فیکر

گرتنەبەرى هۆکارەکانى سەرکەوتن

وتارێکى گرنگی سەیید قوتب؛

گرتنەبەرى هۆکارەکانى سەرکەوتن

و: ئازاد کەرکوکى

 

 بسم الله الرحمن الرحیم

پێشەکى: خوێنەرى بەڕێز ئەوەى لێرەدا نوسراوەتەوە دەقى وتارێکى سەیید قوتبە (ڕەحمەتى خوداى لێبێت)و پلەى شەهادەتى بەنسیببکات، کۆمەڵە وتەیەکى دەگمەنە کە تێکڕاى دێرەکانى شایەستەى وەستان و تێڕامانە، کە تێیدا لەباسى یادکردنەوەى هیجرەتى پێغەمبەرى نازداردا (صلی الله علیە وسلم) پێشکەشیدەکات، سەیید قوتب؛ گەورە بیرمەندى ئیسلام، لەم وتارەیدا هۆکارەکانى بەدەستهێنانى سەرکەوتن (اسباب النصر) بۆ ئامادەبووانى ئەو کۆڕە دەخاتەڕوو، تێماندەگەیەنێت کێشەى ئەو کات و ئێستاى موسوڵمانان چییەو سەرکەوتن زۆریش ئاسانەو بەسەر سەرمانەوەیە، بەمەرجێک ئەگەر موسوڵمانان بەجورئەتەوە شوێن قورئان و سوننەتى پێغەمبەرى پێشەوا (صلی الله علیە وسلم) بکەون و ئامادەبن لەپێناویدا قوربانى بەگیان و ماڵى خۆیان بدەن، بۆ سەرخستنى ئایینەکەیان.

 ئەو خاڵانە  دەدات بەگوێماندا کە بەشوێنکەوتنى  ڕێبازەکەى پێغەمبەرى خودا (صلی الله عليه وسلم) چۆن موسوڵمانان دەتوانن جارێکى تر بگەڕێنەوە بۆ ڕێگە ڕاستەکەى ئیسلام و ببنەوەو بەسەرقافڵەى کاروانى مرۆڤایەتى. 

مێژووى پێشکەشکردنى وتارەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵى (1952) لەقاهیرە.

سەرنج:

لەپێشەکى وەرگێڕانى پەرتووکى (مەشخەڵى ڕێ)دا مامۆستا کرێکار وتەیەکى زۆر جوانى  هەیەو دەڵێت: "لەساڵى (1972)دا کە نێوى سەییدى شەهیدم دەبیست، خۆزگەى ئەوەم دەخواست ببمە کرێکارى ئەو چاپخانەیەى کە کتێبێکى سەیید چاپدەکات، چ جاى ئەوەى خوا ئەوەندەم ڕێز لێنێت، کتێبێکى وەربگێڕم.. کتێبى سەیید قوتب بەتایبەتى (معالم في الطریق)".

منیش بەش بەحاڵى خۆم لەپاش ئاشنابوونم بەناوى سەییدو پاش خوێندنەوەى بەشێک لەژیان و تێکۆشانى بێوێنەى ئەم کەڵە پیاوەو وردبوونەوە لەنوسین و بەرهەمەکانى و بەدواداچوون بۆ بەشێکى زۆرى ئەو ڕەخنەو تۆمەتانى دەدرانە پاڵ سەیید -ئێستایش بەردەوامن- زۆر شتم لا ڕوونبوویەوە کە سوپاس بۆ خودا توانیم لەو کانیاوەى سەیید چۆڕێکى لێبخۆینەوەو دونیایەک خۆشحاڵم کە بتوانم خزمەتێکى بچوک بەو خەرمانە گەورەیەى ئەو بیرمەندە شارەزاو لێهاتووەى ئیسلام  بکەم.

