مامۆستا سەرباز موحەمەد؛ خزمەتکاری سوننەت، یان گیرۆدەبووی داوی عەلەمانییەت؟! بەشی دووەم
ن: رامان ئەحمەد
بەشی دووەم
لەبەشی یەکەمدا؛ وەک پێشەکیییەک بۆ زیاتر تێگەیشتنی ناوەرۆکی بابەتەکە، دوو خاڵی گرنگمان زۆر بەوردی روونکردەوە، کە برتیبوون لە: فیقهی ڕاجیایی لەنێوان موسوڵمانانداو بەرنامەی دوژمنکارییانەی کافران و هاوەڵگەران دژ بەموسوڵمانان.
لەم بەشەدا ناوەرۆکی بابەتەکە، بەم شێوەیەی خوارەوە رووندەکەینەوە:
ئێمە وەکو هاوبیرانی مامۆستا کرێکار بەپێویستی دەزانین کە ڕاشکاوانە، ڕاستگۆیانە، بەبێ منجەمنج و ڕاستی شاردنەوەیەک، بەموسوڵمانانی بەڕێزی کوردستانی ڕابگەیەنین: ئەوەی لەئێستادا مامۆستا سەرباز موحەمەد بەناوی پاراستنی: سوننەت، شەریعەت، بەرگریکردن لەڕێبازی ئەشعەرییەت، ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی ... تاد. ئەنجامیدەدات، بەرلەوەی ڕێبازێکی زانستی و مەنهەجی بێت، وا دەردەکەوێت کە ڕێبازێکە بۆ بەدەستهێنانی کۆمەڵە ئامانج و مەبەستێکی تری جگە لەمانە! مامۆستا سەرباز لەئەندامێتیی شورای کۆمەڵێکی جیهادییەوە، کە بەیعەتی مامۆستا کرێکاری لەگەردندابووەو ئێستایش هەر لەگەردنیدایە، کاتێک مامۆستا کرێکار لەزیندان رزگاریبوو، تا ئەو ئاستە پشتیهەڵکردو لەبواری بۆچوونە ئیعتیقادییەکانیدا ئاستی خۆی نزمکردەوە، کە سەرەکیترین پێشنیازی ئەو بۆ مامۆستا کرێکار ئەوەبوو کە دەیوت: "جەنابت سەد کتێب بەگەنجان بناسێنە!". ئیتر ئێمە هەر لەو کاتەوە هەستمان بەتێکچوون و گۆڕانکاری لەدیدو بۆچوون و باوەڕی مامۆستا سەربازدا دەکرد، کە خۆی سەردەمێک دژ بەعەلەمانییەکان دەوەستایەوەو جیهادی دژیان دەکرد، کەچی دواتر بەهۆکاری لەماڵەوە دانیشتنی و دوورکەوتنەوەی لەڕێبازەکەی پێشینی خۆی، بەداخەوە ئەمە وایلێکرد، دیدو بۆچوون و عەقیدەکەیشی ئاوا بگۆڕێت کە هەمووان دەیبینین!
وەکو وتمان: ئێمە هەر ئەو کاتە هەستمان بەوە کردو ئێستایش بەپێی بەرنامەکان، وتارەکان، ئەو ڕێبازەی وا گرتویەتییە بەر، زیاتر وا خۆی نیشاندەدات: لەجیاتیی ئەوەی وەک کەسایەتی، یان کۆمەڵ و بەرەیەکی ئیسلامیی سەربەخۆ کاربکات، کەچی وەک خزمەتکاری حیزبێکی عەلەمانی کاردەکات و بەرنامەکانیان دەباتە پێشەوە! هەروەکو چۆن پێشتر پێشنیازی ئەوەی بۆ مامۆستا کرێکار کردبوو، کە لەگەڵ حیزبێکی عەلەمانیدا هاوکاریبکات و پشتگیریی ئەو حیزبە بکات، بەبەهانەی دژایەتیکردنی لایەنێکی موبتەدیع!
