کوشتنی قاسمی سلێمانی و زیندانی کردنی مه‌لا کرێکار ئه‌گه‌ری شه‌ڕ و توند‌و تیژیێکی نوێ له ناوچه‌که ده‌خوازێت
کوشتنی قاسمی سلێمانی و زیندانی کردنی مه‌لا کرێکار ئه‌گه‌ری شه‌ڕ و توند‌و تیژیێکی نوێ له ناوچه‌که ده‌خوازێت
له دوای کوشتنی قاسمی سلێمانی فه‌رمانده‌ی سوپای قودس و گه‌وره‌ترین سه‌رداری ئێرانی له لایه‌ن هێزه چه‌کداره‌کانی ئه‌مریکاوه ئه‌گه‌ری داگرسانی شه‌ڕێکی توند و تیژ له نێوان ئێران و ئه‌مریکای لێ ده‌کرا. هه‌رچه‌ند له ئه‌نجامدا ئێران هێرشی کرده سه‌ر دوو پایه‌گای سه‌ربازی ئه‌مریکا له عێراق و پازده مووشه‌کی ره‌وانه‌ی ئه‌و دوو شوێنه کرد بێ ئه‌وه‌ی چه‌کدارێکی ئه‌مریکی بکوژێت. بۆیه له رواڵه‌تدا کێشه‌که کۆتایی پێ هات بێ ئه‌وه‌ی شه‌ڕێکی قورسی لێ بکه‌وێته‌وه. به‌ڵام ئه‌مه واقیعێکی به‌ڵگه‌نه‌ویست و حه‌تمیه‌و ئه‌مریکاو هێزه‌کانی تریش زۆر باش ده‌زانن که بار‌و دۆخی ناوچه‌که به ته‌بیعه‌تی حاڵ به‌ره‌و توند و تیژی و شیددهتێکی فراوان ده‌ڕوات. دوای نه‌مانی سلێمانی که پله‌یێکی ئێجگار به‌رزی له کۆماری ئیسلامی‌دا بوو رێبه‌ری ئێران زۆر توندتر له جاران درگای وتووێژی له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا داخست. هه‌ر که‌س ئاگه‌داری ناوچه‌که‌و بار‌و دۆخه سیاسیه‌کانی بێت زۆر باش ده‌زانێت که سیاسه‌تی ئێران له‌و وڵاتانه‌دا که ئه‌مریکا پایه‌گای سه‌ربازی هه‌یه وه‌کوو عێراق، لوبنان، سووریا، ئه‌فغانستان، یه‌مه‌ن و ... سیاسه‌تێکی روونه که بریتیه له دروست کردنی گوشار و تێنێکی زۆر له سه‌ر رۆژئاوا. ئێران بۆ گه‌یشتن به‌م ئامانجه که‌ڵک له هێزه ده‌ستنیشانده یاریده‌ده‌ره‌کانی خۆی وه‌ک جیهادی ئیسلامی، حیزبوڵڵا، حه‌شدی شه‌عبی، ئه‌نساروڵڵا، فاتمیون، زه‌ینه‌بییون و ... وه‌ر ده‌گرێت و کردوونی به نوێڵی تینه‌که. ئه‌گه‌ر چی زۆرترین ژماره‌ی هێزه کوژراوه‌کانی ئه‌مریکا له سه‌ره‌تای هێرشیان بۆ سه‌ر عیراق بۆ سێگۆشه سوننیهکه ده‌گه‌رێته‌وه به‌ڵام دیاره به‌رده‌وام واشینگتۆن و پینتاگۆن ئێران به تاوانباری سه‌ره‌کی ده‌زانن و تۆمه‌تباری ده‌که‌ن. بۆیه له دوای کوشتنی سلێمانیش ترامپ وتی: ئه‌م که‌سه ده‌ستی له کوشتنی سه‌دان سه‌ربازی ئه‌مریکیدا بووه. لێره‌دا بابه‌تێکی ئێجگار گرنگ ئه‌وه‌یه که ئه‌توانین بڵێین ئه‌مه ئه‌مریکا بوو که تۆڵهیێکی سه‌خت و توندی له ئێران سه‌نده‌وه‌و به جارێک له خوێنی ئه‌و هه‌موو سه‌ربازه‌دا که له ٢٠٠٣وه له عێراق کوژراون یه‌که‌م که‌سایه‌تی سه‌ربازی ئێرانی له ناو برد. ئێرانیش هه‌ڵوێستێکی زیره‌کانه‌ی گرته به‌ر؛ له لایێکه‌وه هێرشی کرده سه‌ر ئه‌مریکاو له لایێکی تریشه‌وه دۆخی ناوچه‌که‌ی به‌ره‌و لایێک برد که شه‌ڕی