کۆمەڵکاری

پێشەواکەی من مەعسوومە...!؟

پێشەواکەی من مەعسوومە...!

ئامەد کامەران
لە ئێستادا زیاتر لە هەرکات پێویستمان بە کەسانێکە کە ببنە شوانی ئەم گەلەمان، تا دیندارانە ئاراستەمان بـکەن بۆ گەیشتن بەو ئامانجانەی لەسەری کۆکین، ئەو ئامانجانەی کە ئەرکی دیندارانەی هەموومانە کە پێی هەستین و لەسەر کۆلکە هاوبەشەکانمان ڕێك بکەوین. پێشەوایەتی لەم سەردەمەدا زۆر ئەستەمتر بووە وەك لە پێشووتردا، ئێستا ئێمە لە قۆناغی ژێرچەپۆکەیی و بێدەسەڵاتیداین، بێدەسەڵاتتر لە هەموو کاتێك، وە هیچ گەل و ئوممەتێك نەبووە لە مێژوودا کە بووبن بە خاوەنی کیانی خۆیان، بەبێ ئەوەی کەسێك پێشەوا و ئاراستەکەریان بێت، هەروەها هیچ پێشەوایەك ناتوانێت خەڵکەکەی ئاراستە بکات بۆ ئەوەی کە ئەیانەوێت پێی بگەن تا ئەو کەسانەی لە ژێردەستیدان -لە خێردا- بە قسەی نەکەن، ئەو سەرکردە و پێشەوایە چەند پیاوچاك و لێهاتووبێت، چەند شیاوبێت بۆ ئەو ئەرکەی پێی سپێراوە، چەن زاهید و خواناس بێت، چەن بە پەسەندکردنی خەڵك چووبێتە سەرەوە، ئەگەر ژێردەستەکانی لاسار و ملنەدەر بن لە فەرمانەکانیدا، بە دڵنیاییەوە ناتوانێت هەنگاوێك بیانباتە پێشەوە، ئەگەر سەرکردە گوێی بۆ نەگیرا، ئەوە ناتوانێت هاوسەنگی هێز ڕاگرێت، وەکو چۆن ناشتوانن هەرگیز بەر بە دووبەرەکی و دەستی دەرەکی بگرێت لە نێو شوێنکەوتووەکانیدا.
ئەگەر هاتوو نوخبەی دەوری سەرکردەکان چاویان لە پێگەی سەرۆکەکەیان بوو، ئەوە ناتوانن دڵسۆزبن بۆی، ناشتوانن خەت و باڵ دروست نەکەن و شەونخونی بە داڕوخانی بینای کۆمەڵکاری و دەسەڵات و دەوڵەتەوە نەبینن! وەکو خۆرە بەردەبنە گیانی بەرهەمی ئەو ڕەنج و مەینەتیەی کە بە ماندووبوونی ڕۆژ و بێداری شەوان بیناکراوە، ئەوکاتە بە ئاسانی لە لایەن دووژمنەوە بۆ بەرژەوەندی دەرەکی بەکاردەهێنرێن و بەڵێنی باق و بریقیان پێ دەدرێت لەسەر حسابی شکستی براکانیان، بەبێ ئاگایی خۆیان دەچنە بازنەی پڵانی جێبەجێ کردنی پڕۆژەی دووژمنەوە(وەکو چۆن کۆمەڵ کردی لە بەرامبەر بزووتنەوەی ئیسلامی) ئەوکات لە باتی سەرخستن و پشتیوانی لەیەکتری بەدوای هەلدا وێڵن تا لەیەك بدەن و لەسەر ڕووخانی یەکتر بینای ئارەزووەکانیان بکەن، لە کاتێکدا پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم دەفەرمووێت:(أُنصر اخاك ظالما أو مظلوما) براکەت سەربخە ئەگەر ستەمی کرد، یان ستەمی لێ کرا! ئەگەر ستەمی کرد دەستی بگرە و مەهێڵە. ئەمە دڵسۆزیەکی تۆکمەیە کە لە برایەتی دینی و وەلاء و بەڕاء و عەقیدەوە سەرچاوەی گرتووە.