خودا لەهەڵەکانم ببورێت و ئامادەى هەموو پیشنیازو ڕەخنەیەکم ئەگەر بەئینسافەوە لێمبگیرێ و کۆڵێک مەمنودەبم، ئەگەر هەڵەکانم پیشانبدرێ.

پێشکەشبێت: "بەو کەسانەى وەک سەیید قوتب بیردەکەنەوەو دەیانەوێت وەک ئەویش بمرن" کرێکار.

 

وتەکانى سەیید:

ئەگەر ئێمە لەڕۆژى هیجرەتدا ئاهەنگ دەگێڕین بۆ ئەم یادە،

دەبێت هەوڵبدەین شایەستەى یادکرنەوەى ئەم ڕۆژە بین،

نابێت ئاهەنگگێڕانمان بەیادى کۆچى پێغەمبەرەوە (صلی الله عليه وسلم)

هەروەک یادێک بێت لەیادەکانى سەر ئەم زەوییەو تەواو!

یان وەک کارێکى ئاسایى ڕۆژانەى خەڵکى بێت،

هەر وەک دەبێت ئەم یادکردنەوەیە شێوازێکى تایبەتى هەبێت،

ئەبێت ئەم کۆڕو کۆبوونەوەیە کەشێکى تایبەتمەندى هەبێت،

تاکو ببینە ئەوەى پێموتن: کە شایستەبین بەیادکردنەوەى ئەم ڕۆژە پرشنگدارە،

بەدڵنیاییەوە شایستەى ئەم ڕۆژى هیجرەتە نابین،

تاکو بەڕۆحمان بەرزنەبینەوە، تاکو بەڕەوشتمان بەرزنەبینە،

تاکو بەکردەوەکانمان بەرزنەبینەوە، بۆ ئاستى ئەم  ڕۆژە پرشنگدارە،

گەیشتن بەئاستى یادکرنەوەى هیجرەتى پێغەمبەر (صلی الله عليه وسلم)و

بەسەرهاتى ئەم نێرراوەى خودایە (صلی الله عليه وسلم)و بەسەرهاتى ئەم ئیسلامە،

ناکرێ مێژوویەک بێت و بگێڕرێتەوە،

ناشێت ئاهەنگێک بێت و تێپەڕێت،

بەڵکو دەبێت ژیانێک بێت دووبارەبێتەوە،

دەبێت ڕاستەقینەیەک  بێت و بێتەدى،

بەڵى ئەم ئیسلامە بۆ ئەوە نەهاتووە ببێتە مێژوو،

ڕۆژەکانى سەردەمى ژیانى پێغەمبەر (صلی الله عليه وسلم) تێنەپەڕیوە،

بەڵکو ئیسلام هاتووە تاکو ببێتە ڕاستییەکى زیندوو لەمێژووى موسوڵماناندا،

ئیسلام هاتووە تاکو ببێتە پیشەنگ و پێشەوا بۆ ئەوانەى شوێن نێرراوى خودا دەکەون،

بۆیە برایان ئەگەر هەوڵماندا یادى هیجرەت بکەینەوە،

دەبێت ناخى خۆمان بەرزبکەینەوە بۆ ئاستى ڕۆژانى هیجرەت،

بەڕۆحمان بەرزبینەوە بۆ ئاستى هیجرەت،

بەڕاستگۆیى بەرزبینەوە بۆ ئاستى ڕۆژانى هیجرەت،

ئەم ئیسلامە ئامادەیەو لەتوانایدایە بۆ بەدەستهێنانى ئەوەى لەمێژووى مرۆڤاتیدا جارێک بەدەستىهێناوە،

ئیسلام بۆ سەردەمێک نەهاتووە، بۆ جێگەیەک و شوێنێکى تایبەت نەهاتووە،

بەڵکو بۆ هەموو سەردەمێک و بۆ هەموو سەرزەوى و بۆ هەموو مرۆڤایەتى هاتووە،

ئەگەر ئێمەیش بمانەوێت ئەمڕۆ یادى ڕۆژێک لەڕۆژەکانى ئەم ئیسلامە بکەینەوە،

نابێت نزیکى ئەو یادە بکەوین، تا ئەو کاتەى خۆمان ئامادەکردبێت، هەروەک چۆن ئیماندار دەستنوێژ دەگرێت بۆ نوێژ،

