ئیسلامناسی

یەکجۆریى خواپەرستى

یەکجۆریى خواپەرستى

ئەو خوا تاک و پاکەى ئێمەى موسوڵمان باوەڕمان بەخوایەتییەکەى هێناوە فەرمویەتى: {وَمَا خَلَقْتُ الْجِنَّ وَالْإِنسَ إِلَّا لِيَعْبُدُونِ} -الذاريات: 56-
واتە: پەرى و مرۆڤم بۆ پەرستنى خۆم بەدیهێناوە.
باوەڕهێنان بەخواى پەروەردگار، بەوە دێتە دی کە موسوڵمانەکە بەهەست و هۆشى و ڕەفتار( گوفتارو کردار) خواپەرستى بکات.
مرۆڤێتىی مرۆڤیش بەم ئینتیماو خواپەرستییە دەبێت، ئەو خواپەرستییەى لەسەر هەر هەموو موسوڵمانان فەرزکراوە هەر یەکە، هەموو موسوڵمانێک نێرینەو مێینە، حاکم و مەحکوم، مەلاو نەخوێندەوار وەکو یەکن تێیدا، لەسەر هەموویان فەرزەو هەموویشیان هەر بەیەک جۆر ئەدایدەکەن.
ئەمەیش مانایەکى ترى یەکبوونى موسوڵمانان و ئینتیمایانە، ئەمە جگە لەوەى خواپەرستییە ئیسلامییەکان، واتاو کاریگەریى خۆیان هەیە، کە دەبنەوە بەهۆکارى ئیزافى بۆ بەهێزبوونى گیانى کۆمەڵکاریی ئوممەتى و پتەوبوونى شیرازەى پەیوەندیى نێوان تاک و کۆى ئوممەت و توندوتۆڵبوونى ئینتیماکە.
بۆ نموونە: قیبلەى نوێژى هەموو موسوڵمانانى جیهان یەکە، موسوڵمانان لەهەر کوێ بن لەشەوو ڕۆژێکدا -لانى کەم- پێنج جار ڕوو دەکەنە کەعبە، ئەمەیش کاریگەرە لەیەکخستنى هۆش و هزرو هەستى ناخى هەر یەکەیان، کە ئا ئەم خەڵکەى وەکو من ڕوویان لەکەعبەیە، یەکین و هەموومان ئەندامى خواناسى ئوممەتى ئیسلامین.
هەروەها ڕۆژووگرتنى مانگى ڕەمەزان، کە موسوڵمانانى جیهان لەیەک مانگدا بەیەک جۆر بەڕۆژوودەبن و ڕەفتارو ڕەوشتیان تا ڕادەیەکى زۆر وەکو یەکیان لێدێت، چونکە خواناسانەتر ڕەفتاردەکەن.
ئەمەیش ئەو هەستە لاى موسوڵمان دروستدەکات کە ئا ئەوەتا ئەندامانى ئەم ئوممەتە هەروەکو لەناو خۆیاندا وەکو یەکن، ئوممەتەکەیشیان لەهەموو کۆمەڵگەیەکى ترى بەشەرى جیایە..
ئەمە جگە لەوەى کە ڕۆژووەکەیش وەکو نوێژەکە، گیانى برایەتیی دینى و هەستى ئینتیماى یەک ئوممەتى لەموسوڵماندا دەڕوێنێت.
حەجکردنیش هەروایە.. موسوڵمانێکى زۆرى زمان و ڕەنگ و وڵات جیاواز، هەموو ساڵێک لەمەککە کۆدەبنەوەو لەیەک کاتدا ملیۆنەهاو یەک جۆر ڕەفتارى خواپەرستى پێکەوە ئەنجامدەدەن، سروشتى فەرزێتى حەجەکە وایە کە هەر موسوڵمانێک تواناى جەستەیى و دارایى حەجکردنى هەبێت و پێشتر حەجى نەکردبێت، فەرزە لەسەرى بچێتە حەج.
بەم ڕێساو ئەحکامەیش موسوڵمانان لەهەر هەموو جیهانەوە بەشداریى حەجکردنەکە دەکەن، چونکە وڵات نییە لەم سەرزەمینەدا -لەم زەمانەدا- موسوڵمانێکى بەتواناى حەجکردنى لێنەبێت.
بەمەیش موسوڵمانانى هەموو شوێنێک دەچنە یەک شوێن، بەیەک جۆر پۆشاکەوەو یەک جۆر ڕستەى خواپەرستى دەڵێنەوەو یەک جۆر بزاوت و هەڵوێستیان پێکەوە دەبێت.
لەحەج و بەحەجکردنەکە، موسوڵمانان لەیەکتریدا دەتوێنەوە، هەموویان هەستى ئینتیماى یەک ئوممەتیى خۆیان دەکەن، کەس لەو هەموو ملیۆنەها حاجییە: پۆشاکى، یان گوفتارى، یان بزاوت، هەڵوێست و ڕەفتارى جیاوازى خۆى نییە، هەموو وەک یەک جەستە دەبزوون و دەسرەون! یەکجۆریى خواپەرستى، هەرچەندە خۆى نیشانەى یەک ئوممەتییە، لەهەمان کاتیشدا هۆکارو پاڵنەرى ئەو یەک ئوممەتییەیشە.

ئا: ئازاد کەرکوکى
چاوگ: کتێبی بنەماکانى دەوڵەت لەئیسلامدا، ن: سەعید حەووا، و: شێخى زیندان.
402 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2023-02-03
زۆرترین خوێندراو
Dorbeen
        

Copyright. All Rights Reserved.

Dorbeen

ئێمە

ئێمه‌ی موسوڵمان كه‌ ئێستا ره‌وتێكی نوێی ئیسلامیی كوردستانیین؛ باوه‌ڕمان وایه‌ كه‌ ئیسلام دینی ئوممه‌تێكه‌، به‌بزاڤێكی شیاو جاهیلییه‌ت ده‌گۆڕێت، تا خواپه‌رستی و دادپه‌روه‌ردی له‌دارولئیسلامێكدا بچه‌سپێت.