پێویستە بزانین کە بۆچی ئەو ناکۆکی و ڕاجیایی و خەت و باڵانە دروست دەبن تا بتوانین نەهێڵین تێماندا گەشە بکەن، ئەوەی من دەمەوێت ئاماژەی پێ بکەم تەنها یەك هۆکار لەوانەیە! چونکە بە زەقی بەدی دەکرێت لە ناوماندا.
ئەویش لە دوو کات(قۆناغ)دا:
یەکەم:پێش دروستبوونی کۆمەڵکاری:
کە لەم کاتەدا بەدوای پێشەوایەکدا دەگەڕێین کە لەم زەمانی فیتنەیەدا شایەنی پێدانی بەیعەت بێت، پێشەوایەك کە دینمان بپارێزێت، بەڵام کە ئەمانەوێت سەرکردەیەکی وا بدۆزینەوە، زۆر سەیر پێوەرەکانمان دیاری کردووە بۆ شیاوبوونی ئەو! هەندێکمان بێ ئەوە بە خۆمان بزانین دەمانەوێت ئەو کەسە وەکو ئێمە بیربکاتەوە و هەمان ڕای ئێمەی هەبێت و هەمان قسەی دڵی ئێمە بکات و هەمان لێکدانەوەی بۆ واقیع هەبێت! بەڵام ئایا ئەمە پێوەرە؟ لە دوای پێغەمبەری خوا صلی اللە علیە وسلم ئەبو بەکر و عومەر پێشەوا و سەرکردە بوون، سەردەمی ئاوەدانی و بانگەواز و فتوحات و بێ کێشەیی بوو، بەڵام لە سەردەمی خەلافەتی عوسمانی کوڕی عەففان و عەلی کوڕی ئەبو تالیبدا خوا لە هەموویان ڕازیبێت کێشە و دووبەرەکی و ئاژاوە زۆربوو! ڕەنگە بپرسین بۆ وابوو؟! لەبەر ئەوەی ئەبو بەکر و عومەر کەسانی وەک عوسمان و عەلی لەژێردەستیاندابوون، کە لە هەموو حەقێکدا بەکەمترین لاساریش لە فەرمانی پێشەواکانیان لایان نەدەدا(با هەمان بۆچوونیشیان نەبووبێت). بەڵام لە زەمانی عوسمان و عەلیدا یاوەران کەمتر ببوون و خەڵکانێك هەبوون نەیاندەتوانی یان نەیاندەزانی و هەندێك نەیاندەویست بەو شێوە دروستە کارەکان ڕاپەڕێنن، نموونەش وەکو خەواریج کە بەوپەڕی ناحاڵیبوون و هەڵە ڕەفتاریان لەگەڵ خەلیفەکەیان دەکرد(لەکاتێکدا یەك یاوەریش لە نێو خەواریجەکان نەبوو)، جگە لەوەی کە مونافیقەکان هەموو ئاژاوەیەکیان دروست دەکرد، کەواتە ڕوونە کە پێوەری کەسی و ئەنانیەت هەر لە زەمانی باشترین نەوەی ئوممەتدا گەورەترین گوزری دا لە ڕیزی موسوڵمانان.