هەروەک چۆن ڕۆحى ئامادەدەکات لەبەرانبەر خودادا -کاتى نوێژکردن-،

دەبێت بەتەواوى لەم ڕۆژە گەورەیەدا، بەرزبینەوە بۆ ئاستى مانا گەورەکان،

 ماناکانى ئەم ڕۆژە گەورەیە بەکات ناپێورێ، بەوتارێک باسناکرێ، بەپەرتووکێک نانوسرێتەوە،

ئەمە پەرتووکێکى کراوەیە لەماوەى (1400) ساڵدا بۆ مرۆڤایەتى،

 ئێمە دەمانەوێت شتێک بکەین تایبەتبێت،

دەمانەوێت هەندێ لاپەڕەى کەم هەڵبدەینەوە لەم پەرتووکە مەزنەى،

کە (1400) ساڵە لاپەڕەکانى کۆتایینەهاتووەو

کۆتاییشینایەت، تاکو خودا لاپەڕەکانى زەوى و ئەوەیشى لەسەریەتى نەپێچێتەوە بۆ لاى خۆى،

{قُل لَّوْ كَانَ ٱلْبَحْرُ مِدَادًا لِّكَلِمَٰتِ رَبِّى}

 واتە: پێیانبڵێ ئەگەر دەریا هەموو مرەکەب بێت، زانیاریى پەروەرگارمى پێبنوسرێتەوە،

 {لَنَفِدَ ٱلْبَحْرُ قَبْلَ أَن تَنفَدَ كَلِمَٰتُ رَبِّى}

دەریا تەواودەبوو، پێش ئەوەى زانست و زانیاریى پەروەردگارم تەواوبێت،

{وَلَوْ جِئْنَا بِمِثْلِهِۦمَدَدًا}

چەندین هاوشێوەیشى بهێنین.

برایان دەبێت هەوڵبدەین بۆ کۆکردنەوەى وشە دەگمەنەکان، ئەو وشانەى کە تەواوبوونیان نییە،

لەو لاپەڕە دەگمەنانە وەریبگرین کە کۆتاییاننایەت،

سەرەتاى ئەم لاپەڕانەیش ئەو ڕۆژە نەمرانەیەو ئەو وشانەیە کە لەزمانى موحەممەد (صلیی الله علیە وسلم)ەوە دەردەچوون،

ئەو ڕۆژانەى قوڕەیش بەهەموو گەورەیى شکۆو لوت بەرزییانەوە، بەرەو ماڵى ئەبوتاڵیبى مامى پێغەمبەر (صلیی الله علیە وسلم) کەوتنە ڕێ و سەبارەت بەکارەکانى پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) بەیەک دەنگ داوادەکەن و دەڵێن: ئەگەر سامانى دەوێت، چەندى دەوێت پێىدەدەن لەماڵوسامانى خۆیان،

ئەگەر پێشەوایەتى و سەرکردایەتى دەوێت، دەیکەن بەمەزن و سەردارو پێشەواى خۆیان،

ئا بەو وشە دەگمەنانە هەنگاوى یەکەم دەستپێدەکات لەلاپەڕە پیرۆزو پرشنگدارەکانى  مێژووى ئەم بانگەوازە پیرۆزەدا،

ئەو وشانەى کە دەڵێت: "سوێند بەخودا، ئەى مامە ئەگەر خۆر بخەنە لاى ڕاستم و مانگیش بخەنە لاى چەپم، بۆئەوەى وازبهێنم لەم کارە،

وازناهێنم تا خودا سەریدەخات، یان لەپێناویدا گیان دەبەخشم".

