بیروڕا

مێژوو واقیع وەڵامیان هەیە


د. بەختیار ئەمین قەرەداغی
‎لەمیانی پۆستی پێشوومدا، كە بریتیبوو لەچەند دێڕێك لەمێژووی یەكگرتوو لەنەوەدەكاندا، دوو برادەری ئیخوانی هەڵچوون و بەتەمای مەلەن لەئاوێكدا كە شیاونییە بۆ مەلەیان و پۆستەكەم تەواو دووربووە لەجنێوو تەكفیرەوەو ئیخوان ئەیتوانی بیكاتە بەڵگە كە لەگەندەڵیدا نەبوون و بەڵگەیە، كە ئەوان دوژمنی ئەم سیستمە شكستخواردووەی كوردستان بوون، ئەم دوو ئیخوانییە هاتوون لەجیاتیی ئەوەی موناقەشەی ئەو بابەتە بكەن، ‎دانەیەكیان هجوومئەكاتە سەر مامۆستای ڕەحمەتیی گەورەمان؛ مامۆستا مەلا عوسمان، كە من بەفەخرەوە دەستە موبارەكەكانیم ماچئەكردو بەتێشووی قیامەتی خۆمی ئەزانم، گوایە بانگەوازی جیهادیی ئەو، چ سوودێكی هەبووە بۆ موسوڵمانان و هیچی بەهیچ نەكرد!! ‎
ئەم بێئەدەبییەی ئەم ئیخوانییە بەرامبەر كەسێك، كە دامەزرێنەری ئیخوانی عێراق بووەو سەرۆك وەزیرانی توركیای ڕەحمەتی: ئەربەكان و وەزیرەكانی، دەستیان ماچئەكردو پەپوولەیەكیش دڵی لەمامۆستا نەشكاوە، بەئیسلامی و عەلمانییەوە، تاكە كەسیش، كە گاڵتەیپێكرد جەبار فەرمان بوو، هەموو ئەزانین چۆن بووە پەندی زەمانە، بەهەرحاڵ پایەی مامۆستا لەوە گەورەترە دكتۆر بەختیار دیفاعیلێبكات و قیامەت لەچاوەڕێی هەموواندایە.
‎دووهەم كەسی بەڕێز؛ مەلایەكی یەكگرتووە، كە ئیشارەت بەمامۆستا كرێكار ئەدات: "كە خوا ئینتیقامی لێسەند، لەسەرئەوەی قسەی بەیەكگرتوو وت و بۆتە پەندو تووشی فیتنە بووە!!".
‎بەندە بەهۆی نزیكیم لەهەردوو یەكگرتوو كرێكار؛ ئەمەوێت چەند خاڵێكی مێژوو بخەمە بەردەم ئازیزان:
‎یەكەم/ كاك كرێكار؛ برادەری نزیكی بەندە بووە لەحەفتاكان و سەرەتای هەشتاكان و برایەكی نزیك بووە لێم و هیچ لارییەكم لەڕابووردووی خۆم نییەو ڕابووردووی من، ئەو ڕۆژەی ئێستامی دروستكردووە.
‎دووهەم/ مامۆستا كرێكار؛ مرۆڤەو لەئاینی ئێمەدا، كەس مەعسوم نییە لەهەڵە، مامۆستا كرێكاریش خاوەنی كۆمەڵێ كارو سیفەتی باشەو ئەشتوانرێ ڕەخنەی لێبگیرێ، وەكو هەموو مرۆڤێک.
‎لەحەفتاكاندا هەموومان هەڵگری فیكری ئیخوان بووین، بەڵام حزب وجودی نەبوو، بەڵكو وەكو چەند بازنەیەك كارمان ئەكردو سیقە لەبەیندا هەبوو مەرجەعی گەورەشمان مامۆستا مەلا عوسمانی ڕەحمەتی بوو. 
مامۆستا شارەزووریی ڕەحمەتییش بەتەنیا بۆ خۆی كاریئەكرد لەسەیدسادق و هەندێک لەئیخوانەكان بەخراپە باسیانئەكرد، چونكە لێهاتووبوو، لەعەقڵ و فیكردا زۆر پێش ئەوان كەوتبوو. ‎كە لە (١٩٨١)دا تەنزیمی ئیخوان دروستكرایەوەو د. عیسام هاتە لام لەقیسمی داخلیی هەولێرو پرسیی كێ بانگبكەین بۆ تەنزیم لەكوردستان، باسی مامۆستا سەڵاح و مامۆستا بورهان و حەسەن پێنجوێنی و لەهەولێر باسی حاجی فوادو موخلیسمان کرد.
