مامۆستا سەرباز موحەمەد؛ خزمەتکاری سوننەت، یان گیرۆدەبووی داوی عەلەمانییەت؟!
ن: رامان ئەحمەد
بەشی یەکەم
بِسمِ اللّە الرّحمنِ الرَّحیمِ
الحَمدُ لِلَّە ربِّ العالَمینَ والصَّلاةُ والسّلامُ علَی رَسولِە الأمینِ محمّدٍ وَعَلی آلِە وأصحَابِە أَجمعینَ،
رَبَّنَا افْتَحْ بَيْنَنَا وَبَيْنَ قَوْمِنَا بِالْحَقِّ وَأَنتَ خَيْرُ الْفَاتِحِينَ.
یەکێک لەو بابەتانەی کە لەم ساڵانەی دواییدا لەئەنجامی کۆمەڵە هۆکارێک وردەوردە لەناو موسوڵمانانی کوردستاندا دەرکەوتووە، بەتایبەتی لەم چەند مانگەی دواییدا بووە بەبابەتێکی سەرەکی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، بابەتی ڕاجیایی و کێشەی نێوان دوو بەرەی سەلەفییەت و ئەشعەرییەتە. ڕاجیایی و پێداکێشرانی ئەم دوو بەرەیە تا ئەو جێگەیە قوڵبۆتەوە کە بەداخەوە لایەنە عەلەمانی و ئیلحادییەکانیش هەلی ئەوەیان بۆ ڕەخساوە کە خۆیان لەکێشەکە هەڵبقورتێنن و بۆچوونی خۆیانی تێدا دەرببڕن و بابەت لەم بارەیەوە بڵاوبکەنەوە! کە لەبنچینەدا ئەمە ڕاجیاییەکی نێوان موسوڵمانانەو هیچ پەیوەندییەکی بەوانەوە نییە! ئەڵبەت ئاشکرایە کە ئەم کێشەیە ڕەگوڕیشەیەکی مێژوویی هەیەو سەدان ساڵە زانایانی خاوەنی ئەم دوو بۆچوونە، لەڕێی کتێب و نامیلکەوە، یان بەموقابەلەو مونازەرە، ڕووبەڕووی یەکتری وەستاونەتەوەو بۆچوونی خۆیان دەربڕیوە.
ئێمەیش وەک هاوبیرانی جەنابی مامۆستا مامۆستا كرێكار (خوای بێهاوتا لەزیندانی تاغوتان رزگاریبکات) بەپێویستی دەزانین کە لەم کاتە هەستیارەدا، واقیعناسانەو وەک شیکارییەکی سیاسی بڕوانینە بابەتەکەو هەوڵبدەین بابەتەکە لەچەند ڕوویەکی دیارو نادیارەوە بۆ خوێنەرانی بەڕێز ڕوونبکەینەوە، بەبێئەوەی قسە لەسەر خودی بۆچوونەکانی هەردوو لایەنی سەلەفییەت و ئەشعەرییەت بکەین و وردەکاریی ڕاجیاییەکانیان لەبواری بیروباوەڕ (عەقیدە)دا ڕوونبکەینەوە. بێگومان بەڕاشکاوی دەربارەی کەسێک قسەبکەین، بەداخێکی گرانەوە، لەئێستادا ڕۆڵی سەرەکیی لەقوڵکردنەوەی ئەم ڕاجیاییەدا هەیەو ڕاستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ بووە بەهۆکاری پەرەپێدانی دووبەرەکی لەنێوان موسوڵمانانی کوردستاندا، ئەمەیش لەکاتێکدایە کە موسوڵمانان لەهەموو کاتێک زیاتر پێویستییان بەیەکگرتوویی و یەکڕیزی و هاوسەنگەری هەیە، جێی ئاماژەپێدانە؛ کە خودی جەنابی مامۆستا کرێکاریش لەماوەی زیاتر لە (٤٠) ساڵی هەوڵی ماندوویینەناسانەو چالاکیی ئایینیدا، لەڕێگەی کتێب و دەرس و وتارەوە، زۆر بەڕوونی بۆچوونی خۆیی دەربارەی ئەم بابەتە دەربڕیوە.
