رێپۆرتاژ

زیندوو کوژی مردوو پەرست!!؟؟

 

 ئازاد گەرمیانی

ئەو پەسنە(وەسفەی) زۆر جار کورد بۆ خۆی بەکاردێنێ، کاتێك کە کەسە گەورە و دیارەکانی خۆی لە دەستدەدات. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە کورد لەکاتی خۆیدا ناتوانێت بەباشی سوود لە کارێزماکانی خۆی وەرگرێت، بە بیانووی جۆرا و جۆر لێیاندەخوێنن تا هەن، دواتریش ئەسرینی نەمانیان دەکێشن، چوونکە کاتی هەبوونیان هەستیان بە سەنگی بوونیان نەکردووە. وەك چۆن منداڵی لاسار قەدری بوونی دایکی ناگرێت، بەڵام کە دەمرێت ئەوکات هەست بەنەبوونی ئەو دەکات، چونکە ئەو وەك مۆم بەردەوەم بۆی سووتاوە. هەست بە پەرژینی باوکی ناکات، چونکە تیرەکانی ڕۆژگار بەر ئەو کەوتوون و ئەویش بەبێدەنگیەکەی شاردوویەتیەوە. سەرکردە دڵسۆزەکانیش ئاوان، بۆ گەل دەسووتێن، دەبنە پەرژینی باوک و ئامێزی دایک بۆیان. بەڵام میللەت لە قۆناغی هەرزەکاری و هەرزەبیریدایە بەرامبەر ئەو سەرکردانەی، چوونکە بەردەوام حەزی نەفس و شەیتان لە ناوەوە خراپەکانی بەرچاو دەخەن، لە دەریشەوە دووژمنان و تاغوتان ناوزڕیان دەکەن، مەگەر فیرعەون چی کرد بەرامبەر سەیدنا موسا؟ ئەو کە دەیوت من پەروەردگار و فەرمانڕەوای ئێوەم، وا ئێستا سۆزداری جەماوەر دەقۆزێتەوە بەرامبەر دڵسۆزی و سەرڕاستی موسا و دەڵێت....(إِنِّي أخافوٱ أَن يُبَدِّل دِينكم..) واتە: من دەترسم موسا دینەکەتان لێ بگۆڕێت(ئێستا دەڵێن دەترسین ئەمنی قەومیتان تێکبدات) ئەمڕۆش هەمان شێوەیە، ڕاگەیاندنی دوونیا لە ژێر کۆنتڕۆڵی سەرمایەداریی برسی و هەواڵگری وڵاتاندا، سەرکردە پاکەکانی ئێمە ناوزڕاو دەکەن، بەخراپ و ترسنۆك و شەڕانی و تیرۆرست و توندڕەوو هیچ لەبارانەبوو باسیان دەکەن. لەکاتێکدا هەمووان باش دەزانین کە وا نیە! دەزانین کە ئێمە لە نەبوونی پەرژینی خیلافەتا خۆمان بەپێوە ناگرین، بوونی سەرکردەکان لە نێو ئوممەتدا بە ڕێزلێگیراوی هەنگاوی یەکەمی یەکگرتنمانە بۆ بوونە بە ژمارەی نێو کایەی نێودەوڵەتی. ئەوەی ئەمەوێت ئاماژەی پێ بکەم ئەوەیە کە، دەبێت ئەمکارە لە کاتی خۆیدا بکرێت، هاتوو لەوە زیاتر دوا بکەوین درەنگ دەبێت. بە نموونەیەک ئەمە ڕوونتر دەکەینەوە.. لە سەردەمی سەیدنا حسێنی نەوەی پێغەمبەری خوا صلّی اللە علیە وسلم، ڕووداوێك ڕوویدا کە بووە هۆی شەهیدبوونی، دواتر بە ماوەی چوار ساڵ لە شەهید بوونی سەیدنا حسێن گرووپێك دروستبوون بە ناوی(تەووابین)، کە تەوبەیان لە تاوانی سەرنەخستنی سەیدنا حسێن کردبوو(کە پشتیوانی نەبوون پێش شەهیدکردنی). صەلابی دەفەرمووێت: بەڕاستی مرۆڤ کە لە هەڵوێستی ئازایانەو بوێرانەی تەووابین ڕادەمێنێ، هەناسەی سواردەبێت، ژمارەیان لە(٤) هەزار کەس تێپەڕنەبووبوو، بە باوەڕێکی پتەوو ئازایەتیەکی بێئەندازە و دان بەخۆداگرتنێکی تێر و تەواوەوە چوونە نێو گۆڕەپانی جەنگەوە و بەلانی کەم بەرەو ڕووی(۳۰) هەزار جەنگاوەری شامی بوونەوە و زیانێکی  گەورەی گیانیان لێدان و کوشتارێکی زۆریان لێکردن، تا کار بەوە گەیشت دەستیان لە خوێندا شەڵاڵ بوو، ئەگەر زۆری سووپای شام نەبووایە و گەمارۆی نەدابان و ڕێگاکانیان لێنەگرتبان و تیربارانیان نەکردایەن، بەڵێ ئەگەر دەرفەتکیان بەدەستەوە مابایە هەرگیز بە سەریاندا سەرنەدەکەوتن.