ئێمە بەهەڵە وا دەزانین کە دەبێت پێشەواکەمان مەعسووم بێت! چۆن چاوەڕێی ئەوە دەکەین کە هەڵە نەکات؟! مەگەر نابینین چۆن خوای گەورە (تالووت) دەکات بە پێشەوا بەسەر گەلەکەیدا و تەنها دوو پێوەری بۆ دیاری دەکات! وەکو دەفەرمووێت: ﴿وَقَالَ لَهُمْ نَبِيُّهُمْ إِنَّ ٱللَّهَ قَدْ بَعَثَ لَكُمْ طَالُوتَ مَلِكًۭا ۚ قَالُوٓا۟ أَنَّىٰ يَكُونُ لَهُ ٱلْمُلْكُ عَلَيْنَا وَنَحْنُ أَحَقُّ بِٱلْمُلْكِ مِنْهُ وَلَمْ يُؤْتَ سَعَةًۭ مِّنَ ٱلْمَالِ ۚ قَالَ إِنَّ ٱللَّهَ ٱصْطَفَىٰهُ عَلَيْكُمْ وَزَادَهُۥ بَسْطَةًۭ فِى ٱلْعِلْمِ وَٱلْجِسْمِ ۖ وَٱللَّهُ يُؤْتِى مُلْكَهُۥ مَن يَشَآءُ ۚ وَٱللَّهُ وَٰسِعٌ عَلِيمٌۭ﴾ واتە: جا کە ئەوان داوای سەردە و ئەمیرێکی جەنگیان کرد، پەیامبەرەکەیان پێی گوتن: دەسا دڵنیابن خوا بڕیاری داوە(تالووت) -کە سەربازێکە و لە بنەماڵەی پاشاکان نییە-  پاشا و ئەمیرتان بێت، وەک خۆشتان داوای پاشا و فەرماندەیەکتان کرد، کەچی هەندێکیان وتیان: جا کوا ئەو شایانی ئەم پاشایەتییەیە لەسەر ئێمە؟! واتە: لە بنەماڵەی سەرکردە و پاشاکان نییە، ئێمە خۆمان لەو زۆر بە شیاوتر دەزانین بۆ سەرکردایەتی و فەرماندەیی، جگە لەوەیش ماڵ و سامانێکی وایشی پێ نەدراوە، دیارە پاشا و فەرماندەش بە لای ئەوانەوە دەبێت سەروەتمەند بێت،  پەیامبەرەکەیان وتی: بێگومان خوا ئەو(تالووت)ـەی بۆ هەڵبژاردوون و لەسەری کردونە فەرماندە، وە زانست و زانیارییەکی زۆرو، قەڵافەتێکی بەهێزو، شان و شەوکەتێکی پتر لە ئێوەی داوەتێ، واتە: زۆر ئازا و خاوەن پلانی جەنگە.
(ئیبن کەسیر) دەڵێ: دەبێ فەرماندە ئەم دوو سیفەتەی تێدابێت: یەکەم/ بەو کارە زانا و شارەزا بێت. دووەم/ لەش و قەوارە و جەستەیەکی ڕێك و پێك و داڕێژراوی هەبێ، بۆ ئەوەی خەڵکی ڕێزی لێ بنێن و بەرگەی ناڕەحەتی و تەنگانە بگرێت، خوا بیەوێ موڵك و پاشایەتی بەهەرکەس بدا دەیدا، ئیتر بە ئارەزووی ئێوە نابێت، بەخششی فراوان و بەربڵاوە، لە هەموو شتێك  بە ئاگایە، ئەزانێ کێ شیاوی بەخشینی موڵک و دەسەڵاتە. تەفسیری(خاڵ)یش لەم شوێنەدا دەڵێ: بۆیە خوا (تالووت)ی هەڵبژارد، چوونکە: یەکەم/بە سروشت ئامادە تر بوو بۆ پاشایی، کە ئەمە لە هەموو شت گرنگترە. دووەم/ زاناتر و داناتر بوو لە هەڵسوڕاندنی کاروباری گەل. سێیەم/ جوانتر و بە سەروسیما تر بوو. چوارەم/ یارمەتی خواشی لەگەڵ بوو.
