دیدار

دیداری پێگه‌ی دووربین له‌گه‌ڵ دایكی سه‌یددا

دایکی سەید: "مامۆستا کرێکار؛ تەنها ئیسلام ناسنامەیەتی و کەسایەتییەکی بێ وڵاتە!"


سەبارەت بەدۆسییەی مامۆستا کرێکار، بارودۆخی زیندانی و دواترین گۆڕانکاری لەو بارەیەوە، پێگەی دووربین، لەگەڵ هاوسەری مامۆستا کرێکاردا کە ناسراوە بەدایکی سەید، ئەم دیدارەی سازکرد، لێرەدا ناوبراو وەڵامی پرسیارەکانی پێگەکەتان دەداتەوە.

· پێگەی دووربین: پێناسەی مامۆستا كرێكار؛ لەلایەن هاوسەرییەوە چۆن دەکرێ؟
دایکی سەید: بسم الله الرحمن الرحیم، مامۆستا کرێکار هاوسەرێکی: بەڕێز، بەوەفا، سالارو سەنگینە، ماوەی چەندێکە پێکەوە ژیاوین، لەهەموو قۆناغەکانی ژیانمدا لەبەرچاوم بەرزترو بەرزتربۆتەوە، ئەو کاتانەی کە لەزیندانیشدابووبێت، کە دەچووین بۆ لای، نوکتەو قسەی خۆشی بۆ دەکردین و دڵنەوایی دەکردینەوە، هەمیشە دەیوت: "بەخوا وەک موسوڵمانێکی تەمەن (٢٥) ساڵی گڕوتینم بۆ خزمەتی دینەکەم هەیە، ئەوان دەزانن من بێتاوانم، بەڵام لەبیروباوەڕمان دەترسن". لەکاتێکدا سەیری زنجیرە درامای عومەری کوڕی خەتاب (خوا لێیڕازیبێت) دەکەم، زۆربەی سیفەتەکانی مامۆستا کرێکارم دێتەوە پێش چاو. مامۆستا کرێکار باوکێکی دڵسۆزو بەبەزەیی بووە، هیچ کاتێک بڕیاری لەسەر شتێک نەداوە، کە پەیوەندیی بەمن، یان بەمنداڵەکانمانەوە هەبووبێت ئەگەر بەویستی خۆمان نەبووبێت، یان دانیشتووین پێکەوە بۆچوونەکانمان شیکردۆتەوەو رەئی ئێمەیشی وەرگرتووە، زۆر متەوازع بووە لەگەڵ ئێمەو خەڵکانی تریشدا، بۆیە هەمیشە خۆشەویستبووە لای هەمووان، چونکە لەکاتی هەڵسوکەوتیدا لەگەڵ پیر، لاوو منداڵدا، هەرکەسەیان حەقی خۆی دەدایەو مەجلیس و قسەی خۆشبوو. هەمیشە رووبەڕووی ناحەقی و زۆرداری راوەستاوەتەوە، هەرچەندە زۆریش لەسەری کەوتبێت، هەروەک ئێستا لەزیندانی ئیتاڵیادایە، بۆئەوەی ئەو دەنگە زوڵاڵ و حەقەی نەگات بەخەڵکی. بەڕاستی ناوی خۆی بەخۆیەوەیەتی و وەک ئەستێرەیەک بووە بۆ رێپیشاندانی خەڵکی بۆ ئەم ئیسلامە، توانایەکی زۆری خستۆتەگەڕ بۆ خزمەتی موسوڵمانان و هاوزمانەکانی، هەمیشە بەخەمبووە بۆئەوەی ئاسانکاریبکات بۆ گەیاندنی پەیامی پیرۆزی ئیسلام بەشێوازە جیاوازەکان، هەرگیز تەنازولی بۆ هیچ حزب و دەستەڵاتدارێک نەکردووە، بەکورتی: مامۆستا کرێکار؛ تەنها ئیسلام ناسنامەیەتی و کەسایەتییەکی بێ وڵاتە!.

· پێگەی دووربین: هەر لەسەرەتای هاوسەرگیریتانەوە، مامۆستا كرێكار چەندین جار دووچاری زیندانیکران بووەتەوە، ئێستایش وا لەزیندانێكی دوورە دەستدایە، ئەم مەزڵومێتییە تا چەند ئێوەیشی گرتۆتەوە؟
دایکی سەید: نزیکەی (٦٤) جار مامۆستایان داوە بەدادگا، لەو کاتەوەی قەزییەکەیان بۆ درووستکردووە، بەدڵنیاییەوە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر من و منداڵەکانیش هەبووە. بەڕاستی فەراغێکی زۆری لەماڵەکەماندا درووستکردووە، کە پڕنابێتەوە، من دەزانم هەموو کوردێکی موسوڵمان هەست بەو بۆشاییە دەکات، ئەی دەبێت لەماڵی ئێمەدا چۆن بێت؟ بەدڵنیاییەوە ئێمەیش وەک؛ هەمیشە باوکی سەید دەیوت: "خۆمان داوەتە دەست قەدەری خوای گەورە".