دیارە کە بەو ئامانجە نەگەیشت و ئەو بەرنامەیەی بۆ نەچووە سەر، ئەمجارەیان هات لەکۆمەڵگەی کوردستان، بەتایبەتی لەباشووردا، کە ئەو بارودۆخە ئایینییە چاکەی تێدا دروستبووەو بەفەزڵی خوای بێهاوتا، خەڵکی زیاتر بەرەو ئیسلام گەڕاونەتەوەو حیزبە لادەرەکان شکستیانهێناوە، لەجیاتیی ئەوەی کەڵک و قازانجی چاک، لەم دۆخە لەبارە وەربگرێت و لانی کەم بەکاریبهێنێتەوە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی عەلەمانییەت، هەنگاوێک بەرەو دواوە بگەڕێنێتەوە، ئەویش وەک مامۆستاو زانا سەرڕاستە خێرخوازەکان، لەجەنگی دژ بەعەلەمانییەتدا بەشداربێت، کەچی بەپێچەوانەوە هات و ئاگری راجیایی و کێشەی نێوان ئەشعەرییەت و سەلەفییەتی داگیرساندو بەتەواوی پەرەیپێدا، وەک بڵێی لەئێستادا کێشەی سەرەکیی موسوڵمانانی کورد، تەنها ئەم بابەتەبێت و بەس!
پاشان گلەییەکی تر لەمامۆستا سەرباز دەکرێ، چونکە پێشترو دواتریش کەسانێک -بەتایبەتی لەڕۆژهەڵاتی کوردستاندا- بەشوێنیدا ڕۆیشتوون و دەڕۆن، بەئاشکرایش سوود لەوتەکانی ئەو وەردەگرن و بۆ ئامانجەکانی خۆیان بەکاریدەهێنن، ئێمەیش پێمانوایە: ئەمە خۆی بەر لەهەموو شتێک، ستەمێکی ناڕەوایەو لەمەزهەبی ئەشعەرییەت دەکرێ، چونکە ئەشعەرییەتیان وەک ئامرازێک بۆ ڕووبەڕووبوونەی لایەنە ئیسلامییەکان بەکارهێناوە! لەڕاستیدا ئەوان دەیانەوێت ئەو هێزو وزە دینییەی، کە لەباشوورو ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەیە، لەم بابەتە لاوەکییەدا سەرفبکرێ، ئەمەیش وەک ئەوە وایە: ئێستا ئێمە هیچ کێشەیەکمان نەمابێت و دەسەڵاتدارێتیمان بۆ ئیسلام گەڕاندبێتەوەو حوکم و یاساکان هەموویان بەپێی شەریعەت بن، خەلیفەی ئیسلامی لەسەر کاربێت، هەموو شارێک قازیی ئیسلامی و حاکمی شەرعیی خۆیی هەبێت، هەموو وڵاتانی موسوڵماننشین، بووبێتنەوە بەیەک وڵات و سنوورە مەلعوونەکەی نێوانیان شکێنرابێت، جگە لەم کێشەیەی کە دەبێت چارەسەربکرێ!
یەکێکی تر لەکێشە مەنهەجییەکانی تری مامۆستا سەرباز، ئەوەیە: لەم چەند ساڵەی دواییدا، هیچ کاتێک بەئاشکراو ڕاشکاوی عەقیدەو بۆچوونی خۆی باسنەکردووە، بەڵکو ئەوەی لای خوێنەرو بینەرو سەرنجدەری بەرهەمەکانی دیارە ئەوەیە: لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و ساتدا، پاشەکشەی لەبۆچوونەکانی پێشینی خۆی کردووەو بەرەو دواوە گەڕاوەتەوە. ڕۆژێک وا هەستدەکرا کە ئەم پیاوە دەیەوێت ڕووبەڕووی دیاردەی تەکفیرو توندڕەوی بووەستێتەوە، پاشان ماوەیەکی تر وا هەستدەکرا کە دەیەوێت ڕووبەڕووی بەرەیەکی توندڕەوی بەناو تەجسیمی! ببێتەوە. بەڵام وردەوردە هەڵگرتنی هەنگاوەکانی بەرەو دواوە توندترکردو خۆی لەزۆبەی بۆچوونەکانی پێشتری خۆی کشاندەوە، تا وایلێهاتووە ئێستا بەڕاشکاوی دەڵێت: "ئێمە لەبنچینەدا شتێکمان بەناوی سەلەفییەتەوە پێقبوڵ نییە!". یان دەڵێت: "بیری سەلەفییەت و (داعش) بەبێ هیچ جیاوازییەک وەکیەک وان و یەک بیروباوەڕو بۆچوونن". یان دەڵێت: "تەنها ئەشعەرییەکان ئەهلی سوننەتن!".