‎كرێكار لەبازنەدا نەبوو، لەسەر چەند سەرنجێك لەسەری، كە زۆر جوڵەجوڵئەكات و دیارەو بەكەڵكی كاری وا نایەت لەو زەمانەدا، بەڵام منیش لەو باشترنەبووم و ئیسراحەت دانەئەنیشتین و بەزممان زۆربوو، مەڕ نەبووین.
‎لەگەڵ كاك كرێكاردا لەئیخوانەكان گلەییمان زۆربوو جارێكیش تەنزیمێكی لابەلامان دروستكرد لەپشتی ئیخوان و عومری لەدوو هەفتە كەمتربوو.
‎من پەیوەندیی باشم هەر لەگەڵ شارەزووری ماو لەگەڵ هەندێك لەو برادەرانەی، كە ئیخوان بەدوژمن لەقەڵەمیئەدان، ئەمە بووە هۆی ئەوەی فەجووەی بەینی من و ئیخوان زۆر گەورەبوو، لەسەرەتای (١٩٨٥)دا كاكە زوهێر خودا بیپارێزێت، هاتە خەستەخانەی مناڵانی هەولێر، كە خەفەربووم و چوینە ماڵی دكتۆر عیسامی ڕەحمەتی و ئیستیقالەمداو ئیتر لەو كاتەوە هیچ پەیوەندییەكی تەنزیمیم نەماوە، بەڵام كۆمەڵێ برای باشیان ئەناسم، كە خۆشمئەوێن و جێی دڵخۆشیمن.
‎وا بزامم لە (١٩٨٤ یان ١٩٨٥)دا حەسەن پێنجوێنی هاتە لام و وتی: "پێویستم پێتە، بەئۆتۆمۆبیلەكەت بچین بۆ هەڵەبجە، چونكە نەجمەدین (كرێكار) لەئێرانەوە هاتۆتەوەو كەس نییە بوێرێت بەسەیارە بیهێنێتەوە بۆ سلێمانی". چووم لەگەڵی و كاتێک (كرێكار) منی بینی، وتی: "من لەگەڵ تۆدا نایەم، چونكە تۆ لەئیخوان ترازاویت". منیش وتم: باشە مەیەو من ئەچمەوە بۆ سلێمانی، دوایی پەشیمانبوونەوەو هات لەگەڵمدا.
‎لەسەرەتای شۆڕشی ئەفغان، كەمالەدین سەنانیریی ئیخوان، چووە ئەفغانستان و بۆرە پلانێكی شۆڕشەكەیان داناو لەناوەڕاستی هەشتاكاندا (كرێكار) کە ئیخوانییەكی عەیار (٢٤) بوو، لەگەڵ كۆمەڵێک ئیخوانی عەرەب، لەكەراچیی پاكستان ئەژیان وەكو؛ ئەبو نورو ئەبو شەیما، كە لەشەڕی دژ بەئەمریكییەكاندا لەبەغدا كوژران لەدوای (٢٠٠٣)دا، کە هەر ئیخوانی بوون. لەكەراچی باری ئابوورییان خراپبوو، تا عەبدوڵڵا عەزام هات بەپارەی زۆرەوەو بردنی بۆ پیشاوەرو خانوو ئێركۆندیشن و سەیارەو مەعاشی پێدان و دەستیانكرد بەدروستكردنی ڕێكخراوە ئیدارییە جیهادییەكان.
‎وەرچەرخانی (كرێكار) لەئیخوان لەكاتی كیمیاییبارانی هەڵەبجەدا بوو، كە ئیخوانە عەرەبەكان زۆر شۆڤێنییانە مامەڵەیان لەگەڵ مافی گەلی كورد ئەكرد؛ كاك كرێكاریش چووە ناو بزووتنەوەو دوایی جیابووەوەو كۆمەڵی ئیسلامیی دروستكرد خۆی و چەند كەسێك، ئەو شەوەی گەڕایەوە بۆ كوردستان لە (١٩٩١)دا، لەپاكستان لەماڵی من نووست و قەراریدا بچێتەوە ناو بزووتنەوە، هەر وایشبوو گەڕایەوەو چووەوە ناو بزووتنەوە.
‎* سەرنجەكانم:
‎١- كاك كرێكار؛ قوتابییەكی ئیخوانی بووەو لەو كارگەیە لەسەرەتادا دەرچووەو برادەری نزیكی مامۆستا سەڵاح و حەسەن پێنجوێنی بووە، ئەو قسانەی ئیخوان پێیئەڵێن ڕووی خۆیان دەگرێتەوە.
‎٢- كرێكار؛ بێشك بۆ ڕێبازی خۆی دڵسۆزو تێكۆشەربووەو عاشقی ڕێبازەكەی موحەممەدە (سەلامی خوای لەسەربێت).