به‌رانبه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا نه‌کات. به‌ڵام پێویسته ئه‌وه باش بزانرێت که ته‌نها پلانی ئێران ئه‌مه نیه، به‌ڵکو بێگومان ئێران به‌رنامه‌و پلانی نوێی بۆ داهاتوو هه‌یه. ئه‌مه‌ش له‌و وتانه‌ی رێبه‌ری ئێران – وه‌کوو که‌سایه‌تی یه‌که‌می ئه‌و وڵاته- به تایبه‌ت قسه نوێکانی ده‌ر ده‌که‌وێت که به‌رده‌وام جه‌خت له‌وه ده‌کاته‌وه که پێویسته ئه‌مریکا ناوچه‌که جێ بهێڵێت و چۆڵی بکات! ئه‌مه روونی ده‌کاته‌وه که ئێران بۆ گه‌یشتن به‌م ئامانجه به‌رنامه‌ی داڕشتووه یان دای ده‌ڕێژێت. له لایێکی تریشه‌وه ئه‌گه‌ر چی عێراق خۆی بۆ سێ به‌ش دابه‌ش کراوه به‌ڵام دیار و روونه که گه‌وره‌ترین هاوپه‌یمانی ئه‌مریکا له عێرقدا کورده‌کانن. کورستانی عێراق شوێنێکی پڕ ئه‌من و ئه‌مانه بۆ هێزه ئه‌مریکیه‌کان و چه‌کدارانی ئه‌و وڵاته به ئاسایش و هێمنیه‌وه له هه‌رێمی کوردستان هات و چۆ ده‌که‌ن بێ ئه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌و خهتهرێکیان له سه‌ر بێت. هه‌روه‌ها گه‌وره‌ترین کونسووڵخانه‌ی ئه‌مریکا له ناوچه‌دا له هه‌ولێر دروست ئه‌کرێت و چه‌نده‌ها زانکۆی ئه‌مریکایی له هه‌رێم ئیش ده‌کات. گرنگی رۆڵی هه‌رێمی کوردستان به تایبه‌ت له دوای دانیشتنه‌که‌ی ترامپ و نێچیرڤان بارزانی زیاتر له جاران خۆی ده‌ر خستووه. له لایێکیشهوه خودی ئه‌مریکا دانی به‌وه‌دا ناوه که هه‌رێمی کوردستان شوێنێکی جێمتمانهو ئه‌منه بۆ ئه‌وان و هێزی دژ به‌وانی لێ نیه‌و ده‌یانه‌وێت هێزی سه‌ربازی زۆرتری بۆ ببه‌ن. چاوپێکه‌وتنه‌که‌ی ترامپ و بارزانی په‌یامێکی گرنگی تریشی له‌گه‌ڵ بوو؛ په‌یامێک بۆ ئێران و عێراق که ده‌رکردنی هێزه چه‌کداره‌کانی ئه‌مریکا له عێراق ده‌بێته هۆی به فه‌رمی ناسینی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردستان! ئه‌وه‌ی جه‌خت له گرنگی ئه‌م په‌یامه ده‌کاته‌وه ئه‌وه‌یه که ترامپ له داووس ته‌نها له‌گه‌ڵ ژماره‌یێکی که‌م له سیاسه‌تمه‌دارانی وڵاتان دانیشتنی کرد که یه‌کێک له‌وانه بارزانی بوو. ده‌ر کردنی ئه‌م جۆره بڕیارانه‌ش (واته راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی کوردی) له لایه‌ن ترامپه‌وه شتێکی نائاسایی نییه‌و ئه‌مه بۆ هه‌موو جیهان ده‌ر که‌وتووه. نموونه‌ی روونی ئه‌م بڕایارانه‌ی ترامپ ناساندنی به‌یتولمه‌قدیس به پایته‌ختی ئیسرائیله که چه‌ندین سه‌رۆکی ئه‌مریکا له ماوه‌ی ده‌یان ساڵا نه‌یانتوانیبوو جێبه‌جێی بکه‌ن. جا لێره‌دا خاڵێکی گرنگ ئه‌مه‌یه که ئێران نه‌وه‌ک له به‌رنامه‌یێکی دوو سێ مانگه‌دا به‌ڵکوو له پرۆژه‌و پلانێکی دوور و درێژدا هه‌وڵ ده‌دات تۆڵه له ئه‌مریکا بسێنێته‌وه. جا به‌شێک له‌م تۆڵه‌یه له عێراق ده‌بێت و به‌شێکیش له عێراق کوردستانه!