بەڵێ برایان ئا بەم وشانە ئەم لاپەڕە پرشنگدارانە دەستپێدەکات،

موحەممەد (صلی الله علیە وسلم) ناچارنەبوو کۆچبکات و ڕووبکاتە ئاوارەیى، ئەگەر سامان و پێشەوایەتى و مەزنێتى گەرەکبووایە، پێیدەدرا، بەڵام ئەو زۆر لەوە گەورەترى مەبەستبوو، ئەو گەورەییەى ئەو دەیویست، گەورەتربوو لەپێدانى خۆر بەلاى ڕاستى و مانگیش بەلاى چەپى!

ئەوەى ئەو دەیویست لەهەموو گەردوون مەزنتربوو،

ئەو مەبەستەى ئەو لەپێناویدا تێدەکۆشا، گەورەتربوو لەئاسمانەکان و زەوى،

داواکارىی ئەو زۆر مەزنتربوو لەئەستێرەو هەسارەکان،

ئەو بیروباوەڕێکى سەرکەوتوو بەسوودى دەویست،

ئەو دەیویست ئیسلام لەکۆمەڵگەیەکدا لەسەر ئەم زەوییە بەرپابێت و

خەڵکى فێربکات -لەوەى پێش ئیسلام فێرنەبووبن- لەم ئیسلامە گەورەیە،

ئەمە یادو هەنگاوى یەکەمە لەوەى کە موحەممەد (صلی الله علیە وسلم) ئامادەیکردین تاکو سەرکەوتووبین لەم هەنگاوەدا.

با ڕووى بینینمان بکەینە ئەو هەنگاوە سەرکەوتووانە، با دڵەکانمانى ئاراستەبکەین،

با ڕووبکەینە ئەم ئاسۆیە، با ئەو ئاراستەیە بگرینەبەر،

ئەگەر بینیمان بەڕۆح ئامادەین لەگەڵى بڕۆین،

ئەگەر لەناخى خۆماندا هەستمانکرد بەخۆپاراستن لەسەروەتوسامان، لەپلەوپایەو گەورەیى، ئەو کات هەستدەکەین ئەوەى ئێمە دەمانەوێت گەورەترە لەسامان، پلەوپایە، گەورەیى و دەسەڵات،

ئەگەر لەناخى خۆماندا ئەم هەستەمان لەلا دروستبوو، ئەوجا ئێمە شایستەدەبین یادى ڕۆژێک لەڕۆژەکانى سەردەمى موحەممەد (صلی الله علیە وسلم) بکەینەوە،

تەنها ئەو کاتە بەڕاستى و لەناخەوە ئامادەى ئەو گۆڕانکارییە دەبین،

یادکردنەوەى ئەو ڕۆژانەى ژیانى پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم)  نابێت سوک و بێنرخ بێت، نابێت وەک کاڵایەک لەبازاڕدا تەماشابکرێ، نابێت ئەم یادە بکەینەوە تاکو بەڕۆحمان ئامادەى ئەم یادە نەبین، بۆ ئەم ئاستە بەرزە، بۆ ئەم ئاستە پرشنگدارە بەڕێزە، ئەوەى کە موحەممەد (صلی الله علیە وسلم) گیانى خۆى بۆ ئامادەکردبوو، دەیفەرموو: "سوێند بەخودا ئەى مامى خۆم، ئەگەر خۆر بخەنە لاى ڕاستم و مانگیش بخەنە لاى چەپم، تاکو وازبهێنم لەم فەرمانە، ئەوا وازناهێنم تاکو خودا سەریدەخات، یان لەپێناویدا لەناودەچم".