بەڵام پێش ئەوەی بچینە ناو ناوەرۆکی بابەتەکەوە، بەپێویستی دەزانین ئاماژە بەدوو بابەتی گرنگی تر بدەین، بەو هیوایەی بتوانین باشتر گرنگیی بابەتەکە بۆ خوێنەران ڕوونبکەینەوەو واقیعەکەیان پێبناسێنین:
یەکەم- بەرنامەی دوژمنکارییانەی کافران و هاوەڵگەران دژ بەموسوڵمانان:
هەر لەو ڕۆژەوەی کە ئادەم (علیە الصلاة والسلام) بەدەستی پیرۆزی خوای گەورە بەدیهێنرا، پاشان ئەو زاتە پاکە فەرمانی بەفریشتەکان کرد کە سەجدەی بۆ ببەن، هەر لەو ڕۆژەوە شەیتان ئاڵای دوژمنایەتی و ڕقوقینی دژ بەئادەم و نەوەکانی هەڵداو جەنگێکی قورسی دژ بەوان کرد راگەیاند. لەبەرئەوە لەدوای سەیدونا ئادەمیش هەموو کاروانی پێغەمبەران (دروودی خوایان لێبێت) و پیاوچاکان و ساڵحان (خوا لێیان ڕازیبێت)، ئەوانەی کە قورئان وەکو «حزبی خوا» ناویاندەهێنێت، لەهەر کات و شوێنێکدا دەرکەوتبن و هەوڵی چاکسازییان دابێت و خەڵکییان بەرەو خواپەرستی و دینداری بانگکردبێت، کەسانێک دەستبەجێ بوونەتە دوژمنیان و ڕووبەڕوویان وەستاونەتەوە؛ کاتێک سەرنجی پێغەمبەرایەتیی سەیدونا ئیبراهیم (علیه السلام) دەدەین، دەبینین نەمرود ڕووبەڕووی بووەتەوەو بەهەڵگیرساندنی ئاگرە گەورەکە، هەوڵی کوژاندنەوەی نووری بانگەوازەکەی ئیبراهیمی داوە، ئەوە سەیدونا موسا (علیه السلام) بوو، کە دەیان ساڵ هەوڵی چاکسازی و فێرکاری لەگەڵ بەنوئیسرائیلدا دا، بەڵام فیرعەون و دارو دەستەکەی چوونە بەرەی دژیان و بەهەموو توانایانەوە، هەوڵیاندا لەناویانببەن.
کە دەگاتە سەردەمی پێغەمبەری پێشەوامان (علیە الصلاة والسلام) کاتێک ئەو زاتە بەڕێزە دەعوەتی حەق و بانگەوازی ڕێنمویی خۆی ڕاگەیاند، قوڕەیش و هۆزو کەسایەتییە دڵ پڕ لەقینەکانی تر، بەتەواوی دوژمنایەتیی خۆیان دژ بەجەنابی و بەرنامە پیرۆزەکەی ڕاگەیاند. جا خودی شێوازی دوژمنایەتییەکەیشیان دژ بەپێغەمبەری پێشەوامان (علیە الصلاة والسلام)و ئایینی پیرۆزی ئیسلام، خۆی بابەتێکی سەربەخۆو جیایەو زانایان و مێژووناسانی کۆن و نوێ ڕوونیانکردۆتەوە، کە چۆن بەشێوە جیاوازەکان هەوڵیانداوە ناوی پیرۆزی بزڕێنن وەک: گاڵتەجاڕی و بەدرۆخستنەوە، ناساندنی بەجادوگەرو شێت ...تاد. جا کە لەم پیلانە بۆگەنە ستەمکارانەدا نەگەیشتوونەتە ئامانج، جارێکی تر هەوڵی فڕاندن و کوشتنیان داوە! واتە: ئەوان لەهیچ شێوازێکی دوژمنکارێتی غافڵ نەبوون و هەموو ڕێگەکانیان گرتەبەر، تا وای لێهات کە جەنابی ڕێگەی کۆچی بەرەو مەدینەی نورانی گرتەبەر.