‎٣- كرێكار خاوەنی كۆمەڵێک هەڵەیە، كە سرووشتی هەموو مرۆڤێكەو من چەرمەسەریم زۆر بەدەستییەوە بینیوە، بەڵام قەت گومانم لەدڵسۆزیی ئەو نەبووە بۆ دینی خوا، شەوو ڕۆژی خستۆتە سەر یەك بۆ خوێندنەوەو گەشەپێدانی خۆی و خزمەتی دەوروپشتی. ‎بەفەخرەوە ئەو كوڕی پیاوێكی هەژاری كرێكاری بەشەرەفی دەستپاكبووەو بەمەكتەبی شەوو بەڕۆژ بەكرێكاری ئامادەیی تەواوكردووەو بەپلەی دووەمیش زانكۆی تەواوكرد.
‎٤- بمانەوێت و نەمانەوێت، كرێكار؛ ئەمڕۆ كەسایەتییەكی جیهانییەو لەهەموو شوێنێكدا كۆمەڵە كەسانێك خۆشیاندەوێت. لەكۆنگرەی پزیشكیی ئەوروپی لەپورتوغال، كۆمەڵێك پزیشكی ئیماراتی، كە وتم: كوردم، یەكسەر باسی بلیمەتیی كرێكاریان كردو زۆر موعجیببوون پێی.
‎٥- بمانەوێت و نەمانەوێت، ئەگەر هەڵبژاردنێكی ڕاستەقینەی پاكی دیموكراسی لەكوردستان بكرێ، بەئەكید كرێكار دەنگی یەكەم دێنێت.
شەوێكیان پێش چەند ساڵێك، چوومە سەهۆڵەكە لەسلێمانی تا كراسێك بكڕم، كابرای خاوەن دووكان پەلەیلێكردم، وتم: بۆچی پەلەم لێئەكەی كاكە؟ وتی: كاكە ئەچین سەیری لێدوانەكەی كرێكار ئەكەین لە ( NRT)، سەیرمكرد ئەو جادە قەرەباڵغەی سەهۆڵەكە نیمچە چۆڵەو زۆرم لاسەیربوو، كە ئەم تینوێتییە بۆ هیچ لێدوانێكی كورد نەكراوە تا ئێستا!.
‎٦- مامۆستا سەرگەتیی یەكگرتوو ئەڵێت: "بەهۆی گوناهەكانی، خوا توشی فیتنەی كرد!". واتە: زیندانییەكەی ئێستای. زۆرم لاسەیرەو مناڵێك باوەڕ بەمە ناكات! وەكو خوا تەنها خوای ئیخوان بێت و وازی لەباقییەتی ئوممەتی ئیسلام هێنابێت! 
مەلا گیان، كرێكار خۆی ئەو ڕێگایەی هەڵبژاردووەو ئەم چارەنووسەی ئەكید ئەزانی و خۆی و خێزانی ئامادەبوون بۆی، ئێ باشە كەوابێت زیندانی و كوشتنی ئیخوانەكانی میسریش، بەهۆی گوناهەكانی خۆیانەوە بووە، ئایا ئەمە عەدالەتە؟!
‎جارێكی تر، من زۆر لەكاك كرێكارەوە دوورم و لەساڵی (١٩٩٥)ەوە نە قسەم لەگەڵ كردووەو نە بینیومە، واتە: (٢٥) ساڵە، دڵیشم بەشەخسی كەمێك لێی زوویربوو، لە (١٩٩٥)دا هاتە ماڵمان، نانی خواردو دڵی چاككردمەوە، ئیتر پەیوەندیم نەبووە لەگەڵیدا. ‎بەڵام ‎بەڕاستی دڵسۆزو بلیمەتە و ڕاستگۆیە لەگەڵ بەرنامەی خۆیدا، ئێمەش وەكو برایەكی ئەو، تەنها دوعای خێر بۆ خۆی و ماڵ و مناڵی ئەكەین و داواكارم لەخودا بەخێزانیی خۆی شادكاتەوە. ئەوانەشی توانج لەو دوو كەسایەتییە ئەدەن، سەریان دای لەبەرد، وەك چۆن ئەوانەی زوڵمیان لەشارەزووری كرد، یەكبەیەكیان سەری دای لەبەردو ئیعتیزاریانكرد.
سەرچاوە: هەژماری فەیسبوکی نوسەر.

2900 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2020-11-24
Dorbeen
        

Copyright. All Rights Reserved.

Dorbeen

ئێمە

ئێمه‌ی موسوڵمان كه‌ ئێستا ره‌وتێكی نوێی ئیسلامیی كوردستانیین؛ باوه‌ڕمان وایه‌ كه‌ ئیسلام دینی ئوممه‌تێكه‌، به‌بزاڤێكی شیاو جاهیلییه‌ت ده‌گۆڕێت، تا خواپه‌رستی و دادپه‌روه‌ردی له‌دارولئیسلامێكدا بچه‌سپێت.