هەرکەس دەیەوێت ڕێگەى ئەم بانگەوازە بگرێت،

با بزانێت کە ئەو بەرەو ماڵ و سامان نایەت، با دڵنیابێت ئەو پلەوپایە بەدەستناهێنێت،

با خۆى ئامادەبکات و بزانێت کە ئەو هیچ سەروەرییەک بەدەستناهێنێت لەم سەر زەوییەدا، بەڵام بەرەو سەروەرى و مەزنێتیى لاى خوداى دەبات،

هەرکەس بیەوێت ڕێگەى ئەم بانگەوازە بگرێت، دەبێت دڵنیابێت کە ئەگەرى هەیە پلەوپۆستى لەدەستبچێت، دەسەڵاتى لەدەستبچێت، گەورەییشى لەکیسبچێت!

{يَا أَيُّهَا الْمُزَّمِّلُ (1) قُمِ اللَّيْلَ إِلَّا قَلِيلًا (٢)} –المزمل-.

واتە: ئەى ئەو کەسەى خۆت داپۆشیوە، هەڵسە شەونوێژبکە، کەمێکى نەبێت.

{ نِّصْفَهُ أَوِ انقُصْ مِنْهُ قَلِيلً (٣)} 

 نیوەى یان کەمتر لەنیوەى لێکەمبکەرەوە،

{أَوْ زِدْ عَلَيْهِ وَرَتِّلِ الْقُرْآنَ تَرْتِيلًا (4)}
یاخود زیاترى بکەو قورئان دەوربکەرەوە بەوردى و لەسەرخۆ،

ئەم هەمووە  بۆچى؟!

ئەم هەموو ئامادەکارییە بۆچى؟

 ئەم نوێژە بۆچى؟

بۆچى پەیوەندیى بەخودا؟

{إِنَّا سَنُلْقِي عَلَيْكَ قَوْلًا ثَقِيلًا (٥)}

چونکە بەڕاستى ئێمە فەرموودەو گوفتارێکى قورس و سەنگین دادەبەزێنینە سەرت!

ئەم قورسییە لەوشەکانیدا نییە، لەشێوازى دەربڕینەکانیشیدا نییە،

چونکە خوداى بەرزو بەتوانا دەفەرموێت: {وَلَقَدْ يَسَّرْنَا الْقُرْآنَ لِلذِّكْرِ فَهَلْ مِنْ مُدَّكِرٍ } -القمر: 17-.

بێگومان ئێمە قورئانمان ئاسانکردووە بۆ ئامۆژگارى وەرگرتن، جا ئایا کەسێک هەیە دەرکى حەقیقەت و ڕاستى بکات و پەندى لێوەربگرێت؟

چونکە پێناسەکانى ئاسانکراون،

ئەم قورسییەیش لەدەربڕینەکان، یان قورسیى وشەکاندا نییە، بەڵکو لەشوێنکەوتنێتى،

لەکاریگەرى و لەئەرکەکەیەتى، لەناڕەحەتیى هەڵگرتنێتى بۆ ئەو کەسەى جێبەجێیدەکات،

{إِنَّا سَنُلْقِي عَلَيْكَ قَوْلًا ثَقِيلًا (٥)} چونکە بەڕاستى ئێمە فەرموودەو گوفتارێکى قورس و سەنگین دادەبەزێنینە سەرت -کە بەهۆیەوە بەرەنگاریى ئەرک و زەحمەتى زۆر دەبیتەوە-

ئەم ڕێگەیە زۆر سەختە، ئەم ڕێگەیە ڕووپۆشنەکراوە بەگوڵوگوڵزار،

ئەم ڕێگەیە بەدڕکوداڵ داپۆشراوە،

 بەڵکو بەلەش و ئێسکوپروسک و بەخوێن ڕازاوەتە،

 ڕازاوە نییە بەگوڵ و ڕەیحانە، ئەم ڕێگەیە قورسە!

ئەمە ماناى دووەمە کە دەبێت بیرى خۆمانى بهێنینەوە، 

ئێمە هەنگاودەنێین و هەوڵدەدەین بەرزبینەوە بۆ ئاسۆى ئەم کاروانى کۆچکردنە،

ئەوەى ئەم ڕێگەیە دەگرێت، دەبێت بزانێت،

تەنها پلەوپایەى لەدەستناچێت!