لەدوای ئەوەیش کە دەوڵەتی ئیسلامی دامەزراندو لەغەزای بەدریشدا بەسەر کافراندا سەرکەوت و شکستیپێهێنان، ئەم جارە دوژمنان شێوازێکی تری دوژمنایەتییان گرتەبەر، کە لەقورئان و سوننەت و فەرهەنگی ئیسلامیدا بەبابەتی دووڕوویی (نیفاق) دەناسرێ. جا مرۆڤی ژیرو خاوەن تەگبیر، پێویستە لەوە تێبگات و بزانێت کە ئەگەر لەسەردەمی جەنابیدا، کە کەلامی خوا دەهاتە خوارەوەو یاوەرانی بەڕێز لەخزمەتی پێغەمبەری پێشەوا (علیە الصلاة والسلام)دا بوون، ئاوا دیاردەی قێزەونی نیفاق دەرکەوتبێت و پیاوان و ژنانی مونافیق بوونیان هەبووبێت، ئەوا شتێکی زۆر ئاسایی و ڕوونە کە لەسەردەمی ئێمەیشدا نیفاق و مونافیقان دەربکەون و دژ بەموسوڵمانان پیلان بگێڕن و پلان دابنێنن.
پێویستە هەموویشمان باش لەم خاڵە تێبگەین، کە یەکێک لەنموونە زەقە دیارەکانی مونافیقان لەسەردەمی ئێمەدا، بەرەی عەلەمانییەتە؛ ئاخر ئەوان زۆر جار چەواشەکارانەو مونافیقانە لەڕواڵەتدا -بەلافوگەزافی خۆیان- بەرگری لەئایینی ئیسلام دەکەن، بەڵام لەڕەفتاری ڕاستەقینەو ناخیاندا، هەرگیز حەز بەسەرکەوتنی موسوڵمانان ناکەن و هەموو هەوڵیشیان بۆ ڕیشەکێشکردنی ئایینی ئیسلام دەخەنەکارو حەز بەوە دەکەن موسوڵمانان شکستبهێنن؛ بۆیە لەهەر شوێنێکدا کەسانێکی جوامێرو خواویست، بەرەو ئیسلام و تەوحید بانگەواز بکەن، ئەوان بەهەموو هێزو دەسەڵاتیانەوە ڕووبەڕوویان دەبنەوەو هەوڵی لاوازکردنیان دەدەن.
مامۆستا كرێكار لەڕوونکردنەوەی ئەم بابەتەدا دەفەرموێت: «وجودی ئیسلامەکە لەسەر زەمیندا خۆی لەخۆیدا مایەی ڕقهەڵسان و قین پژانی دوژمنانی ئیسلامە، هەروەکو کە مایەی ترسوبیمیانە، قین و ترسی هەموو دوژمنێک لەهەموو کات و شوێن و نەوەیەکیاندا، چونکە وجودی ئیسلام خۆی لەخۆیدا، سەرچاوەی دەردەسەری و ڕقهەڵسان و تۆقینیانە!».
ئاشکرایە جەنابی مامۆستا كرێكار بەهۆی هۆشیاریی باڵاو تێگەیشتنی وردییەوە بووە، کە بەدرێژایی تەمەنی: چالاکیی دینی، چاکسازی، بانگەوازی خۆی، یەکێک لەو شتانەی کە بەردەوام پێیەوە مەشغوڵبووەو تێکۆشاوە کە موسوڵمانانیشی لێتێبگەیەنێت: ناسین و ناساندنی بەرنامەو پیلانی دوژمنان بووە دژ بەموسوڵمانان. مامۆستا لەزۆربەی: وانە، وتار، کتێب و نوسراوەکانیدا لەم بابەتە دوواوە؛ لەیەکێک لەبەرهەمەکانیدا باسی بەرنامەی کافران و خاچپەرستان لەکوردستاندا دەکات و لەبەشێکیدا دەفەرموێت: «یەکێک لەپلانە سەرەکییەکانی ئیحتیلالی ئەمریکی لەکوردستاندا، دامەزراندن و پشتگیریکردنی مەڵبەندە فیکرییە بێدینییەکانی هەرێم بوو، لەگەڵ هاندانی ئاشکراکردنی دوژمندارێتییە شاراوەکانیان بەرانبەر بەئیسلام. بۆیە لەو سەردەمەدا دژایەتیی ئیسلام بێ هیچ پەردەیەک دەرکەوت و دەسەڵاتدارانی عەلەمانیی کوردستانیش بەهەموو توانای خۆیانەوە -تا ئێستایش- بەرگرییان لەهەموو جۆرە کوفرێک کردووەو ئەمانیان داوە بەهەموو ئەو کەسانەی کە بووبوون بەکەواسووری پێش لەشکری کوفرو ریددە. بوارێکی پلانیان ریشەکێشکردنی کەسایەتییە ئیسلامییەکان بوو. بوارێکی تر ئەوە بوو، کە ناویانلێنابوو وشککردنەوەی سەرچاوە. بوارێکی تر هێرشکردن بوو بۆ سەر هەموو بەهاو پیرۆزیی و رەهەندەکانی ئیسلام. بواریکی تر دروستکردنی گومان بوو لەسەرچاوەکانی دین و دینداری».