جا هەر لەمیانەی پاشەکشەکردنیدا، کە خۆی تووشی ئاستێکی قوڵی لاڕێبوون و سەرلێشێواوی بووەو کەوتۆتە گێژاوی پێچەوانەبوونەوەی عەقیدەییەوە، تەنانەت بووە بەکەواسووری بەر لەشکری کەسانێکی لاڕێی خۆ بەمامۆستاو چاکساز ناسێنەری موبتەدیع لەڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، ئەوانیش توانیویانە کەڵکی خراپ لەبابەتەکانی ئەم وەرگرن، ئەمەیش لەوڵاتێکدایە کە دەسەڵات و حاکمییەت بەدەستی شیعەوەیەو ئەوەندەی تر ئەهلی سوننەی پێ دابڕاوو لاوازدەکەن! تا وایلێهاتووە لەجیاتیی ئەوەی ڕووبەڕووی ئەوان بووەستنەوە، کەچی لەدژی ئەهلی سوننە وەستاونەتەوەو بەتەواوی دژایەتییاندەکەن! زۆر ئاشکرایە: بیروبۆچوون، وانەو بڕگەی ڤیدیۆیی بۆ ئامانجە نالەبارەکەی خۆیان بەکاردەهێنن، بەڵام بەداخەوە مامۆستا سەرباز هیچ هەڵوێستێکی بەرانبەر ئەو ڕووداوانە نەبووەو نییە، وەک ئەوە وایە؛ ئەمە کێشەی ئەو نەبێت و هەست بەهیچ مەترسییەکی ئەو بابەتە نەکات! خۆ ئێستایش بەداخەوە لەباشووری کوردستاندا، هەمان ئەم کێشەیە ڕوویداوەو دووبارەبۆتەوە، بەشێوازێک کە ئەشعەرییەتی دەستی ئەوان، بووە بەئامرازێک کە دژ بەبزاوت و کەسایەتییە ئیسلامییەکان و بۆ مەبەستی پێداکێشرانی ئەوان بەکاردەهێنرێ، کە لەناخ و مەنهەج و ڕێبازی زۆرینەی ئەم کۆمەڵ و کەسایەتییانەدا، حاکمێتیی شەرع و گەڕاندنەوەی دەستوور بۆ شەرعی خوای باڵادەست، گرنگترین ئامانجە.
لێرەدا جێی خۆیەتی کە ئێمە پرسیارێکی تێکەڵ بەسەرسوڕمانەوە ئاراستەی ئەو مامۆستا بەڕێزانە بکەین، کە لەهەردوو بەشی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستاندا نیشتەجێن و لەسەر ڕێبازی ئەشعەرییەتن، ئایا بۆچی ئاوا لەسەر ئەم بابەتە بێدەنگبوون، کە ئەشعەرییەت لەلایەن ئەم کەسانەوە کراوەتە داردەستێک بۆ پێداکێشانی موسوڵمانان، دروستکردن و قوڵکردنەوەی ناکۆکی لەنێوانیاندا؟! بۆچی کاردانەوەیان نییە؟! ئایا ئەمە ستەمێک نییە کە ئەوان لەڕێبازی ئەشعەرییەتی دەکەن؟ ئایا بیری ئەشعەرییەت بەلایەنگرانی دەڵێت: لەئاستی کوفرو ژێرپێنانی حوکم و شەریعەتی خوادا بێدەنگبن؟! بەڵام لەدژی برا موسوڵمانەکانتان بووەستنەوە، کاتێک راجیایی و ناکۆکییەکتان لەتەکیاندا هەیە؟! ئەی باشە ئەگەر وانییە، بۆچی ئاوا لەئاستی ئەم جۆرە کەسانەدا ڕێگەی بێدەنگیتان گرتۆتەبەر؟!