له لایێکی تره‌وه هه‌موو رۆژئاوا له ئه‌مریکاوه تا نه‌رویج و ئیتالیا‌و وڵاتانی تری ناتۆ هه‌موو هێزو تینی خۆی به کار هێناوه بۆ ده‌ر کردن و زیندانی کردنی مه‌لا کرێکار له ئه‌ورووپاو نه‌رویج. لای هه‌مووان روونه که مه‌لا کرێکار له ساڵی ٢٠٠٤ه‌وه ده‌یان جار دادگایی کراوه‌و گه‌وره‌ترین دادگاکانی ئه‌ورووپا حوکمیان به‌وه داوه که مه‌لا کرێکار تیرۆریست نییه‌و کاری تیرۆریستانه‌یشی نه‌کردووه. له ماوه‌ی ٢٠٠٤ تا ئێستادا ده‌زگای موخابه‌راتی ده وڵاتی ئه‌ورووپی ته‌حقیقیان له‌گه‌ڵ کردووه‌و بێگومان ئه‌گه‌ر شتێکیان بۆ بسهلمێنرایێ حوکمیان ده‌داو لێی نه‌ده‌گه‌ڕان. له‌م لاشه‌وه حیزبه کوردیه‌کانی هه‌رێمی کورستان وه‌کوو کێشه‌یێکی کۆن له‌گه‌ڵ مه‌لا کرێکار به‌رده‌وام هه‌وڵی زیندانی کردنی ئه‌ویان داوه. چۆنیه‌تی و چه‌ندێتی و هۆی کێشه‌ی ئه‌مان و مه‌لا کرێکار شتێکه که ته‌نها لای ئه‌وانه روونه که له نزیکه‌وه موماره‌سه‌ی کێشه‌که‌یان کردووه‌و ئاگاداری قهزیهکهن. ئه‌م خاڵه‌یش روون و به‌ڵگه‌نه‌ویست و ئاشکرایه که مه‌لا کرێکار وه‌کوو یه‌کێک له گه‌وره‌ترین رێبه‌رانی ئایینی کورد له دوای ئازاد بوونی له زیندان که هاوکات بوو له‌گه‌ڵ دروست بوونی داعش هه‌رگیز به‌و کۆمه‌ڵه گه‌نجه‌ی لایه‌نگری خۆی که هه‌زاران که‌سن رێگه‌ی نه‌دا بچنه ناو ته‌نزیمی داعش و ئیشیان له‌گه‌ڵ بکه‌ن. مه‌لا کرێکار له ئاستی خۆیه‌وه رۆڵێکی ئێجگار کاریگه‌ری بوو له رێگرتن له هێرشی خۆکوژی له ئه‌ورووپا. مه‌لا کرێکار ئاشکراو راشکاو فه‌توای به حه‌رام بوونی ئه‌م جۆره کارانه داوه‌و کوشتنی خه‌ڵکی مه‌ده‌نی و تیرۆر کردنی رێبه‌رانی ئه‌ورووپایی به تاوان پێناسه کردووه. مه‌لا کرێکار له‌م چه‌ند ساڵه‌دا توانیویه‌تی هه‌زاران که‌س له گه‌نجانی رۆژهه‌ڵات و باشووری کوردستان له ئه‌نجامی توند‌و تیژی و کاری بێ حیکمه‌ت مه‌نع کات و له لایه‌ن خۆیه‌وه رێگه‌یان پێ نه‌دات. له لایێکی تریشه‌وه نه‌یهێشتووه که‌سانێکی تر که‌ڵکی خراپ له بار‌و دۆخه‌که وه‌ر بگرن و لایه‌نگرانی ئه‌و به‌ره‌و توند‌و تیژی راکێشن. به‌ڵام روون و ئاشکرایه که ده‌س به‌سه‌ر کردنی دووباره‌ی مه‌لا کرێکار جگه له نه‌مانی خودی ئه‌و ئه‌م ئه‌گه‌ره‌یشی دروست کردووه که که‌سانێک ببنه جێگری که لایه‌نگره زۆره‌کانی مه‌لا کرێکار به‌ره‌و توند‌و تیژی و رادیکاڵیسم ئاراسته بکه‌ن. جێی ئاماژه‌یه که لایه‌نگرانی مه‌لا کرێکار به شاراوه‌یی له هه‌رێمی