بزوتنه‌وه‌ی عبدالقادری جه‌زائیری
بزوتنه‌وه‌ی عبدالقادری جه‌زائیری
دوای ئه‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسییه‌كان له ساڵی (١٨٣٠)دا چوونه جه‌زائیره‌وه كۆمه‌ڵێك بزووتنه‌وه‌ی جیهادییانه له دژیان به‌رپا بوو، چونكه له‌وێش كۆمه‌ڵێك فه‌توا له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی دارولئیسلام و دارولكوفر ده‌رچوو كه به پێی سرووشتی شه‌ریعه‌تی ئیسلام ئه‌وه‌ش دێته‌وه سه‌ر باسه‌كانی كوفر‌و ئیمان و هیجره‌ت و جیهاد و، شێوه‌ی ڕه‌فتاركردن له‌گه‌ڵ كافران و، دابه‌ش بوونیان بۆ كافری شه‌ڕانی و كافری موسالیم...سی چل ساڵ بوو پێش هاتنی فه‌ڕه‌نساییه‌كان شێخانی ته‌ریقه‌ت و موفتی و قازییه‌كان كه‌لێنه ئیدارییه‌كانیان پڕ كردبۆوه (چونكه ده‌وڵه‌تی عوسمانی هه‌ر كه‌نار ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاستی له باكووره‌وه گرتبوو، نه‌چووبووه قوڵایی جه‌زائیره‌وه) له‌وانه‌ش ته‌ریقه‌تی قادری له‌سه‌ر ده‌ستی شێخ محێدین كه له ڕاستیدا ئه‌ویش وه‌كو زۆر له بزووتنه‌وه‌ی سۆفییه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه نه‌فه‌سێكی سه‌له‌فێتی گرنگی تێگه‌ڕابوو، شێخ محێدین هه‌ر كه‌سێكی بانگ ده‌كرد بۆ به‌یعه‌ت پێدانی باسی ته‌وحیدو شیركی بۆ ده‌كردو به پابه‌ندبوون به سوننه‌ت و لادانی بیدعه‌وه دیندارییه‌كه‌ی له دڵ و ده‌رووندا نوێ ده‌كرده‌وه‌و، یه‌كسه‌ر به‌یعه‌تی جیهادیشی لێ وه‌رده‌گرت.. دوای كۆچی دوایی خۆی عبدالقادری كوڕی هاته جێی (١٨٠٨-١٨٨٣) كه یه‌كسه‌ر تیره‌و هۆزه‌كانی ڕۆژئاوای جه‌زائیر به‌یعه‌تیان پێداو له ساڵی (١٨٣٢)دا چه‌كی جیهادیان له‌گه‌ڵدا دژی فه‌ڕه‌نساییه‌كان كرده شان.! ئه‌مه‌شی به به‌یعه‌تێكی نووسراو له‌به‌ر ده‌ستیاندا داده‌نا! [1]
شێخ عبدالقادر كه به ئه‌میر عبدالقادر جه‌زائیری ناوبانگی ده‌ركرد، توانی له ساڵانی (١٨٣٤ و ١٨٣٧)دا دوو ڕێككه‌وتنـنامه له‌گه‌ڵ فه‌ڕه‌نسییه‌كاندا مۆر كات كه تا ماوه‌یه‌كی باش هێمنی و ئاسایشی ئه‌و ناوچانه‌ی پاراست كه له به‌رده‌ستی موجاهیده‌كانیدا بوون، به‌مه‌ش خۆیان به‌هێزتر كرد، به تایبه‌تی له ڕۆژهەڵاتی جه‌زائیر...
توانی ئیداره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆو سوپایه‌كی مه‌شق پێكراوی ڕێك و پێك دامه‌زرێنێت، كه شه‌ڕ له (١٨٣٩)دا هه‌ڵگیرسایه‌وه تا ماوه‌یه‌كی باش توانیان خۆیان به‌رامبه‌ر له‌شكری فه‌ڕه‌نساییه‌كان ڕاگرن، بەڵام سیاسه‌تی زه‌مینی سووتاو كه فه‌ڕه‌نسییه‌كان دژی گوند‌و ناوچه‌ی موجاهیدان گرتیانه به‌ر، هه‌روه‌ها ئه‌و گه‌مارۆیه‌ی كه له پشته‌وه سوڵتان عبدالرحمانی دەسەڵاتداری مه‌غریب (١٨٢٣-١٨٥٩) به فیتی فه‌ڕه‌نساییه‌كان كردی، كارتێكردنی سلبیان له تێكشكانی شۆڕشه‌كه‌ی ئه‌میر عبدالقادری جه‌زائیریدا هه‌بوو. ئیتر ئه‌وه بوو دوای چه‌ندین شه‌ڕی نا به‌رامبه‌ر ئه‌میر عبدالقادر له ساڵی (١٨٤٧) له شه‌ڕێكدا به دیلی كه‌وته به‌ر ده‌ست فه‌ڕه‌نساییه‌كان و به زیندانی بردیانه فه‌ڕه‌نساو تا ساڵی (١٨٥٢) له‌وێ هێشتیانه‌وه، ئینجا له‌و ساڵه‌دا ڕێیان پێدا بێته سوریا‌و له‌وێ مایه‌وه تا له ساڵی (١٨٨٣)دا له دیمه‌شق كۆچی دوایی كرد رحمه الله..
