زەرورەتی بوونی مامۆستا کرێکار...
بەشی یەکەم
ئامەد کامەران
بوونی مامۆستا کرێکار(خوای گەورە ئازادی کات) زەروورەتێکی واقیعی زۆر ڕوونە. پێشتر لە ژێرناوی(ئایا پەیامی مامۆستا کرێکار دەوەستێت یان بەردەوامە؟!) سێ مەشروعی گەورەی مامۆستا کرێکارمان باسکرد(لە کۆتایدا لینکی باسەکە دادەنێین)، کە بە دابڕانی ئەو ڕۆشتنەپێشەوەی هێواش بۆتەوە بەڵام بەردەوامە.
مامۆستا کرێکار کەسایەتییەکی گشتگیر و بێوێنەی هەیە، دووژمنەکانیشی ناتوانن نکۆڵی لەو ڕاستییە بکەن؛ بە جارێک زانای شەرع و موفەکیری ئیسلامی و نوسەر و شاعیر و سیاسەتمەدارێکی زۆر گەورەیە. لە هەمان کاتدا پێکەوە ئاراستەی شەرعی و فیکری و سیاسی و کۆمەڵایەتی میللەتی کوردی خۆی کردووە، جیا لەوەی کە لە ئاستی وڵاتانی تریشدا ئاراستە سیاسیەکانی لەپێشچاو گیراون.
لە دوای هەر ڕووداوێکی خوازراوو نەخوازراوی سیاسی و سەربازیدا، مامۆستا کرێکار شیکارییەکانی بۆ ئەو ڕووداوە بووەتە جێی بایەخی دۆست و دووژمنی دەرەکی و ناوخۆیی. تەنانەت هەمووجارێک بە چاوی خۆمان ئەوە دەبینین کە ئەگەر مامۆستا کرێکار لە زیندانیش بێت، شیکارییە کۆنەکانی دەهێنرێتەوە پێشەوە وەکو ئەوەی کە نوێبێت!
ئەو مەیدانە مەترسیدارەی مامۆستا کرێکار بە درێژایی زیاتر لە ٤۰ ساڵە خۆی تێئاڵاندووە، هیچ کەسایەتییەک نەیتوانیوە یان نەیویستووە بێتە ئەو مەیدانەوە -بەو شێوەی ئاشکرا و سابتەی مامۆستا-. لامان ڕوونە کە لەسەر سووکایەتی بە ئیسلام و پیرۆزییەکانی ئیسلام وسووتاندنی قورئان و بەرگریکردنی ئاشکرا لە هەموو موسوڵمانانی موستەزعەف و موجاهید و...هتد، ئەو هەموو باجەی بە سووکایەتی و ناوزڕان و ٦۳جار دادگایی و زیندانی بە ناحەقەی بینیوە. لە کاتێکدا زۆر بە دەگمەن نەبێت هیچ لایەنێک بگرە هیچ کەسێکیش نەیتوانیوە بە ئاشکرا بەرگری لێبکات، بەڵام ئەو ئامادە بووە لەسەر حسابی بەرژەوەندی و ژیان و ئەمانی خۆی و خێزان و منداڵ و نزیکانی، باج بدات لە پێناو بەرچاوڕوونکردنی خەڵکی خۆی، لە پێناو وێڵ نەبوونی موسوڵمانان، هەمسا بوون بە شاهید، بەو شاهیدییەی کە بەردەوام لە پێش وتار و دەرسەکانی بە درێژایی تەمەنی بانگەوازیی وتوویەتییەوە«رَبَّنَا آمَنَّا بِمَا أَنْزَلْتَ وَاتَّبَعْنَا الرَّسُولَ فَاكْتُبْنَا مَعَ الشَّاهِدِينَ» آل عمران ٥۳. واتە: خوایە بڕوامان هێناوە بەو بەرنامەیەی داتبەزاندووە و شوێنی پێغەمبەرەکەت کەوتووین، دەسا لە ڕیزی ئەوانە بمانژمێرە دەبنە شاهید بەسەر خەڵکییەوە بە ڕوونکردنەوەی بەرنامەکەت. شاهید بوون بەوەی کە مادام ڕێبازی بانگەوازی دینەکەی خوای هەڵبژاردووە، نابێت لەسەر حسابی پارێزراوی خۆی، سڵ لە گەیاندنی هیچ بەشێکی دینەکە بکاتەوە، جا تاغوتان پێیان خۆشبێت یان ناخۆش. وەنەبێت تەنها تاغوتانی یەکێتی و پارتی لەڕوویدا وەستابنەوە! ئەدی حوکمی ۱٥ ساڵ زیندانی لە ئوردن و ۱۲ ساڵ زیندانی لە ئیتالیا بەبێ دادگا و بە حەتاڵ و بەتاڵ چی؟ هەواڵگری(مخابرات)ی ۱۰ وڵات شەوو ڕۆژ بەسەر سەریەوە بوون چی؟ هەواڵگری وڵاتێک بەسە بۆ لەناوبردنی هەر کەسێکی وەکو مامۆستا، بەڵام دیارە خوای گەورە هێشتوویەتییەوە بۆ ئەرکێک کە تاوەکو ئەدای نەکات بێگومان کەس ناتوانێت بێتە سەر ڕێی، کە ئەداشی کرد ئەرکی تەواو دەبێت و بوونی زەروری نامێنێ، وەکو کە پێغەمبەران علیهم السلام هەر وابوون.