· پێگەی دووربین: بەپێی دوایین زانیاریی بەڕێزت، دۆسییەی مامۆستا كرێكار لەئیتاڵیا، بەچی گەیشتووە؟
دایکی سەید: لەدوای ئەوەی تەسلیم بەئیتاڵیا کرا، یەک دانیشتن لەدادگای ئەو وڵاتەدا کراوە، کە لە (٢٠٢٠/١٠/١٥ز)دا بوو، بەڵام بەهیچ شێوەیەک مەجالیان نەدا بەمامۆستا قسەبکات، تەنها ئەوەنەبێت لەکاتێکدا کە ویستیان کۆتایی بەجەلسەکە بهێنن، دادوەرەکان وتیان: فەرموو ئەوەیش (١٠) دەقیقە بۆ تۆ قسەبکە! بەشەرتێک لەو کاتەیشدا (٥) دەقیقەی بۆ موتەرجیم دەڕۆیشت و تەنها کاتی (٥) دەقیقە بۆ باوکی سەید دەمایەوە! لەبەرئەوە مامۆستا پێیوتن: "ئێوە حوکمی (١٢) ساڵ زیندانیتان بەسەردا سەپاندوم، بەبێئەوەی ئاگام لەهیچ بووبێت، دەبێت رێگەیش بەمن بدەن بۆئەوەی (١٢) سەعات قسەبکەم". بەڵام رێگەیانپێنەداو وەک؛ مەحکەمە (١٢) ساڵەکەیان بەسەردا سەپاندووە. لەو کاتەی مامۆستایان رادەستی ئیتاڵیا کرد، بەتێکڕای رۆژانە (٣٥٠٠) کەس بەهۆی کۆرۆناوە لەو وڵاتەدا دەمردن، خۆی بۆی باسکردین، ئەو کاتەی گەیشتۆتە رۆما بارودۆخی ئەوێ زۆر خراپبووە، دوو مانگ و نیو لەزیندانی رۆمادا بووە، هەروەها دەیوت: "کەرخانەکەی رۆما هەرچیی تێدایە، مایەی ئەزییەتە". پاشان لەهاویندا گواستیانەوە بۆ (نۆرۆ) لەباشووری ئیتاڵیا، کە ئەو ناوچەیە لەو وەرزەدا زۆر گەرمە! کەچی دواتریش لەزستاندا گواستیانەوە بۆ (ئەلیساندریا) کە ئەوێ لەو وەرزەدا زۆر ساردە! مامۆستا دەیوت: "لەماوەی (١٠) مانگدا وەزنم (٢٢) کیلۆگرام کەمیکردبوو". ئیستایش کە لەم زیندانەدایە، ئەوانەی کە لەوێ زیندانیین ماوەی (٣٠-٣٥) ساڵدەبێت لەو زیندانەدان و هیچ موسوڵمانێکیشی تێدانییە. هەروەها نیزامی تەندروستیی لەئیتاڵیادا زۆر خراپەو مامۆستا دەڵێت: "وەک بارودۆخی ساڵانی دەیەی (٥٠-٦٠)ەکانی سەدەی بیستەمی عێراق وایە!"، بەڵام مامۆستا خۆی بایەخدەدات بەپاراستنی باری تەندروستی.

· پێگەی دووربین: بارودۆخی مامۆستا كرێكار لەزیندانە نوێیەكەیدا چۆنە؟
دایکی سەید: لەدوای ئەوەی تەسلیم بەئیتاڵیا کرا، بەداخەوە هەمیشە مامۆستا دەڵێت: "وەک ئەوە وایە: منیان خستبێتە ناو بیرێکەوە، چونکە ئاگام لەهەواڵی دونیای دەرەوە نییە، بەتایبەتی کوردستان". لەو زیندانەدا تەنها کەناڵێکی تەلەفزیۆنیی بەزمانی ئیتاڵی هەیەو بەهیچ زمانێکی تر نییە.

· پێگەی دووربین: دوایین جار، كە سەردانی مامۆستا کرێکارتان لەزینداندا کرد، كەی بوو، چیی پێوتن؟ لەکاتێکدا لەڕێگەی سكایپەوە، پەیوەندیی بەمامۆستاوە دەكەن، زیاتر جەخت لەچی دەكاتەوە؟
دایکی سەید: نزیکەی (٤) مانگ لەمەوپێش سوپاس بۆ خوا، سەردانیمانکرد، مەعنەویەتی زۆر بەرزبوو، دەیوت: "من لەململانێ لەپێناوی دینەکەمدا، لەلام ئاساییە هەرچییەک بێتە ڕێم" هەروەها هەموو کاتێک بۆ ئێمەو هەموو خوشک و برا ئازیزەکانمان جەختدەکاتەوە لەسەر ئەمانە: "راگرتنی دینەکە، هەستی بەرپرسیارێتی، پاراستنی خێزان، باش پەروەردەکردنی نەوەکانمان، چاپکردنی کتێبەکان".

· پێگەی دووربین: ئەو كەسایەتی و لایەنانەی، سەبارەت بەقەزییەی مامۆستا كرێكار، ئامادەییان بۆ هاوكاریكردنتان دەربڕیبوو ، تا ئێستا بەشێوەی كرداری هاتوونەتە پێشەوە؟
دایکی سەید: جگە لەکاک موحەممەدی حاجی مەحمود، کە زۆر رێزمان بۆی هەیە، هیچ کەسایەتییەکی تری لایەنەکانی تر بەشێوەی کرداری، لەوبارەیەوە هەوڵیاننەداوە.

3475 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2022-03-05
زۆرترین خوێندراو
Dorbeen
        

Copyright. All Rights Reserved.

Dorbeen

ئێمە

ئێمه‌ی موسوڵمان كه‌ ئێستا ره‌وتێكی نوێی ئیسلامیی كوردستانیین؛ باوه‌ڕمان وایه‌ كه‌ ئیسلام دینی ئوممه‌تێكه‌، به‌بزاڤێكی شیاو جاهیلییه‌ت ده‌گۆڕێت، تا خواپه‌رستی و دادپه‌روه‌ردی له‌دارولئیسلامێكدا بچه‌سپێت.