خوای گەورە ئەم گشت هۆیانەی بۆ ڕێکخستبوو بۆ ئەوەی کە دەخلی خۆی تێدا بێت. کەواتە پێویست ناکات وا لەسەر خۆمان قورس بکەین کە وەكو ئەوانی پێشوو لێمان بشێوێت و پێوەرەکەمان قورئانی نەبێت. سەرکردەیەك هەیە بەهێزە و دەستپاکە بەڵام بڵێین: نا ئەمە نابێت ئەمە شەرعزان نییە، یەکێکی تر شەرعزان و دەستپاك و بەهێزە کەچی بڵێین: ئەمە کەی شیاوە بۆ ئەوکارە، خۆ ئەمە لە سیاسەت نازانێت. کەسێکی تر لە سیاسەت دەزانێت بەڵام بڵێین: ئەمە کەس بە قسەی ناکات ئەمەش بە کەڵك نایەت. سبحان اللە! چۆن هەمان هەڵەی گەلانی پێشوو کە خوای گەورە باسی فەرمووە بەناوی نوێوە دوبارە دەکەینەوە، چۆن هەزار فلتەر دادەنێین تا کەسێك بکەین بە سەرکردە و پێشەوامان، وەك بڵێی زەمانی عومەرە(کە هەر والیەك گلەیی لێ بکرایە کەسێکی تری دەخستە جێگەی، چونکە دەوری پڕبوو لە کەسی شیاو)، بەڵام ئێمە لە باروودۆخێکداین کە وەک محمد قوتب دەفەرمووێت: هەرگیز ئەم ئوممەتە ئاوا بەیەکجار لە هەموو لایەکەوە بەرەو نشووستی نەڕۆیشتووە.
ئێمە لە باروودۆخێکی وادا نین کە بڕیاری ئاوا بدەین یان داخوازی ئاوا بکەین و مەرجەکانمان ئەوەندە زۆربن کە خۆمان باش دەزانین کەسی وامان تێدا نییە، لەم زەمانەدا کە مەلاکانیشمان مینبەر و حوجرەکانیان سانسۆری لەسەرە و ناهێڵن بەو شێوەیەی کە ئیسلام داوای کردووە خەڵک پێ بگەیەنن! کەواتە پێویستە زۆر باش ئەوە بزانین کە ئێمە ناتوانین سەرکردەیەك بدۆزینەوە کە وەکو ئێمە بێت لە بیرکردنەوە و هەڵوێست و بڕیاریدا! وەكو چۆن ناشتوانین سەرکردەیەکمان هەبێت کە مەعسوم و بێهەڵە بێت، بەهەمان شێوە ناتوانین سەرکردەیەك بدۆزینەوە کە شارەزای هەموو شتێك بێت.
ڕەنگە بپرسین کە بەدیلی ئەو بۆشاییانە چییە کە هەر سەرکردەیەك دروستی دەکات، مادام بڕیارە سەرکردەکان مەعسووم نەبن، کە مادام ناتوانن لە هەموو شتێك شارەزا بن و بڕیاری دروستی لەبارەوە بدەن، تا نەهێڵین ببێتە خاڵی لاوازی دوڵەت و کۆمەڵکاری و دەسەڵاتمان؟ بێگومان پێوەری قورئانی بۆ بڕیاردان مادام ئەوە نیە سەرکردەکان بە پێغەمبەرانیشەوە خۆیان کامڵ بن، بۆیە بڕیاریش نییە هەر خۆیان هەموو شتێك یەکلایی بکەنەوە، بەڵام لەبەرامبەر ئەوەدا ئەهلی ڕاوێژ(شوورا) هەیە کە کەسانێکن لە ئاستێکی باڵای مەعریفی و لە خزمەتی سەرکردەکاندان تا بەردەوام ڕاوێژیان پێ بکات بۆ هەر کارێك کە بڕیارە بکرێت. وەکو خوای گەورە دەفەرمووێت: ﴿فَبِمَا رَحْمَةٍۢ مِّنَ ٱللَّهِ لِنتَ لَهُمْ ۖ وَلَوْ كُنتَ فَظًّا غَلِيظَ ٱلْقَلْبِ لَٱنفَضُّوا۟ مِنْ حَوْلِكَ ۖ فَٱعْفُ عَنْهُمْ وَٱسْتَغْفِرْ لَهُمْ وَشَاوِرْهُمْ فِى ٱلْأَمْرِ ۖ فَإِذَا عَزَمْتَ فَتَوَكَّلْ عَلَى ٱللَّهِ ۚ إِنَّ ٱللَّهَ يُحِبُّ ٱلْمُتَوَكِّلِينَ﴾ واتە: بەهۆی ڕەحمەت و بەزەیی و میهرەبانی خواوەیە، تۆ ئەی پێغەمبەر! صلی اللە علیە وسلم ئەوەندە نەرم و نیان بووی لەگەڵیان، سەرەڕای ئەو هەموو سەرپێچی و نافەرمانیانەی لە ئوحوددا کردیان، خۆ ئەگەر کەسێکی توڕە و قسە ڕەق و دڵ ڕەق بووبای دەوروبەریان چۆڵ دەکردی و لێت دووردەکەوتنەوە. دەسا تۆ ئازار و هەڵەکانیان ببەخشەو، لە خوایش داوای لێخۆشبوونیان بۆ بکە، تا لە هەڵە و تاوانەکانیان ببوورێ، وە لە تەواوی کارە ستراتیژیەکانیشدا پرس و ڕاو مەشۆرەت و ڕاوێژیان پێ بکە. ئەو ئایەتە(وشاورهم في الامر) بناغە و مەشوەرەت و ڕاوێژە لە نێوان فەرماندە(ئەمیر) و ئەهلی حەلل و عەقددا.[ڕامان ـ ئالی عیمران ۱٥۹].
دووەم:
لەکاتی هەبوونی کۆمەڵکاری و دەسەڵات و دەوڵەتدا:
لەم کاتەشدا پێویستە زۆر باش ئەوەمان لە پێش چاوبێت کە ئێمە هەین و دوژمنانیش هەن، سەرکردەکانی ئێمەش لە خودی خۆیاندا کە مرۆڤن ناتوانن هەڵە نەکەن، مەرجیش نییە بەرهەمی هەموو شوورایەك سەرکەوتن بێت. لە ئایەتی پێشوو خوای گەورە ئاماژە بەوە دەدات کە ئەی پێغەمبەر(صلی اللە علیە وسلم) ڕاستە بە شوورا لە مەدینە هاتنە دەرەوە بۆ شەڕی ئوحود و کەچی توشی شکستی سەربازیش هاتن، بەڵام دووعای خێر بۆ خەتا باران بکە و بەردەوامیش شوورایان پێ بکەرەوە و نەکەیت لە کاردانەوەدا بە تەنها بڕیار بدەیت.
کەواتە گرنگە لە پێش چاومان بێت کە سەرکردەکانمان هەڵە دەکەن بەڵام هەڵە لەوە گەورەتر نییە لەبەر ئەوەی کە سەرکردەو پێشەوایەك بڕیارێکی دا پێچەوانەی بۆچوونی من بوو(هەتا ئەگەر من لەسەر ڕاستیش بم)، من بکەومە دووبەرەکی دروست کردن، نابێت دووبەرەکی بخەمە نێو ڕیزی موسوڵمانانەوە بەوەی کە گەورەتری بکەم لەوەی هەیە، چونکە دووبەرەکی زۆر جار هەڵەیەکی گەورەترە لەوەی کە کراوە، مادام سەرکردەکەمان ستەمی نەکردووە بە بەشێك لە ژیانی خۆی و بەردەوام بێت لەسەری.

3129 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2019-08-31
زۆرترین خوێندراو
Dorbeen
        

Copyright. All Rights Reserved.

Dorbeen

ئێمە

ئێمه‌ی موسوڵمان كه‌ ئێستا ره‌وتێكی نوێی ئیسلامیی كوردستانیین؛ باوه‌ڕمان وایه‌ كه‌ ئیسلام دینی ئوممه‌تێكه‌، به‌بزاڤێكی شیاو جاهیلییه‌ت ده‌گۆڕێت، تا خواپه‌رستی و دادپه‌روه‌ردی له‌دارولئیسلامێكدا بچه‌سپێت.