کاریگەری ئاینی: مامۆستا کرێکار پێش هەر بوارێک، لە بواری زانستی شەرعیدا کاری کردووە، لە زەمانێکەوە کە لە وڵاتی پاکستان مامۆستا زانکۆ بووە و قوتابی دکتۆرا بووە، تا دەگات بە مانگی ۷ی ۲۰۱۹، کە دەنگی لە خەڵکی بڕاوە بە هۆی زیندانی کردنییەوە. بەڵام زانای ناو کتێبەکان نەبووە، بەڵکو واقیعیانە و سات بە سات بەپێی شەرع، بەبێ شەرم و سڵکردنەوە ئاراستەی موسوڵمانانی کردووە، بە بوونی سەدان و هەزاران تۆماری دەنگی، لەگەڵ دەیان کتێبدا کە نوسیونی، جگە لە دامەزراندنی گشتیگرترین و گەورەترین زانکۆی دیراساتی زانستە شەرعییەکان بە شێوەی ئۆنلاین لەناو کورددا، بە ناوی زانکۆی ئازادی دیراساتی ئیسلامی(زادی) یەوە.
ئاراستەی کۆمەڵایەتی: جگە لە وتارە جیاوازەکان لە بوارە گشتییەکانی شەرعدا، وەکو مەلایەکی گەورە و بەتەمەن، خاوەن ئەزموون و دونیا دیدە، لەگەڵ کێشە کۆمەڵایەتییەکانی خەڵکەکەیدا بووە، هەر ڕۆڵیک کە مەلایەکی خەمخۆر دەیگێڕێت لەو بوارەدا، مامۆستا کرێکار پێی هەستاوە بە پێی توانای خۆی ئەدای بەرپرسیارێتی خۆی کردووە.
ئاراستەی سیاسی: هەر وەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا، ئەوەی مامۆستا کرێکار لەم مەیدانەدا کردوویەتی، مەگەر هەر خوای گەورە پاداشتی بداتەوە، ئەقڵێکی موسڵمانانە، غیرەتێک وەکو پیاوچاکان و موجاهیدان، دڵسۆزییەک وەکو باوک.