ئه‌میر عبدالقادر شێخێكی ته‌ریقه‌ت بوو، بەڵام چاوكراوه بوو، وه‌كو شێخ عوبه‌یدوالله‌ی نێهری كوردان بوو، هه‌م زانای شه‌رع بوون هه‌م شێخی ته‌ریقه‌ت.. ته‌ریقه‌تی قادری له‌سه‌ر ده‌ستی شێخ عبدالقادری جه‌زائیری بووه بزووتنه‌وه‌یه‌كی سه‌له‌فی پوخت و به‌هێز، زۆری بایه‌خ به یه‌ك خواپه‌رستی و شیرك ده‌دا، هه‌روه‌ها به سوننه‌ت و بیدعه‌ت.خۆشی له‌سه‌ر جیهادو سۆفێتی و بیدعه كتێبی نوسیووه، له زۆر مه‌سه‌له‌ی شه‌رعی گه‌وره‌دا وه‌كو ئه‌حكامی دارولئیسلام و دارولكوفرو هیجره‌ت و وه‌لاء و به‌راء نامه‌ی بۆ زانایانی وه‌ك عه‌بدوسسه‌لامی ته‌سولی ده‌نوسی، وه‌كو كه له ساڵی (١٨٢٤)دا پرسه شه‌رعییه‌كه‌ی له نامه‌یه‌كیدا بۆ نوسی تا حوكمی شه‌رعیی ئه‌و تیره‌و هۆزانه‌ی بۆ ڕوونكاته‌وه كه یارمه‌تی بزووتنه‌وه جیهادییه‌كه‌ی دژی كافرانی فه‌ڕه‌نسی ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه‌و، یارمه‌تی دارایشی بۆ نانێرن، یان ده‌رباره‌ی دانیشتن له سایه‌ی دارولكوفرێكدا كه فه‌ڕه‌نساییه‌كان له ووڵاتدا درووستیان كردووه.. هه‌روه‌ها نامه‌ی تریشی بۆ ده‌ره‌وه‌ی جه‌زائیرو بۆ زانایانی تر ده‌نارد، وه‌كو شێخ محمد عه‌لیش (١٨٠٢-١٨٨٣) كه شێخی مالیكییه‌كان بوو له میسر، یان بۆ شێخ عبدالهادی العه‌له‌وی الحوسه‌ینی پێشه‌وای قازیانی ووڵاتی فاس له مه‌غریب..چونكه شێخ عبدالقادر كۆمه‌ڵه فه‌توایه‌كی زۆری له‌سه‌ر ئه‌و زاراوانه‌ی دارولئیسلام و دار الحه‌رب و هیجره‌ت و جیهاد لا كۆ بووبوویه‌وه، خۆشی زانا بوو، كتێبێكی چاكی له‌و باره‌وه نووسی كه كاریگه‌رییه‌كی زۆری هه‌بوو له‌سه‌ر سه‌رۆك خێڵ و عه‌شیره‌ته‌كان، كه هه‌یانبوو هیجره‌تی بۆ مه‌غریب یان تونس یان شام ده‌كرد.. بۆیه فه‌ڕه‌نساییه‌كان كه‌وتنه به‌كارهێنانی فه‌توای مه‌لای دانیشتووی پواوی به‌ر سێبه‌ری خۆیان.. هه‌روه‌ها خراپ به‌كارهێنانی ئه‌و ڕاجوێییه‌ی له ناو مه‌زهه‌ب و زاناكاندا هه‌بوو، سوودیان له‌مانه وه‌رگرت و ماوه‌یه‌ك هیجره‌تیان به‌م فه‌توا سه‌قه‌تانه كه‌م كرده‌وه. بەڵام له دوای نه‌مانی شێخ عبدالقادر خۆی، فه‌توای هیجره‌ت زیاتر بڵاوبۆوه‌و سه‌ر له نوێ زه‌رووره‌تی هیجره‌ت بووه‌وه به باسی كۆمه‌ڵگه‌و هیجره‌تی به كۆمه‌ڵی به‌رچاویش له (١٩١١)دا زیاتر ڕوویدا كه ته‌قریبه‌ن هه‌موو خه‌ڵكی ناوچه‌ی تلمسانی جه‌زائیر به‌ره‌و ڕۆژهەڵات هیجره‌تیان كرد..
كتێبی: ڕمان و ڕامان
نووسینی: مامۆستا كرێكار
[1] ده‌قه‌كه‌ی وا له كتێبی تحفة الزائر في تأریخ الجزائر والأمیر عبدالقادر دا كه دوو به‌رگه‌و له دار النشری ممدوح حه‌قی لوبنان له ١٩٦٤ چاپ بووه ١/١٥٩.
|