مامۆستا لەدوای رزگاربوونی لەزیندان و لەماوەی ئەو چوار پێنج ساڵەدا، خاڵێکی ئێجگار گرنگی لەوانەو وتارەکانیدا ڕوونکردۆتەوەو دەربارەی هۆشداریی داوە، ئەویش ئەوەیە کە دەیفەرموو: «ئێمە سەردەمێک کە بەبانگەوازەوە مەشغوڵبووین، بەرەیەکی عەلەمانیی ئیلحادی بەرانبەرمان وەستابوو، بەڵام هەتاکو هاتینە پێشەوە، بەرەی عەلەمانییەکان زۆرتر هەستیان بەوە کرد، کە ناتوانن لەڕێگەی کافرانەوە شکست بەموسوڵمانان بهێنن و پێیاندا بکێشن، بۆیە ئیتر پلان و ڕێگەیان گۆڕی و کەسانێکی تریان کردە دەمڕاستی خۆیان و ئەنجامدەری بەرنامەکانیان، کە خۆیان وەک موسوڵمان دەناسێنن، تاوەکو بتوانن لەڕێگەی ئەوانەوە بیروباوەڕو مەنهەجی خۆیان دژ بەموسوڵمانان بڵاوبکەنەوە». هەروەها یەکێک لەو کەسانەی کە مامۆستا وەکو نموونەیەکی زەق باسیکردووە (عەبدوڕەحمان سدیق)ە، کە هەر قسەکانی بەرەی عەلەمانییەت دەڵێتەوە، بەڵام بەناوی ئیسلامەوە! بۆیە ئێمە پێمانوایە: یەکێک لەو پلان و پیلانە سەرەکییانەی کە ئێستا لەلایەن بەرەی عەلەمانییەتەوە دژ بەموسوڵمانان کاری لەسەردەکرێ، هەمان ئەم شێوازەیە کە کەسانێک لەژێر ناوی ئیسلامی و موسوڵماندا، کۆمەڵە بابەتێک دەهێننە پێشەوە، کە بەرەی کوفر کەڵکی لێوەردەگرێت. لەبەرئەوە ئێمە ئامۆژگاریی خێری هەموو موسوڵمانانی کوردستان دەکەین، کە بەهۆشیارییەوە بڕواننە کێشەو ڕاجیایی نێوان ئەشعەرییەت و سەلەفییەت و بەباشی لەو خاڵە تێبگەن کە ئەم بابەتە، کێشەیەکی ناوخۆیی ئیسلام و موسوڵمانانە؛ خۆ ئەگەر کەسێک بەمەبەست پەرە بەم ڕاجیاییە بدات، بۆئەوەی بەرەی کوفرو عەلەمانییەت کەڵکی لێوەربگرن، بێگومان ئەوە خیانەتێکی گەورەیە لەخواو پێغەمبەری خوا (علیە الصلاة والسلام)و موسوڵمانان دەکرێ، بەڵام ئەگەر لەڕووی نەزانین و تێنەگەیشتنیشەوە کردبێتی، یان لەوانەیە ناڕاستەوخۆ -بەپشتگیریکردن و ڕاستاندنی- پێیانکردبێت، ئەوا پێویستە بزانێت ئەگەری ئەوە ئێجگار زۆرە، کە کەوتبێتە ناو بەرنامەی دوژمنانەوەو ئاراستەی بانگەوازەکەیان پێگۆڕیبێت!.
