بیروڕا

ئەوەی بەرامبەر نەوەی نوێ دەکرێت چییە؟!

نووسینی: شوان سلێمانی
نەوەی نوێ وەک ھێزێکی سیاسی ئۆپۆزیسۆن دەوری خۆی دەگێڕێ لە ساحەی کوردستان، پێشتر گۆڕان وەک سەریکیترین ھێزی ئۆپۆزیسۆن دەرکەوت و دەوری خۆی تەواو کرد، بە مردنی نەوشیروان موستەفا گۆڕان کۆتای بە ھێزی ئۆپۆزیسۆن ھێنا، لە ئێستادا کوردستان چەند ھێزێک خۆی وەک ئۆپۆزیسۆن نیشان ئەدات وەک(یەکگرتوی ئیسلامی، کۆمەڵی ئیسلامی، نەوەی نوێ) بەڵام لەناو ئەمانەدا بەتەنھا ئەوەی تەنگی بەم دوو حیزبە ھەڵچنیوە واتە : دوو حیزبی دەسەڵات (یەکێتی و پارتی) نەوەی نوێ یە، لەم دوایەدا چەند لێدوانێکی شاسوار عەبدول واحید کە جووت حیزبی بنەماڵە زۆر پێی بێتاقەت بوون دەنگۆی زۆری لەناو جەماوەرەکەدا دروستکرد بەتایبەت کە موژدەی ھەڵواسینی پێدان لە بەردەرکی سەراو قەڵای ھەولێر، ھەرچەند لێدوانەکانی نەوەی نوێ تەنھا قسەیەکە و ھیچ، چونکە ئەم جۆرە قسانە بە کەسانێک دەکرێت بە کرداری کە خاوەن ھێزی سەربازی بن وەک ئەوەی کە پارتی و یەکێتی ھەیانە، بەڵام قسەکان بۆ جەماوەرەکە جێی دڵ خۆشی بوو، چونکە خەڵکی کوردستانی باشور چوار ساڵە لە بێ مەعاشی و بێ پارەیدا تەواو بێ حەوسەڵە بوون، بۆیە ھەر قسەیەک بەم جووت حیزبە بوترێت خەڵکی سوکنای دڵی دێت، بۆیە لەم سەروبەندەدا من پێم وایە ئەوەی ئێستا بەرامبەر نەوەی نوێ دەکرێ کە سەراپا بریتیەلە سیناریۆ ھەمان کار پێشتر بە ئیسلامیەکان کراوە، چونکە لە دوای راپەڕینەوە واتە ساڵی ١٩٩١ کە ئەم جووتە حیزبە ھاتنە سەر حوکم، تەنھا ھێزێک کە بەرھەڵستی دەکردن ئیسلامیەکان بوون، ئەگەر خوێنەر زاکیرەو بیری خۆی بھێنێتەوە دواوە دەبینێ کە چی کراوە بەرامبەر ئیسلامیەکان لە کوشتن و سجن کردن و راوەدوونان و ئەشکەنجەدان و پاشان دروستکردنی سیناریۆی ئەخلاقی و جاسوسی، ئەمانە بەدرێژای ٢٨ ساڵە بەرامبەر ئیسلامی دەکرێ، سەردەشت عوسمان کە کەس و کاری خۆیان دەڵێن کەسێکی دیندار نەبووە بەڵام پارتی بە تۆمەتی تیرۆرستی و دەستێکەڵکردن لەگەڵ ئیسلامیەکان کوشتیان، شێخ زاناشیان بەھەمان سیناریۆ لەناوبرد، بە دوری نازانم کە بڵێن شاسوار عبدول واحید و نەوەی نوێ لینکیان لەگەڵ داعش ھەیە، چونکە بۆ ئەوەی کەسێک بفەوتێنن باشترین شت بۆیان تۆمەتی ئیسلامی کردنە پاڵ کەسەکان، ھەرکەس یان ھەر حیزب و کۆمەڵێک لەم کوردستانە دژی ئەم جووت بنەماڵەیە بێت چاوەڕێ بکات کە بەدەیان شێوە ھەوڵی لەناو بردنیان بدەن.