تەنها گەورەیى و پێشەوایەتى لەدەستناچێت!

بەڵکو زۆر شتى لەدەستدەچێت،

 بەڵام وتەیەکى قورس و سەنگین هەڵدەگرێت،

هەوڵدانێکى قورس دەگرێتەبەر،

ڕێگەیەکى سەخت دەگرێتەبەر،

بۆیە با ناخى خۆمان ئامادەبکەین بۆ ئەوەى موحەممەد (صلی اللە علیە وسلم) خۆى بۆ ئامادەکردبوو،

با شایەستەبین بەیادکردنەوەى ڕۆژگارى کۆچ،

{إِنَّا سَنُلْقِي عَلَيْكَ قَوْلًا ثَقِيلًا (٥)} چونکە بەڕاستى ئێمە فەرموودەو گوفتارێکى قورس و سەنگین دادەبەزێنینە سەرت -کە بەهۆیەوە بەرەنگاریى ئەرک و زەحمەتى زۆر دەبیتەوە-

دەکرا بەئاسانى پێغەمبەرى خودا (صلی اللە علیە وسلم) لەدوژمنانى نزاى بکردایەو لەناوببرانایەو ئیتر تەواو لەناودەچوون،

ئاسان بوو نزا بکات، هەروەک نوح (علیه السلام) نزایکرد: {فَدَعَا رَبَّهُ أَنِّي مَغْلُوبٌ فَانْتَصِرْ} -القمر:١٠-. واتە: خودایە من تێشکاوم، تۆ سەرمبخە،

بەڵام پێغەمبەرى خودا (صلی اللە علیە وسلم) ئەو نزایەى نەکرد!

نزاکەى خۆى نەکرد لەگەل و میللەتەکەى خۆى،

بەڵام  ڕێگەى دوورو قورسى هەڵبژارد،

بەڕاستى نوح خاوەنى پاڕانەوەیەک بوو لەسەر میللەتەکەى، تا خودا لەناویانببات،

تا خودا بیانگۆڕێت لەسەر زەوى بەنەوەیەکى تر، لەبەرئەوەى بانگەوازەکەى دیاریکراوبوو، ئەو بۆ نەوەیەکى دیاریکراو هاتبوو،

 بەڵام پێغەمبەرى خودا (صلی اللە علیە وسلم) ئەو دەیزانى بانگەوازەکەى کۆتا بانگەوازەو پەیامەکەى کۆتا پەیامە،

ئاسمان ڕەنگە ڕووناکیى خۆى بکاتەوە بۆ سەرزەوى،

 بۆیە نزاکردنى هەڵنەبژارد لەمیللەتەکەى و داواى نەکرد لەخودا تاکو لەیەک ساتدا ئاسودەبێت و کۆتایی بەهەموو شتێک بهێنێت،

بەڵام ڕێگەى جیهادى هەڵبژارد،

 لەبەرئەوەى ئەمڕۆ سەربکەوێت بەئاسانى، ئەوە چى دەبەخشێت بەمیللەتەکەى؟

 چى دەبەخشێت بەنەوەکانى دوای خۆى؟

دەبێت میللەتەکەى ڕابهێنرێ و ئامادەبکرێ،

 دەبێت پیشەوایى تێدا ببینرێ و پێشەوایى هەبێت لەجیهادێکى قورسى درێژخایەندا،

{أَحَسِبَ النَّاسُ أَنْ يُتْرَكُوا أَنْ يَقُولُوا آمَنَّا وَهُمْ لَا يُفْتَنُونَ} –العنكبوت: ٢- واتە:

ئایا خەڵکى وایانزانیوە وازیانلێدەهێنرێ و پشتگوێدەخرێن، کە بڵێن: باوەڕمانهێناوەو لەکاتێکدا تاقینەکرێنەوەو توشى سزانەکرێن؟!