دووەم- فیقهی ڕاجیایی لەنێوان موسوڵماناندا:
ئەو کەسەی کە وردەکارانە بڕوانێتە مێژووی ئیسلام و بابەتە خیلافییەکان لەنێوان موسوڵماناندا، ئەوە دەبینێت کە هەر لەسەردەمی پێغەمبەری خواوە (علیە الصلاة والسلام)، ڕاجیایی بۆچوون لەناو موسوڵمانان و بەر لەهەموویشیان لەناو یاوەرانی بەڕێزدا (خوا لێیانڕازیبێت) هەبووە. لەدوای کۆچیدوایی جەنابیشی، ئەم ڕاجیاییە لەناو موسوڵماناندا زۆرتر خۆی دەرخستووە، وەک ڕاجیایی سیاسی، پاشان ڕاجیایی فیقهی، تا وردەوردە گەیشتە ڕاجیایی ئیعتیقادی، کە ئەویش کەوتە ناو موسوڵمانانەوە. پاشان لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و سەردەمدا، ئەم ڕاجیاییانە زۆرتربوون و ئەنجامەکەیشی ئەوەیە کە ئێستا وەکو مەزهەب و مەدرەسە عەقیدەیی و فیقهییەکان دەیبینین.
ئێمە لەم بابەتدا کە ئاماژەیەک دەدەین بەڕاجیایی نێوان سەلەفییەت و ئەشعەرییەت لەکوردستاندا، ئەوەی کە دەیڵێین و باوەڕمان پێیەتی ئەوەیە: کە هەردوو لایەنەکە موسوڵمانن، پاشان ئەگەر هەریەکە لەو دوو لایەنە پێیانوابێت: کە تەنها خۆیان ئەهلی سوننەتن، بەڵام خۆ زانا تێگەیشتووەکانیان لەسەر ئەوە هاودەنگ و هاوڕان، کە لایەنی بەرانبەریان نزیکترین بەرەیە لەئەهلی سوننەتەوە؛ واتە: ئەوانەی خۆیان وەک ئەشعەرییەکان دەناسێنن، دەزانن کە ئەهلی فەرموودە نزیکترین بەرەن لێیانەوە، ئەوانەیش کە خۆیان وەک ئەهلی فەرموودە دەناسێنن، دەزانن کە ئەشعەرییەکان لەهەموو بەرەکانی تر لەوان نزیکترن.
بۆیە لەدوای تێگەیشتنی ئەم خاڵە گرنگە، پێویستە بڵێین: ئێمە لەدژی گفتوگۆکردن نین، بەڵام ئەوەی کە زۆر تێگەیشتنی پێویستە، ئەوەیە: ئەو راجیایی و ناکۆکییە دەبێت لەئاست و سنوورێکدا بووەستێنرێ و ئیتر ئەو سنوورە تێنەپەڕێنرێ، بۆئەوەی نەبێت بەهۆکارێک بۆ کەڵکوەرگرتنی دوژمنانی ئیسلام، کە لەڕاستیدا دوژمنی هەردوو لایەنەکەیشن!
ئاشکرایە؛ مامۆستا كرێكار یەکێک لەو کەسایەتییانەیە کە بەردەوام هەوڵی بۆ یەکگرتوویی و یەکڕیزیی موسوڵمانان داوە، خۆ ئاساییە لەنوسراوو وانەکانیداو لەکاتی دەربڕینی بۆچوونەکانیدا، وەک مامۆستاو زانایانی تر، بۆچوونی خۆیی دەربڕیوەو لەو بۆچوونانەیشیدا لەگەڵ هەندێک هاوڕابووەو لەگەڵ هەندێکی تردا راجیایی هەبووە، بەڵام هیچ کاتێک نەهاتووە ئەم راجیاییەی نێوان موسوڵمانان لەئاستی خۆی گەورەتربکات و سنوورەکەی بشکێنێت؛ لەبەرئەوە مامۆستا لەبواری نەزەریدا دەفەرموێت: «برایەتیی دینی لەئیسلامدا پێکهاتەیەکی سەرەکیی عەقیدەیە، پلەو ئاستێکی باڵای ئیماندارێتییە، پاداشتێکی زوو بەردەستی هەبوونی ئەم برایەتییە، تامکردنی شیرینیی ئیمانە، مومارەسەکردنی برایەتیی دینی، دەتگەیەنێتە ئەو خۆشحاڵییەی کە موسوڵمان لەناخیدا دەیچێژێت، کە لەهەموو چێژێکی تری دنیایی خۆشترە، پاداشتی لای خوای گەورەیشی -کە لەقیامەتدا وەریدەگرێتەوە- هەر خوای گەورە خۆی دەزانێت چەندو چۆنە!».
