ئیداری و ئابووری بووە بەتاکە پێناسەی دەسەڵات، ئازادیی ئایینی بۆ موسوڵمانان بەردەوام لەتەسکبوونەوەدایە، رۆژانە میلیشیاکانی دەسەڵات بەناوی سواوی تیرۆرەوە، خەریکی پاکتاوکردنی موسوڵمانانن و مینبەری مزگەوتەکان لەئەرکی سەرەکییان داماڵراون، یاسا بووە بەچەکی دەسەڵاتداران و بۆ ویستی تایبەتی و زیادکردنی باج و سەرانەی زیاتر لەهاووڵاتیان بەکاردەهێنرێ، حیزب یاری بەدادگاو دادوەرەکان دەکات و دەسەڵاتی تەواوی بەسەریاندا هەیە، لەڕووی ئەمنیشەوە؛ ئاشکرایە کە هێزە چەکدارەکان پڕکراون لەو کەسانەی ویژدان و کەسایەتییان بۆ موچەیەکی چەند سەد هەزار دیناریی چەند مانگ جارێک، فرۆشتووەو ئامادەی ئەنجامدانی هەموو کارێکی نەشیاون کە لەلایەن تاغوتەکانیانەوە فەرمانیان پێبکرێ، هەر لەجوێندان، لێدان لە ئافرەت و منداڵ و بەتەمەن و خاوەن مافەوە، هەتا فڕاندن و کوشتن و بێدەنگکردنی دەنگە ناڕازییەکان، ئابوورییە سەربەخۆکەیش دیارە حاڵی بەچی گەیشتووە، رسومات بەڕێژەی (٦٠٠٪) زیادیکردووە، موچە لەمانگانەوە کراوە بەوەرزانە، دۆخی بازاڕ لەخراپەوە بۆ خراپتر دەڕوات، ساڵانە دەستی کار زیاددەکات و هەلی کار کەمتردەبێت، دەسەڵات بەهەموو هێزییەوە سەرچاوەی داهات و بژێوی کەمدەکاتەوەو بەردەوامییشدەدات بەکۆکردنەوەی داهات لەسەر حسابی هاووڵاتیان، لایەنی کۆمەڵایەتیمان رووی لەلێژییە، هاوسەرگیری کەمترو کەمتردەبێت و جیابوونەوەی هاوسەرانیش بەردەوام روو لەزیادبوونە، تاوان و دەستدرێژی و فێڵکردن بووە بەهەواڵی رۆژانە، بواری پەروەردەو فێرکردن لەکارەساتدایە، (٧٠٠) هەزار قوتابی و خوێندکار لەخوێندن دابڕاون، نزیکەی نیوەی فەرمانبەرانی کەرتی پەروەردە لەبایکۆتدان و نیوەکەی تریشیان لەژێر ترس و هەڕەشەدا بەردەوامیی بەکارەکانیان دەدەن، حیزب بەڕێوەبەرو یاریدەرەکانیان لەقوتابخانەکان دادەنێت، سەرۆکی زانکۆو راگرو سەرۆک بەشەکانی زانکۆیش بەهەمان شێوەن، پارەی پارارێڵ لەخوێندکاران وەردەگیرێ و دەرماڵەیەکی چەند هەزاریشیان پێڕەوانابینن، هەزاران دەرچووی زانکۆو پەیمانگەکان لەچاوەڕوانیی هەلی کارو دامەزراندندان، کۆچی لاوان بەردەوامەو لەساڵی (٢٠٢٣ز.)دا (٢١) هەزار کەس ئەم هەرێمەیان جێهێشتووە بەئامانجی ژیانێکی شایستەتر، مەرج نییە هەموو ئەوانەیش بەسەلامەتی بگەنە شوێنی مەبەستیان، ئازادیی تاک لەدۆخێکی خراپدایەو سەدان و هەزاران کەسی بێتاوان لەزیندانەکاندان و دەیان و سەدان کێشەی تر بەربڵاون.
لەبەرئەوە ئێمە وەک بەشێک لەهاووڵاتییانی نیشتەجێبووی ئەم نیشتیمانە، پشتیوانیی تەواوی خۆمان و هاوبیرانمان بۆ بەرەی ناڕازی لەشەقام رادەگەیەنین و پێتاندەڵێین: بەڵێ؛ بۆ رووخاندنی دەسەڵاتی جووت بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی و حیزبەکانیان، بەڵێ؛ بۆ یاخیبوون لەدەسەڵاتی جووت حیزب و کۆمپانیا سیاسییەکانیان، بەڵێ؛ بۆ گوێنەگرتن و حسابنەکردن بۆ هەڕەشەی کۆیلەکانیان، بەڵێ؛ بۆ بایکۆتی سەربەرزی، با هەموومان لەژێر درووشمی: "نان و ئەمان بۆ هەمووان" هەوڵی رێکخستنی خۆپیشاندانی ملیۆنی و بایکۆتی سەرتاسەریی دامودەزگا حکومییەکان بدەین، بەمەبەستی کۆتاییهێنان بەدەسەڵاتی خۆفرۆش و دینفرۆشان.
197 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2024-01-30
زۆرترین خوێندراو
Dorbeen
        

Copyright. All Rights Reserved.

Dorbeen

ئێمە

ئێمه‌ی موسوڵمان كه‌ ئێستا ره‌وتێكی نوێی ئیسلامیی كوردستانیین؛ باوه‌ڕمان وایه‌ كه‌ ئیسلام دینی ئوممه‌تێكه‌، به‌بزاڤێكی شیاو جاهیلییه‌ت ده‌گۆڕێت، تا خواپه‌رستی و دادپه‌روه‌ردی له‌دارولئیسلامێكدا بچه‌سپێت.