کوردستان و وڵاتانی ئێران و عێراق و سووریا‌و تورکیا‌و ئه‌ورووپا ده‌ژین. زۆربه‌یان که‌سایه‌تی خاوه‌ن پله‌ی ئیسلامین و هه‌یانه دوکتۆر و مامۆستای زانکۆن. له نه‌بوونی مه‌لا کرێکاردا ئه‌م ئه‌گه‌ره ده‌ڕوات که وڵاتانی ناوچه به تایبه‌ت ئێران له‌گه‌ڵ ئه‌م لایه‌نگرانه‌دا پێوه‌ندیێکی ناڕاسته‌وخۆ ساز بکات و له رێگای که‌سانێکه‌وه چه‌ک بداته ده‌ستیان و به به‌هانه‌ی حه‌ق ساندنهوهو تۆڵه‌ی رێبه‌ره‌که‌یان که بێ به‌ڵگه‌یێکی روون ١٢ ساڵ زیندان به سه‌ریا سه‌پێندراوه دژی ئه‌مریکاو ئه‌ورووپا یان خود هاوپه‌یمانه‌کانیان بیانجووڵێنێت، بێ ئه‌وه‌ی خودی ئه‌م لایه‌نگرانه بزانن که له ئه‌سڵدا ئه‌مه ئێران بووه که ئه‌م چه‌ک و هێزه‌ی خستووه‌ته به‌ر ده‌ستی ئه‌وان! ئه‌مه تیۆریێکه که روودانی له واقیعدا زۆر نزیکتره له روو نه‌دانی. چۆنکه ئێستا وڵاتێکی وه‌ک ئێران له هه‌موو لایه‌نێکه‌وه له ژێر تین و فشاردایه‌و هه‌موو رێگایه‌کیش ده‌پێوێت بۆ لابردنی ئه‌م فشاره و وه‌ر گرتنی هێزی زیاتر. ئه‌م بار‌و دۆخه له واقیعدا پێشکه‌ش کردنی زه‌مینه‌یێکی به‌رفراوانه به ئێران که له رێگای که‌سانێک یان حیزب و گرووپانێک که‌ڵک له‌و هه‌موو لایه‌نگره‌ی مه‌لا کرێکار بۆ ئه‌نجامی کاری توند و تیژ وه‌ر بگرێت. چۆنکه ئیتر خودی مه‌لا کرێکاریش نیه که له رێگای وتار و فه‌تواو ده‌نگه‌وه ببێته به‌ربه‌ست و ئاراسته‌یان بکات و رێگه‌ی ئه‌م جۆره کارانه‌یان پێ نه‌دات. بۆیه پێویسته رێبه‌رانی ئه‌ورووپاو ناتۆ‌و حیزبه کوردیه‌کانیش که به‌رده‌وام به دوای زیندان و ده‌ر کردن و له ناو بردنی مه‌لا کرێکاردان باش بزانن که ئه‌م کێشه هه‌ر وا کۆتایی پێ نایێت و ئه‌م ئه‌گه‌ره پڕ مه‌ترسیه ده‌ڕوات که له نه‌مانی خودی مه‌لا کرێکاردا کۆمه‌ڵه ره‌فتار و بڕیار و هه‌ڵوێستێک بگیرێته به‌ر که زه‌ره‌ری گه‌وره بگه‌یێنێته قازانجه‌کانی ئه‌مریکاو ئه‌ورووپا یان خود له‌گه‌ڵ مه‌ترسی گه‌وره رووبه‌ڕووی بکاته‌وه. چۆنکه دیاره له‌م ساڵانه‌دا لایه‌نگرانی مه‌لا کرێکار له هیچ ته‌نزیم و گرووپێکدا چالاکیان نه‌کردووه‌و ناسینیان ئێجگار ئه‌سته‌مه. ئه‌وه‌ش که به‌رنامه‌یان چیه‌و ده‌یانه‌وێت له داهاتوودا چی بکه‌ن نادیاره. بۆیه ئه‌مه خه‌ته‌رێکی گه‌وره‌یه بۆ هه‌موو ئه‌ورووپا و ناتۆ که وڵاتی نه‌رویجیش یه‌کێک له وڵاتهکانیهتی، له سه‌ر هه‌مووشیانه‌وه ئه‌مریکا که داڕێژه‌ری هه‌موو به‌رنامه‌کانه.
پشتیوان هه‌ورامی، توێژه‌ری سیاسی
|