{وَلَقَدْ فَتَنَّا الَّذِينَ مِن قَبْلِهِمْ}

بێگومان ئەوانەى پێش ئەمانمان تاقیکردۆتەوە بەجۆرەها شێوە،

{فَلَيَعْلَمَنَّ اللَّهُ الَّذِينَ صَدَقُوا وَلَيَعْلَمَنَّ الْكَاذِبِينَ} تا خوداى گەورە -لەجیهانى واقیعدا- ئەوانەى ڕاستیانکردووە، بیانناسێنێت و دەربکەون، هەروەها درۆزنەکانیش بناسێت و دەربکەون،

دەبێت قوربانى بدرێ

دەبێت توشى ناخۆشى بین

 دەبێت تاقیبکرێینەوە

چونکە سەرکەوتنى بێنرخ نامێنێت

چونکە سەرکەوتنى  سانا ناژێت

لەبەرئەوەى بانگەوازى ئاسان، هەموو کەسێکى لاواز دەبێت بەخاوەنى،

بەڵام بانگەوازى پاکى قورس

کەس نابێت بەخاوەنى، تەنها بەهێزەکان نەبێت،

 کەس پەیی پێنابات، تەنها بەهێزەکان نەبێت، ئەوە دەزانن،

ئایە لاتان وایە هەروا بەئاسانى دەچنە بەهەشتەوە بێتەنگانەو ناخۆشى؟

مەگەر نمونەى ئیماندارانى پێش خۆتان بۆ باسنەکراوە؟

کە توشى جەنگ، ناخۆشى، تەنگانە، گرانى و نەدارى بوون،

زۆریان بۆ هاتووە بەڕادەیەک هەتاکو پێغەمبەرەکەیان و ئەوانەى باوەڕیانهێناوە دەیانوت: "کەى پەروەردگار سەرکەوتن دەبەخشێت؟"

ئاگادارو دڵنیابن بەڕاستى یارمەتیى خوایى زۆر نزیکە، بەڵام لەکێ؟

لەوەى هەڵگرى ئەم ئازارو ناخۆشییەیە،

لەوانەى جیهادیانکردو هەوڵیاندا،

لەوانەى کە هێزێک نەما لەتوانایاندا، نەیگرنەبەر،

لەو کەسەى سەختیى ڕێگەى گرتەبەر،

کاتێک مرۆڤ لوتکەى هێزى بەکاردێنێت، کاتێک دەگاتە کۆتایى!

کاتێک هەموو خەمەکانى ئاراستەى لاى خودا دەکات،

کاتێک هێندەى گەردێک هێزى نەمابێت،

ئەو کاتە بەڵێنى خودا دێتەدى،

ئایا سەرکەوتنى خودا نزیک نییە؟

ئا ئەمەیە یادى دووەم،

ئەمەیە ماناى دووەم،

 ئا ئەمە مانا بەرزەکەیە،

کە دەبێت ناخى خۆمانى بۆ ئامادەبکەین،

ئێمەیش هەنگاودەنێین، تا بەرزبینەوە بۆ ئەم ئاسۆیەو یادى کۆچى پیرۆز دەکەینەوە.

... الحمد للە...

345 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2023-07-19
زۆرترین خوێندراو
Dorbeen
        

Copyright. All Rights Reserved.

Dorbeen

ئێمە

ئێمه‌ی موسوڵمان كه‌ ئێستا ره‌وتێكی نوێی ئیسلامیی كوردستانیین؛ باوه‌ڕمان وایه‌ كه‌ ئیسلام دینی ئوممه‌تێكه‌، به‌بزاڤێكی شیاو جاهیلییه‌ت ده‌گۆڕێت، تا خواپه‌رستی و دادپه‌روه‌ردی له‌دارولئیسلامێكدا بچه‌سپێت.