خاڵێکی تر ئەوەیە ئێمە پێمانوایە: مامۆستا سەرباز پێشئەوەی بکەوێتە داوی شوبوهاتەوە، تووشی شەهەوات بووە، کە ئەویش بەکارهێنانی بیروباوەڕی ئەشعەرییەتە بۆ ئامانجێکی دنیایی! جێی ئاماژەیە کە زۆرێک لەزانایانی ئیسلام و خودی مامۆستا کرێکاریش؛ وەک کەسایەتییەکی خاوەن بۆچوون لەبواری عەقیدەدا، لەتاوتوێکردنی بیروباوەڕی ئەشعەرییەتدا، جەختی لەوە کردۆتەوە: "ئەشعەرییەکان بەپێی بۆچوونیان دەربارەی کوفرو ئیمان، بواری موسوڵمانبوونەکەیان زۆر بەرفراوانکردووە، بەشێوازێک کە کوفر زۆر بەسەختی لای ئەوان ڕوودەدات و ئیمکانی تەکفیرکردنیش لای ئەوان ئەستەمترە". جا ئێمە بەبێ هیچ موداهەنەو ڕاستی شاردنەوەیەک، پێمانوایە: بەکارهێنانی بیروبۆچوونی ئەشعەرییەت لەلایەن مامۆستا سەربازو ئەوانەی تریشەوە -کە گوێیلێدەگرن و لەم بابەتانەدا شوێنیکەوتوون- ئامانجە سەرەکییەکەی ئەوەیە کە بتوانن بەهۆی ئەم بیروبۆچوونەوە حیزب، لایەن، کەسایەتییە عەلەمانییەکان و ئەوانەی تریش کە ڕۆڵی مونافیقانی ئوممەت لەم سەردەمەدا دەگێڕن، لەبازنەی بەرفراوانکراوی ئیسلامدا جێبکەنەوەو وەکو موسوڵمان بیانناسێنن!
ئێمە سەرەڕای ئەوەی کە ڕایدەگەیەنین وەکو بواری عەقیدەو بیروبۆچوون لەتەک مامۆستا سەربازدا نین و بۆچوونمان پێچەوانەی ئەوەیە، کە ئەو ڕایدەگەیەنێت، ئەوەیش دەڵێین: هەرگیز لەدەرخستن و هێنانە پێشەوەی ئەم بابەتانەدا هیچ ترسوبیمێکمان نییە، چونکە بێگومان لەهەموو سەردەمێکدا خوای بێهاوتا کۆمەڵێک بەندەی زانای سەرڕاستیی خۆیی هەیە، کە دینەکەی بپارێزن و سوننەتی پێغەمبەرەکەی (صلّی اللّە علیە وسلّم) فێری خەڵکی بکەن، بەڵام قسەی ئێمە ئەوەیە: بەگرتە ڤیدیۆییەکی دوو سێ خولەکی و بەنوسینێکی چوار پێنج دێڕی، ئەم باسانە هەرگیز ناگەنە هیچ ئەنجامێک و تەنها کێشەو ئیختیلاف قوڵتردەکەنەوە. وایلێهاتووە کە لەلای ئێمەو زۆر کەسی تریش ئەوە سەلمێنراوە: مامۆستا سەرباز دەیەوێت گێرەشێوێنی و ئاژاوەگێڕی بەرپابکات و تەنووری باس و بابەتەکەی زیاتر سوورتربکاتەوە! هەروەها لەدەیان بابەتیداو لەگرتەی ڤیدیۆیی چوار خولەکیدا وتویەتی: "ئێمە باسێک لەسەر فڵان بابەت پێشکەشدەکەین". کەچی هیچ کاتێکیش ئەو بابەتەی دانەناوەو تەنها گڕی کێشەو راجیاییەکەی زۆرتر پێهەڵگیرساندووە، بەم گرتە ڤیدیۆییە کورتانەی کۆمەڵگەی موسوڵمانی ورووژاندووەو شێواندووە، بەبێئەوەی بەشێوازێکی زانستی و مەنهەجی و بەوانەیەکی ڕێکوپێک بابەتەکان ڕوونبکاتەوە!
