بیروڕا

من چیم لەمامۆستادا دەبینی!؟












بەڵێ لەو ماوەیەی من مامۆستا کرێکارم لە نزیکەوە تیا ناسی زۆر شتم لێ بەدی دەکرد؛ خۆشی دەیفەرموو ❞ئێوە ئەم کرێکارە وەکو لیمۆ بەرکاربێنن، سوود لە ئاوەکەی وەرگرن، لە توێکڵەکەی وەرگرن، سوود لە ناوکەکەشی وەرگرن❝ ئەو لەوانە نەبوو بیەوێت خۆی سەنتەری باس و ئەسڵی کاربێت، وە نەبێت بیەوێت مەدحی خۆی بکات! لێ ئەو باشی دەزانی کە ئەو شتی زۆر پێیە بیبەخشێت و لە هەر ساتێکیشدابێت ڕەنگە لەپێشچاوان ونبێت.
کە لە خزمەتی ئەودا دەبووم.. لە وشکایی بیابیانی نەزانیمدا کە دەهاتە گۆ، وەکو لێزمە باران هەموو تەپوتۆزێکی گومان و بەرچاو تاریکییەکی سیاسیان و گشت سەرابێکی ئامانجی جاهیلیانە دەشنینەوە. ئەو کاتانەی ئەو دەباری هەموو شتێک وەکو گوڵ دەگەشانەوە، وەکو ئاوێنەیەکی تۆزاوی، بێگەرد دەبوون. هەموو ئەوەی هەیبوو بە منی دەدا و دەستی دەگرتم تا دەیگەیاندمە سەر کارێزی پاک و بێگەردی قورئان.
کە ناوی دێتە بەرگوێم و شێوەی پاکی دێ بە بیرما.. هەستدەکەم باوکمی لێیە و دەیەوێت من لەو باشتر بم، لەو ژیرتر بم، لەو زاناتر و کارزانتر بم. ماممی لێیە موحاسەبەی هەموو کارێکم لەگەڵ دەکات و دەیەوێت من جێگەی شانازی ئەو بم. باپیرمم وا لە پێشەو، دەستە چرچ و لۆچەکانی دێنێت بەسەر ڕوخسارمدا و دەیەوێت من وا پێبگەم کە ئەو لە خۆشیاندا بگری! هەر کەسێک ئەوی هەبێت، لە دوای خوای میهرەبان بەسییەتی کە بڵێت هەموو شتێکم هەیە، چونکە ئەو هەموو خۆی دەدا بە خەڵکی. ئەوەشی ئەوی نەبووبێت، دەبێت وەکو مناڵێکی بێباوک هەر بڵێت ❞خۆزگە دەمزانی بزەی باوک چۆنە...❝ خەڵک زۆر دەڵێن ئەو مەوسوعەیە، ئەو گۆگڵە ئەو وا و ئەو وا.. ئێ ئەگەر کەسێک خۆی گۆگڵی نەدیبێت چوزانێت کە گۆگڵ چییە؟!
مامۆستا هەر مەوسوعەی زانیاری نێو کتێبەکان نەبوو، بۆیە زۆرجار تێکدەگیرا لەگەڵ ئەوانەی هەموو شتێکی هەیانە وا لە نێو کتێبان. ئەو مەوسوعەی ئەزموونەکانیش بوو، ئەزموونکردنی زانکۆگەل و حوجرەی جودا و حیزبی گەورەی وەکو ئیخوان، ئەزموونی ڕاستەوخۆی زیاتر لە ٥۰۰ زانا و بیانگخواز و بیرمەندی ئیسلامی. وەکو د.عومەر عەلی دەڵێت ❞من کەسی وەکو ئەوم نەبینیوە، دڵنیام خۆشی کەسی وەکو خۆی نەبینیوە❝ ئەمە وتەی گەنجێکە کە سەدان گەشتی بە جیهاندا کردووە، وتەی گەنجێکە لە زەمانی یوتیوبدا دەژی! خۆ مامۆستا ئەمانەی کە بینیوە هەر وا نەبووە! بەڵکو بۆی بوون بە پێشەوا، زاهیدە وەکو ناسری سوبحانی، بانگخوازە وەکو ئەحمەد دیدات، نوسەرە وەکو عبداللە عەززام، موجاهیدە وەکو ئوسامە بن لادن... زۆری تر کە لە ڕاستەوخۆ نەیبینیبوون بەڵام ئەویان داڕشت و کردیان بە "کرێکار"، ئەو ڕەسەنە وەکو شێخ سەعیدی پیران، شاعیر و ئەدیبە وەکو محمد ئیقبال، شیعرەکانی مەدرەسەی پەروەردە بوونن. ئەو هەر هەر کەسی دەدی و ناوی هەرکەسی دەبیست، ترۆپکی کەسایەتی ئەوی وەردەگرت بۆخۆی، بۆیە ئەو بوو بە مەوسوعە. چما مەوسوعە هەر بە کتێب خوێندنەوە بێت؟!