ئیسلامیەکان لە ئێستادا ناتوانن بەرامبەر ئەم جووت بنەماڵەیە بوەستنەوە چونکە بێ چەکن وە ناشتوانن چەک ھەڵبگرن لەبەرئەوەی ئەمریکای داگیرکەر لە عێراقدا بونی ھەیە، ئەمە بێجگە لەو دژایەتیە نێودەوڵەتیانەی جیھانی رۆژ ئاوا کەھەیانە بەرامبەر پرۆژەی ئیسلامی و ئیسلامیەکان، حیزبێکی وەک ئیخوان موسلیمین کە بێچەکە و بەرێگای دیموکراسی ھاتە سەرحوکم و بە کودەتای سەربازیش لایانبرد کەچی ھەربێدەنگی ھەڵبژارد، سەرەڕای ئەمەش ئەوەتا ئەمریکا لێی قبوڵ ناکات و بڕیاری داوە کە بیخاتە خانەی تیرۆرەوە، لەبەر ئەوە ئەوەی بەرامبەر جووت حیزب بووە ستێتەوەو بتوانێ لەناویان بەرێت بەتەنھا بە ئیسلامیەکان دەکرێ بەو ئیسلامیانەی کە دەتوانن وەک ئەوان ھێزی سەربازیان ھەبێ، بەڵام بونی ئەمە لە ئێستادا وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا زەحمەتەو ناکرێ دەبێ ئیسلامیەکان ھەوڵبدەن لە ئێستادا زەمینەی فیکریەکە دابڕێژنەوەو ئامادەباشی بکەن لە ڕوی فیکریەوە وە چاوەڕی ئەو دەرفەتە بکەن کە دەتوانن ھێزو وزەیان پێکبھێنەوە لە داھاتوودا، ئەوەی بەرامبەر نەوەی نوێ دەکرێ ئەو شەقاوەیەتیەی پارتی و یەکێتیە کە ناھێڵن جگە لە خۆیان ھیچ کەس و ھیچ حیزبێک بونی ھەبێت، نەدەبوو ئیسلامیەکان و بزوتنەوەی گۆڕان بەرامبەر ئەم سیناریۆیانە بێدەنگ بن چونکە ئەوەی بەرامبەر نەوەی نوێ دەکرێ ھەمان شت بە رامبەر گۆڕان و ئیسلامیەکانیش کراوەو دەشکرێ لە داھاتودا، من ھیچ ئومێدێکم بە نەوەی نوێ نیە کە بتوانێ ئەم جووت حیزبە ڕاماڵێ بەڵام وەک لە سەرەتاوە وتم کە بونی لە نەبون باشترە، ئێستا بۆ حیزبێکی وەک نەوەی نوێ کە ئیسلامی نیە، سیناریۆی ئەخلاقیان بۆ دروستدەکەن، لە کاتێکدا ئەوەی ئەخلاق بێ لەم جووت حیزبەدا نیە!
لە کۆتایدا پێم وایە نەوەی نوێ قوربانی ئەو سیستەمە خێڵەکی و شەقاوەتیەیە کە لەکوردستاندا حوکم دەکات…
2602 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2019-05-17
Dorbeen
        

Copyright. All Rights Reserved.

Dorbeen

ئێمە

ئێمه‌ی موسوڵمان كه‌ ئێستا ره‌وتێكی نوێی ئیسلامیی كوردستانیین؛ باوه‌ڕمان وایه‌ كه‌ ئیسلام دینی ئوممه‌تێكه‌، به‌بزاڤێكی شیاو جاهیلییه‌ت ده‌گۆڕێت، تا خواپه‌رستی و دادپه‌روه‌ردی له‌دارولئیسلامێكدا بچه‌سپێت.