هەروەها دەفەرموێت: «ئەوانەی شوێن حوکمەکانی شەرع کەوتوون، زۆر بەڵگەیان لەقورئان و سوننەتدا بەرچاوکەوتووە، کە جەخت لەگرنگیی رێکەوتن، پێکەوە گونجان، کۆمەڵکاریی موسوڵمانان دەکەنەوە، بەرهەڵستیی توندی هەموو جۆرە مۆرک، سیماو سیفەتێکی ناکۆکی، لێکدابڕان و پەرتەوازەیی دەکەن. بۆیە دەبینیت شەرع موسوڵمانانی لەسەر: کات، شوێن، جۆرو چۆنێتیی نوێژ، رۆژوو خواپەرستیی تر کۆکردۆتەوە، فەرمانیپێداون کە لەیەک کاتدا ئەنجامیبدەن و لەیەک کاتدا پێکەوە کۆتاییپێبهێنن، فەرمانیپێداون کە لەنوێژی جەماعەتیاندا بەڕیزی رێک و راست بووەستن، نەهی لەلەدەستدانی نوێژی جەماعەت کردووە، تا دەگاتە دەیان سیماو رواڵەتی تری یەکڕیزی و تەبایی و تۆکمەیی». ئەمە لەبواری نەزەریدایە.
لەبواری کرداریشدا، وەک لەکتێبی {ئێمە کێین}دا باسیکردووە، دەفەرموێت: «ئێمەو ئیسلامییانی کوردستان، ئەوە چوارچێوەی کۆمەڵکاریمان لەهەموویان واڵاترە، چونکە ئێمە باوەڕمان بەبازنەی ئینتیمای مزگەوتیی هەیە، چۆن هەموومان لەمزگەوتێکدا کۆدەبینەوەو بەبێ پرسینی ئینتیمای حزبی، لەدوای یەک ئیمامەوە بەڕیزی بەڕێز نوێژەکەمان دەکەین و کەسمان لەوەی تەنیشتی ناپرسێت و ناترسێت کە حزبێکی ترە، ئاوایش لەبازنەیەکی کۆمەڵکاریی واڵاو ئاشکرادا، لەگەڵ موسوڵماناندا دەکەوینە کار. ئێمە لەدوای برایەکی مەدخەلی، یان سۆفییەکەوە نوێژدەکەین، ئەگەرچی ئەو لەدوای کەسی ئێمەوە نوێژنەکات!».
بۆیە ئەگەر ئێمە لەبواری برایەتیی دینیدا، بەجوانی گوێڕایەڵیی ئامۆژگارییەکانی مامۆستا كرێكار لەهەردوو بواری نەزەری و کرداریدا ببین، دەبینین کە مامۆستا پێیوایە: موسوڵمانان ئەگەر ناکۆکی و راجیاییەکیشیان هەبێت، مادام کە دێنە مزگەوت و چالاکییەکی کۆمەڵکارانەو کۆمەڵگەییانەیان بۆ پێشخستنی دینەکە هەیە، ئەوا ئەرکی سەرشانیانە کە ئاستی ئەو راجیاییە ڕابگرن و نەهێڵن لەسنوورێکی دیاریکراو تێپەڕبکات؛ ئەمەیش فەرمانی خوای گەورەو پێغەمبەرەکەیەتی (صلّی اللّە علیە وسلّم).
لەم بوارەیشدا؛ مامۆستا كرێكار بنەمایەکی گرنگی باسکردووە، کە بەپێی ئەو بنەمایە دەبێت: هەموو موسوڵمانان؛ ئەوانەی خۆیان بەئەهلی ئیسلام دەزانن، بەرەیەکی یەکڕیز دژ بەعەلەمانییەت دروستبکەن، وەک گەورەترین مەترسییەک، کە لەئێستادا دژ بەموسوڵمانان بوونی هەیە؛ لەبەرئەوە پێویستە هەموو بەرنامەکانی تری موسوڵمانان بەجۆرو شێوازێک بێت، کە ئەم خاڵە گرنگە سەرەکییە لاوازنەکات. بەپێی ئەم بنەمایە ئەگەر موسوڵمانێک دژایەتیی موسوڵمانێکی تری کردو لەدرێژەی ئەم دژایەتییەدا چووە بەرەی عەلەمانییەکانەوە، ئەوا دیارە کە خۆی دۆڕاندووەو شکستخواردووی ڕاستەقینەیە.