من لە ئەودا خەمێکی وا قوڵم دەدی، کە لە هیچ نەدەترسام ئەوە نەبێت لە دوای خۆی چۆن هەڵدەگیرێت؟ سپیبوونە خێراکەی ڕیشە جوانەکەی تەزووی بە گیانمدا دێنا و ئۆقرەی لەبەر دڵ و گیانم دەبڕی، بەڵام ورە بەرزی و ئیمانە سەفین ئاساکەی وەکو هەموو شاهیدانی خواویستی منیشی لەسەر پێ ڕادەگرت. ئاخر ئەوەی ئەو درکی پێدەکرد زۆر زیاتر بوو.. خۆ نەدەکرا ئەو دڵە پڕ لە خرۆش خەم و پەرۆش و تاسە و جۆشە، ڕیشی ڕەش بە ڕوخساریەوەبێت، نەدەکرا ئەو چاوە ماندووانە بەبێ چاویلکە بسرەوێ، نەدەکرا ئەو دەنگە زوڵاڵە بەبێ زیندان جێ بەخۆی و سەرجەمی شاهیدان بگرێ، هەر نەدەکرا ئەو یەقینە تۆسقاڵێک ترس لەو دڵە بێگەردەی بگرێ؛ بەڵێ ئەمانەم هەمیشە دەدی.. هەروەکو کە لەناو دڵی ئەودا بژیم و لەناو دڵی مندا بژی، چونکە ئەو هەموو کەسی وا دەسازاند کە "لانی کەم" وەکو خۆی بن! خۆزگە زیاتر لێتەوە نزیک دەبووم و زیاترم دەدی مامۆستای من. ڕاستە وەکو لێزمە باران دادەباریت، بەڵام کوا هێشتا کارێزەکان نەتەقیون.. جارێ زووە. چیاکانی هەورامان تاسوقیان لە بۆنی بارووت نەشکاوە و هێشتا چاوەڕێی هاتنەوەت دەکەن قوربان. هێشتا مینبەر زۆر مزگەوت لە جێی "مزگەوتی جیهاد" تامەزرۆی گەورەبوونە بە بەژنی تۆ، چاوەڕێی چونە ڕیزی مینبەرەکانی مێژووە بە دەنگی تۆ، چاوەڕێی جەمبوونی موجاهیدانی جاری جارانە بە بوونی تۆ و چەکەکەی لای دەستی ڕاستت.
مامۆستا گیان خۆ هێشتاکە
«نیشتیمانم چاوی گەشی چاوەڕێیە و
تۆش دوو چاوی گەش و گۆڵی کوردستانی» "کۆساری"
هێشتا زووبوو بۆ بزر بوون، خۆ ماویەتی پێمان بڵێی ئەبێت چۆن ببین بە"شاهید" و ڕێگای سەختی "خواویستی" تەیکەین، کە چۆن "ڕەوتێکی" وا دروستکەین لە نێوان ئیسلام و کوفرا وەکو "شاخ" پێ لە ناخی ئەرزا ڕۆکا. ئێمە ئومێدمان زۆرە و بە تاسووقێکەوە چاوەڕێین، وەکو منداڵ کە بیری باوکی خۆی دەکات، لەوە دڵنیابە باپیرە، کە چرکەکانمان بۆ ژماردویت. مامۆستا گیان، گیانی ئێمە، ”ئەی خاکی تر لە خاکی گڵ“ هەناسەی سینەی ماندووی ڕێی هەورازی شاهیدیدان، چرای ڕێگا دڕک و داڵمان...
«ڕاستە دوورین لەیەک گەرچی
خۆ ڕازی دڵ دەگا بە دڵ»
مامۆستا گیان
بڵێی کەی بێیتەوە ناومان
وەکو جریوەی پاساری
بەسەر خاکمانا داباری؟
نان و ئەمان بێنیتەوە
فاتیحەکەی ڕێی ڕزگاری» "یاخی"
ئامەد کامەران
3059 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2020-02-08
Dorbeen
        

Copyright. All Rights Reserved.

Dorbeen

ئێمە

ئێمه‌ی موسوڵمان كه‌ ئێستا ره‌وتێكی نوێی ئیسلامیی كوردستانیین؛ باوه‌ڕمان وایه‌ كه‌ ئیسلام دینی ئوممه‌تێكه‌، به‌بزاڤێكی شیاو جاهیلییه‌ت ده‌گۆڕێت، تا خواپه‌رستی و دادپه‌روه‌ردی له‌دارولئیسلامێكدا بچه‌سپێت.