ئاراستەی پەروەردەکارانە: بە کتێبگەلی جیاواز و وتارانێکی زۆر و بێوێنە، زیاد لە ٤۰ ساڵە! بێ وچان و ئاوڕدانەوە لە دواوە..! سەیرە، بەڕاستی بەبێ دەمارگیری عاتفیانە و بەوپەڕی دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین مامۆستا کرێکار نموونەیەکی بەرزە، جێی چاولێکەری و لێوەفێربوونە. ئەوەی دیراسەی ژیانی ئەو پیاوە بکات دەبینێت لە ژیانیدا چەن جار کارەکانی لەبەرهەڵوەشاوەتەوە، تەنانەت خەڵکێک بەداخەوە لێی دەکەن بە خاڵی لاواز، کە گوایە مامۆستا کرێکار کاری پێنابرێتە سەر! چونکە بینیویانە کە کارێکی باشی ئەنجامداوە، بەڵام بە ناچاری بۆ پارە کۆکردنەوە یان تازەکردنەوەی ڤیزاکەی لە وڵاتی نەرویج، لە کاتی بروتنەوەی ئیسلامیدا دەچویەوە دەرەوەی کوردستان، کە دەگەڕایەوە خەڵکێکی تر دەبوون بە خاوەنی پڕۆژەکە، یان لەبەریەک هەڵدەوەشایەوە. یانیش لەم ساڵانەی دواییدا، کە دوژمنانی زانیان شتێکی وا هەیە، دوای دەستبردنە هەر کارێک دەستگیریان دەکرد و کارەکانیان ئیلغادەکردنەوە لە فەراغی خۆیدا. بەڵام مامۆستا کرێکار بە پشودرێژییەکی بانگەوازکاری سەر ڕێچکەی پێغەمبەران، سەلەنوێ هەر دەستیپێکردۆتەوە! ئیرادەی بەهێزی ئەو لە شاخ ئەچێت، پشودرێژی ئەو لە هی پێغەمبەران و پیاوچاکی ئوممەت دەچێت. بۆیەش سەدان و قوتابی لە پاکستان و لە کوردستانی باشوور و ڕۆژهەڵات پێگەیاند، لە نزیکەوە یان لە دوورەوە. پەروەردەی ئەو تەنیا لە سووچی مزگەوتەکاندا نەبوو، خیتابی ئەو لە هی سەرکردەکان دەچێت، کون و قوژبنی وڵات دەتەنێت، منداڵ و گەورە ژن و پیاو پێی پەروەردە دەبن، چونکە ئەوەی ئەو بانگەوازی بۆ دەکات ئیسلامە، ئیسلامیش بۆ کۆمەڵە کەسێک نییە بە تەنها.
دەپرسین ئایا کە مامۆستا کرێکار نەبێت(بە زیندان بێت یان مردن)، ئەو مەیدانە کێ پڕی دەکاتەوە؟ ئایا پڕۆژەی ئیسلامی هاوچەرخ لە کوردستان هەر ئاوا بە مەنگی دەمێنێتەوە تا زیاتر بۆگەن دەکات؟ ئەگەر پڕۆژەکانی مامۆستا کرێکار بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە کە لە کتێبی(ئێمە کێین؟)دا خستوویەتییە بەردەست، چی دەبێت؟ وەڵامەکان بە کراوەیی بەجێ دەهێڵین.
پێشتر زۆر لە بارەی شکستی پڕۆژەی ئیسلامی لە باشووری کوردستان وتراوە، زیاد لە هەرکەسێکیش مامۆستا کرێکار لەسەری دواوە، هەندێک بەڕاست و هەندێک بە هەڵەیان خستۆتەوە. بەڵام پرسیارێکی تر دەخەینەوە بەر دیدی خوێنەران، ئایا بۆچی کۆمەڵە ئیسلامییەکان بوێری ئەوەتان نییە لەسەر باردودۆخە هەستیارەکان بدوێن؟ خەڵکی ئێوەی کردووە بە دەمڕاست و هەڵی بژاردوون(جا حیزبەکان بێت یان مەدخەلی و هاوشێوەکانیان)، بەڵام چەن بوونەتە مایەی وەڵامی پرسیارە ئاڵۆزەکانی خەڵکی خۆتان؟ کە ئێوە شیکاری سیاسیتان پێناکرێت بە ئاشکرا و بێ سڵکردنەوەی، بۆ بوون بە شۆڕەسواری ئەو مەیدانە؟ ئەگەر دینەکەی خواتان بە ئاشکرا پێ بەیان ناکرێت و بەرەی خۆتان لە کافر و عەلمانییەکانی کوردستان پێ جیاناکرێتەوە و خەڵکیتان بەدرێژایی زیاد لە ۲٥ ساڵ بۆ تێنەگەیەنراوە لە کوفری بەرامبەرەکانمان، بۆ بوون بە شۆڕەسواری ئەم مەیدانە؟ وەڵامەکەی بە کراوەیی بەجێدەهێڵین.
خوا ویستی لەسەربێت، لە بەشی داهاتوو لەسەر پڕۆژەی نوێی ئیسلامی و پلانی نەهێشتنی مامۆستا کرێکار دەدوێین، چاوەڕوان بن.
ئایا پەیامی مامۆستا کرێکار دەوەستێ، یان بەردەوامە!؟
https://dorbeen.co/detailnews.aspx?jimare=241&babet=4
|