بوختانی ئیسلامیانە
بوختانی ئیسلامیانە
نوسینێكی (ھیوا محەممەد) لەسەر كتێبە نوێیەكەم !
لە پێگەی دوربین، (dorbeen.co)، نوسینێك لەژێر سەردێڕی (بزووتنەوەی ئیسلامی لەبەردەم ونبوونی مێژووەكەیدا)، بە ناوی (ھیوا محەممەد) ناوێكەوە بڵاوبۆتەوە.
نوسینەكە، سەرەتا شینە بۆ ونبوونی مێژووی بزووتنەوە و ئیسلامییەكان و دواتریش بە ڕستەیەك، خۆرە دەدات لە بزووتنەوە و ئەڵێ پاش جیابوونەوەی كۆمەڵ لاواز بوو و كاریگەریی نەما.
نوسینەكە، دەمارگیرییە و كتێبەكە بە نازانستیانە و زۆر لاواز دەناسێنێت و دەڵێ: (لە ئەلبوم دەچێ، بێ ئاگایە، لاوازە، نازانستییە، زۆر ناشرین وەك عەلمانییەكان ناوی مامۆستا كرێكار دەبات بە مەلا كرێكار) و چەند بوختان و ناوزڕاندنێكی تر.
جارێ ئەگەر مەبەستت پاراستنی مێژووە، ئەم كتێبە ھەنگاوە و دەبوو دەستخۆشییت بكردایە، نەك بەو زمانەی كە زیاتر بەخشینەوەی بوختانە، بە تایبەت ئەوەی كە بە ناشرینی باسی (م. كرێكار)م كردبێت، ڕاستت نەكردووە و ئەگەر كتێبەكەت خوێندبێتەوە دەتزانی كە چەندین جار ناوی (م. كرێكار)م ھێناوە و ھەمویشیان بە (م.كرێكار) نوسیوە نەك (مەلا كرێكار) كە دەڵێیت زۆر بە ناشرینی وەك عەمانییەكان ناوت بردووە.
ئاخر كاكە ھیوا، تۆ ھێندە دڵسۆزی بۆ ئیسلام و ئیسلامییەكان و مێژووی بزووتنەوە، بۆ پێش ئەم كتێبە وتارێكت نەنوسی؟ بۆ ئێستە خەبەرت دەبێتەوە؟ بۆ ڕێگریی دەكەیت ئەم كتێبە ببێتە سەرەتای ھەنگاوێكی ئەرێنیی بۆ نوسینەوەی مێژوومان؟ بۆ بوختان دەكەی خۆ موسڵمانی؟
بزووتنەوە و مێژووی ئیسلامییەكانی كوردستان دەبێت ئێمە بینوسینەوە كە تا ئێستاش شانازیی دەكەین بە ئیسلامبوون و بزووتنەوەبوونی خۆمانەوە و ھەر بزووتنەوەین و لە ناڕەحەتیدا جێمان نەھێشت، نەك كەسانێك لەسەر جێگەی نەرم و بە دیار چراخانی سیتییە ناسكەكانی ئەسكەندەناڤیاوە ببنە دەمڕاست و خەمخۆر.
بەڕێز! ئەم كتێبە ھەموو مێژوو نییە، یەكەم كتێب نییە، دوا كتێبیش نابێت، لەسەر مێژووی ئیسلامییەكانی ھەرێمی كورستان و بە تایبەت بزووتنەوە، ئەگەر كتێبەكە بخوێنیتەوە دەزانیت كتێبێكی دیكۆمێنتاریی و بەڵگەیی و یادەوەرییە و یەك ئەلفی درۆ نییە، دەی ھیچیش نەبێت خۆ توانی بیری تۆ و سەدان ڕۆشنبیر و سیاسیی و كادر بخاتەوە كە خەریكە مێژووەكەمان لەناو دەچێت.
دەرگای خوێندنەوە و ڕەخنە و تێبینیی و گفتوگۆی چڕم واڵا كردووە لەسەر ئەم كتێبە و دەیان تێبینی و تێل و بابەتم بۆ ھاتووە و زۆر شانازییشە كە ھەزاران وتاری ڕەخنەیی لەسەر بنوسرێت بەس بەخوا بوختان و ناوزڕاندن و سوكوسەلیم سەیركردنی زۆر عەیب و بێتامە!
ئاری عەبدولەتیف
٢٠١٩/٨/٢٤
|