پاشان صەللابی دەڵێت: کە مرۆڤ بەرامبەر ئەم ئازایەتی و دڵسۆزی و خۆتواندنەوەیان سەرسام دەبێت هیچی بەدەستەوە نامێنێ جگە لە پرسیارێك: ئەم پاڵەوانانە لەکوێبوون کاتێک حوسێن و کەس و کاری ڕوو بەڕووی مەرگ بـبوونەوە لە کەربەلا، ئازایەتی و دڵسۆزیەکەیان لەکوێبوو کە پەیمانیان دەشکاند و بە هاوار حوسێنەوە نەچوون؟!
ببینن صەلابی چەن باش درکی بەوە کردووە کە دەرنجامی ڕژانی خوێنی ئەو مرواریە ئەوەبوو کە لەکاتی خۆیدا نەچوون بەدەمیەوە، ئاخر هەر ئەم کۆمەڵە ئازایە بەسبوون بۆ ڕوونەدانی ئەو کارەساتە گەورەیە. بەهەمان شێوە ئیبنو کەسیر دەفەرمووێت: ئەگەر ئەم بڕیاردان و کۆبوونەوەیان بۆ لە پێش گەیشتنی حسێن بووایە بۆ شوێنی شەهیدبوونی، زۆر بەسوودتر دەبوو، وە سەرکەوتنی حسێنی تێدا دەبوو. بەڵام گیانفیداییەکەیان لە کاتێکدا بووە کە(٤) ساڵی تەواو بەسەر شەهیدبوونی حسێندا تێپەڕبووە!

پارێزگاری و پێگەپارێزی سەرکردە دیندارە سەرڕاستەکان لەکاتی بوونیان زۆر بەجێیە، ئەگەر پشتگوێبخرێن هیچ گرنتیەکی نەڕووخانی دەروونیان لێناکرێت! گلەییان لێ ناکرێت کە کۆڵی قورسی بانگەوازەکەیان پێ هەڵنەگیرێ! ئەبێت لە خۆمان بپرسین ئایا ئەو کەسە جێمتمانە سەرڕاستەی بە تەمەنی خۆی پارێزگاری لە دینەکەی خوا کردووە، تا چەن من توانیومە لەگەڵیا کاربکەم بۆ بانگەوازی ئەم دینە، بۆ بڵاوکردنەوەی دینەکە، بۆ جیهاد و سەرخستنی دینەکەی خوا؟ ئایا بەڕاستی من لەکوێی هاوکێشەی بووندام؟ ئەکرێت من هیچ نەبم و هیچم پێ نەکرێت، هەر دەبێت بە بودەڵە و قەزەمی بژیم و بمرم؟! نەخێر، خوای گەورە لە وەڵامی وەها پرسیارێك دەربارەی موجاهیدانی ڕێی خۆی، لە وەڵامی شاهیدانی ڕێی خواویستی دەفەرمووێت: أنتُمُ الأَعلَونَ إِن کنْتُمْ مُؤنِینْ. واتە: ئێوە بەرزتر و شکۆدارترن، مادام(بڕوادارن). بەڵێ دەبێت بزانین کە مەرجی سەرکەوتنی خوایی سەرڕاستی دینداریە، ئیمانداری و خواناسین و خوا پەرستن و گەیاندنی بانگەوازەکەی خوایە. بەڵام دەبێت ئەوەمان لا بەڵگە نەویست بێت کە ئێمە بە تەنها ناتوانین ئەم کارانە بکەین، پێغەمبەری خوا صلّی اللە علیە وسلم بە تەنها نەیکرد، بەڵکو بە کۆمەڵکاری و لەگەڵ یاوەرانی خۆیدا ئەمەی کرد. بەڵام خۆ یاوەرانی لاسار و لادەر نەبوون لە ئاستی فەرمانەکانی. بۆ مەگەر سەرکردەیەك دەتوانین سەرکردایەتی گەلی لاسار و ملنەدەر و ترسنۆك بکات؟! بۆ دەکرێت گەلێك، ئوممەتێك، هەبێت بە ترسنۆکی خۆیان سەرکردەکانیان بەجێ بهێڵن و خوای گەورەش سەرکەوتنیان بداتێ بە بێ سەرکردە و پێشەوا و هەر بە پەرتەوازەیی؟! نەخێر، بێگومان نەخێر.
باروودۆخی ئێستای مامۆستا کرێکار(خوای گەورە ئازادی کات) بە هەمان شێوەیە، ئەگەری لە دەستدانی زۆر گەورەیە. پێویستی بە هەڵوێستی جوامێرانە و هیممەتی بەرزی دیندارانە و برایانە هەیە لە ئاستیدا.

2304 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2019-07-17
زۆرترین خوێندراو
Dorbeen
        

Copyright. All Rights Reserved.

Dorbeen

ئێمە

ئێمه‌ی موسوڵمان كه‌ ئێستا ره‌وتێكی نوێی ئیسلامیی كوردستانیین؛ باوه‌ڕمان وایه‌ كه‌ ئیسلام دینی ئوممه‌تێكه‌، به‌بزاڤێكی شیاو جاهیلییه‌ت ده‌گۆڕێت، تا خواپه‌رستی و دادپه‌روه‌ردی له‌دارولئیسلامێكدا بچه‌سپێت.