بەڵگەنەویستە؛ ئێمە وتووێژو ڕووبەڕبوونەوەی زانستی لەهەموو بوارێکدا بەکەڵک دەزانین, جا راجیاییە فیقهییەکان بێت، یان باسی ئەشعەرییەت، تەسەوف و سەلەفییەت ...تاد. بێت، بەڵام بەهەموو موسوڵمانانی کوردستان بەگشتی و بەو جەماوەرەیش کە گوێ لەمامۆستا کرێکار دەگرن و بیروبۆچوونی ئەویان پێقبوڵە، بەتایبەتی دەڵێین: سەرە ڕمی هێرشی ئێمە ڕووی لەعەلەمانییەتەو ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوەی سەرەکیی ئێمە لەدژی ئەوانە، بەڵێ هیچ کێشە نییە ئێمە ڕووبەڕووی لایەنە موبتەدیع، تێنەگەیشتوو جاهیلەکانیش ببینەوەو قسەوباس و مونازەرەیان لەتەکدا بکەین، بەڵکو ئەمەیش ئەرکی سەرشانمانە، بەڵام پاراستنی برایەتییە دینییەکە لەچوارچێوەی ئیسلامەکەدا، شتێکی پێویستترە؛ زۆر گرنگە کۆبوونەوەی بازنەی مزگەوت بپارێزین، ئەمەیش هەمان ئەو بنەمایەیە کە مامۆستا کرێکار زۆر جار باسیکردووەو جەختی لێدەکاتەوە کە: ئێمە تا ئەو ڕادەیە بەکۆمەڵێکی ئیسلامییەوە مەشغوڵدەبین، کە لەکۆڵی خۆمانی بکەینەوە، بەڕێژەیەک کە ئەگەر یارمەتیی عەلەمانییەتی دابێت، یان لەبابەتێکی وادا کە خۆی گلاندبێت، ببینە بەربەست بەرانبەری، بەڵام کە بەرەی خۆمان بگۆڕین و لەبیروبۆچوونەکانمان پاشەکشەبکەین، ئەمە بابەتێکە (الحمد للّە) هەرگیز مامۆستا کرێکاری تێنەکەوتووە! مامۆستا لەتەک مەدخەلییەکان، سۆفییەکان، یەکگرتووەکان و ئەندامانی کۆمەڵ و ئەوانی تریشدا، تا ئەو ئەندازە دژیان وەستاوە، کە پێویستبووە، بەڵام هیچ کاتێک لەماوەی چل ساڵی رابردووی چالاکیی ئیسلامیی خۆیدا، بەرەی جەنگەکەی نەگۆڕیوە.
لەکۆتاییشدا دەڵێین: بەداخەوە سەرەکیترین کێشەی ئەمڕۆی ناو موسوڵمانانی کوردستان و بەتایبەت ئەو دوو لایەنەیش کە کەوتوونەتە ئەم کێشەو راجیاییە قوڵەوەو بەبەردەوامی لەبارەیەوە قسەدەکەن، جا چ بەمەست بێت، یان بەتێکەوتن، لەڕاستیدا هەردوو لایەنەکە لەمەیدانی عەلەمانییەتدا ململانێیانەو کێشەکەیان بەقازانجی لایەنی عەلەمانییەت کۆتاییدێت! بەداخێکی گرانەوە لەجیاتیی ئەوەی کە سەرەتا هاودەنگبن و هەوڵبدەن بۆئەوەی دەسەڵاتی ئەم عەلەمانییەتە نەمێنێت و بەتەواوی هەوڵی لادان و ڕادانی شوێنەوارە خراپەکانی بدەن، هەروەها بۆ هێنانەوەی دەسەڵاتێکی شەرعی تێبکۆشن، کەچی هەموو ئەمانەیان وەلکردووەو لەجیاتیی ئەمانە، کەوتوونەتە ناو جەنگێکی براکوژییەوەو موناقەشەی بێسنوورو حەسریی یەکتری دەکەن، کە لەکۆتاییدا تەنها لەقازانجی عەلەمانییەتە، خۆ ئەگەر وادابنێین ڕۆژێک بیروباوەڕی سەلەفییەتیش نەمێنێت و عەلەمانییەت بتوانێت لەکوردستاندا ڕیشەکێشیبکات -کە نایشتوانێت- پاشان جارێکی ترو بەهێزێکی زۆرترەوە، دەکەوێتە گیانی ئەشعەرییەتیش بۆئەوەی هیچ شوێنەوارێکی ئیسلام لەکوردستاندا نەهێڵێت؛ {وَمَكَرُواْ وَمَكَرَ اللّە وَاللّە خَيْرُ الْمَاكِرِينَ} -آل عمران: 54-.
بۆ خوێندنەوەی بەشی یەكەم كرتە لێرە بكە
|