بیروڕا

سێ ئافاتی گەورە لە شێوازی ئایینداری خەڵکیدا دروست بووە، کە گوتاری ئیسلامییەکانیش پێوەی دەناڵێنێت

لەپاش هەڵکشانی خێرای سەرمایەداریی، سێ ئافاتی گەورە لە شێوازی ئایینداری خەڵکیدا دروست بووە کە گوتاری ئیسلامییەکانیش پێوەی دەناڵێنێێت؛
١-پیرۆز ڕاگرتنی بواری گشتی و جەختکردنەوە لەسەر ئەم لایەنە بە بەڵگە هێنانەوە بە ئایەتەکانی ئاوەدانکردنەوەی زەوی بۆ ناردنی ژنان و پیاوان بۆ کارکردن لەناو سیستەمی سەرمایەداریی و بچوک بوونەوەی ئامانجیان بۆ ئەو پیشە و کارەی کە دەیکەن لەنێو ئەو سیستەمەدا.
ئەم جۆرە ئاییندارییە پاتریک هاینی لە کتیبی ئیسلامی بازاڕییدا بەدوور و درێژی باسیکردووە کە چۆن مانا ئاینییەکانی شێوێندراون و گەنجان و لاوان وا تەڵقینکراون کە بواری گشتی چەق و سەنتەری ئیسلامە و لاهوتی تاکی موسڵمان بریتییە لە سەرکەوتنی ماددیی، کە بەهۆی زاڵبوونی ئەم جۆرە گوتارەوە زۆرێک لەوانەی لەنێو بوارە گشتییەکە ئیش دەکەن بیر و باوەڕێکیان لا دروست بووە کە خزمەتکردنی بواری گشتی و مرۆڤایەتی بەمانا گشتگیرەکەی بریتییە لە ڕۆحی ئایین؛ هەر بۆیە وەختێ پزیشكێکی مولحید یان نەسڕانی یان جولەکە دەمرێت زۆرینەی ئەم چینە پێیان ئاساییە نزای لیخۆشبوونی بۆ بکەن!

٢-بڵاوبوونەوە و تەشەنەسەندنی جۆرە گوتارێک کە زیاتر کار لەسەر مرۆڤ سەنتەریی دەکات و مانای چەمکی ڕێزلێنانی پەروەردگار لە بەنی ئادەم دەکەنە پاساو بۆ جەختکردنەوە لەم شێوە ئاییندارییە شێواوە، لەم جۆرە گوتارەدا بەدیهاتنی خواستی دونیایی و ئامانجی تاکەکەسی لەڕێی پابەند بوون بە دیندارییەوە تەواو چڕدەکرێتەوە، هاتنی بانگخوازانی گەشەپێدانی مرۆیی شێوە خۆراواییەکە و ڕاوێژکارە دەروونییە پڕۆخۆراواییەکان کە جەخت لە بابەتی تاکگەرایی دەکەنەوە و چەمکەکانی سەرکەوتن و بەختەوەری لە ڕەهەندە غەیبییەکەی دادەماڵن و مرۆڤ بەتەواوی بە دونیاوە دەبەستنەوە، کە ئەم جۆرە گوتارە بەنەزانیی تێکەڵ بە وەعزی ئایینی کرا و خەڵکێکی زۆر لە ئامانجە باڵاکانی ئایین و وەحی دوورکەوتنەوە.

٣-هەوڵ و کۆششی زۆرێک لە ڕۆشنبیرانی ئیسلامی بە گونجاندنی ئیسلام لەگەڵ بەها هاوچەرخەکان و جەختکردنەوە لەوەی کە ئیسلام هیچ پێکدژییەکی لەگەڵ دونیابینی هاوچەرخدا نییە، لەکاتێکدا شێوە ئیسلامییە ئوسوڵییە تەقلیدییەکە بونیادێکی ئاسمانی نەگۆڕی هەیە کە بە گۆڕینی مرۆڤ گۆڕانکاری بەسەر نایەت وەلێ دونیابینییە هاوچەرخەکە بە گۆڕینی بیر و باوەڕی مرۆڤ کە بەپێی گەشەسەندنی کۆمەڵگەکان و هەوڵدان بۆ دروستکردنی فیردەوسی زەمینی گۆڕانکاری بەسەردا دێت، بۆیە کۆکردنەوەی ئەم دوو شێوازە تەنیا درۆیەکی گەورەیە و بەچاوی خۆشمان بینیمان.

لە ئەنجامی ئەم سێ ئافاتەوە شێوە ئاییندارییەک لە ئەقڵ و ئاوەزی خەڵکدا دروست بوو کە ئەو ئاییندارییەیە عەلمانییەت کار لەسەر دروستکردنی دەکات، ئەویش لادانی هەموو بەربەستێکی عەقیدەییە لەنیوان موسڵمانان و ئەوانی دیکەدا و دروستکردنی پردێکی هاوبەشە کە تێیدا ئایین دەبێتە شتێکی فۆلکلۆری و هیچ مانایەکی تایبەت هەڵناگرێت کە کۆمەڵگە و خەلک ئاڕاستەکات بۆ ئامانجێکی جیاواز لە ئامانجە دونیاییە هاوبەشەکە و تەنیا کۆمەڵیک پەرستشی تاکەکەسی لێ دەمێنێتەوە کە ئاسودەییەکی رۆحی بە مرۆڤی نێو سیستەمە سەرمایەدارییە ماددیکەراییەکە دەدا تا وەرەس نەبێت لە کارکردن.


یەحیا ئیسماعیل
167 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2024-01-13
Dorbeen
        

Copyright. All Rights Reserved.

Dorbeen

ئێمە

ئێمه‌ی موسوڵمان كه‌ ئێستا ره‌وتێكی نوێی ئیسلامیی كوردستانیین؛ باوه‌ڕمان وایه‌ كه‌ ئیسلام دینی ئوممه‌تێكه‌، به‌بزاڤێكی شیاو جاهیلییه‌ت ده‌گۆڕێت، تا خواپه‌رستی و دادپه‌روه‌ردی له‌دارولئیسلامێكدا بچه‌سپێت.